"ئامانجی هێرشەکانی تورکیا ئەوەیە گەلێک نەبێ بە ناوی کوردەوە"

چالاکوانان و ئازادیخوازان ناڕەزایەتیان دژی هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی، چالاکوانێکیش دەڵێت: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی گەلی کوردە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بە داگیرساندنی گڵۆپی سەوزی وڵاتانی نێودەوڵەتی و بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی  باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد، دەوڵەتی تورکیا لە ١٩ی تشرینی دووەمدا درەنگانی شەو هێرشی بۆردومانی بۆ سەر هەریەک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، قەندیل، برادۆست و چەندین ناوچەی دیکەی لە باشووری کوردستان و کۆبانێ، دێرک، زرگان، دربەسی و چەندین ناوچەی دیکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە چڕی دەستپێکرد.

 

لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا، لە ڕۆژئاوای کوردستان ١٥ کەس، تیایدا ڕۆژنامەنووسێک شەهید بوون و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون، ژنان لە باشووری کوردستان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و چالاکوانێک بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی گەلی کوردە.

 

"حکومەتی هەرێم بێدەنگە لە ئاست هێرشەکانی تورکیا و ئێراندا"

فەوزیە عەبدولکەریم، چالاکوان و ئەندامی دایکانی ئاشتی لەچک سپی، لە سەرەتادا ئیدانەی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان دەستی بە هێرشکردن بە چەکی کیمیایی و تۆپبارانکردنی چڕ کردووە، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی چەندین کەسی مەدەنی و شەڕڤانی ئازاد، تورکیا زۆر نامرۆڤانە هێرشدەکات، بەڵام هیچ ڕێکخراوێکی پاراستنی مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە زلهێزەکان و تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نایەنە دەنگ لەسەر ئەم هێرشانەی تورکیا.

 

دەربارەی ئەو وڵاتانەی بانگەشەی دیموکراسی دەکەن، بەڵام خۆیان گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرشەکانی تورکیا هەڵکردووە، فەوزیە عەبدولکەریم دەڵێت: لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە خۆیان بە دیموکرات دەزانن، بەڵام هیچ هەڵوێستێکیان نییە بەرامبەر ئەم هێرشانە، ئێمەش بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت و ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین، بە تایبەت کە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا تورکیا هێرشی کردووەتە سەر کوردستان، تیایدا ١٥ کەس شەهید بوون و چەندین کەسیش بریندار بوون.

 

"تورکیا ماف بە ڕەوا نازانێت بەرامبەر گەلی کورد"

فەوزیە عەبدولکەریم، ئەوەشی خستەڕوو، کە تورکیا بە بیانووی ئەوەی لە ئەستەنبول تەقینەوە بووە و دەستی کوردی تێدا بووە، ئەم هێرشانەی وەک تۆڵەکردنەوە بەکاردێنێت، "تورکیا بە هیچ شێوەیەک ماف بە ڕەوا نازانێت بەرامبەر گەلی کورد، لەلایەکی ترەوە ڕژێمی ئێران دەستی کردووە بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێمت کوردستان، چونکە ماوەی دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە دژی ئەو پێشیلکاریەی کە دەیکات بەرامبەر بە گەلەکەی، ئێمەش پاڵپشتیان دەکەین و پێیان دەڵێین خۆڕاگر بن".

 

دەشڵێت: پێویستە کورد و گەلانی جیهان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەم هێرشانە کە ڕژێمی ئێران دەیکاتە سەر خۆپیشاندەران و ناوچەکانی کوردستان، ئێمە ناڕەزایەتی دەردەبڕین دژی ئەو هێرشانە و قبوڵی ناکەین چیتر سەروەری خاکی کوردستان ببەزێنن، چونکە نەک تەنها خەڵکی مەدەنی شەهید دەبن، بەڵکو سروشتی کوردستان و ئاو هەواکەی و باخی هاوڵاتیان تێکدەچێت و دەسووتێت.

 

"تورکیا و ئێران هەمیشە لە هەوڵی قڕکردنی گەلی کوردان" 

فەوزیە عەبدولکەریم وتیشی: تورکیا و ئێران گەلی کوردیان پێ قبوڵ نییە و هەمیشە لە هەوڵی لە ناوبردنی گەلی کوردان، ئەوان هەرێمی کوردستان و خۆسەرێتی ڕۆژئاوایان پێ قبوڵ نییە، بۆیە دەیانەوێت شتێک نەبێت بە ناوی مافی کورد و گەلی کوردەوە، ئەمە جینۆسایدێکە دژ بە گەلی کورد ئەگەر بە خۆمانی بزانین، دەبێت گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەتی ژنان هەڵوێستیان هەبێت دژی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە ڕژێمەکان دەیکەنە سەر ناوچەکانی کوردستان و داوای مافی خۆمان بکەین و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، چونکە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە ژن دەستیپێکرد دژی کوشتی ژینا ئەمینی و تا ئێستا ئەو شۆڕشە بەردەوامە.