کەمی ڤیتامین D کاریگەری لەسەر تەندروستی ژنان دەکات

٪٨٠ی ژنان لە ئێران بەدەست کەمی ڤیتامین D دەناڵێنن، کە سەرچاوە سەرەکییەکەی تیشکی خۆر و بەهۆی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێوە جەستەی ژنان ناتوانێت هەڵی بمژێت.

سروشا ئامین

 

ناوەندی هەواڵ- ڤیتامین D یەکێکە لەو ڤیتامینە سەرەتاییانەی کە پێویستن بۆ بنیادنانی جەستەی مرۆڤ، ئەو ڤیتامینە بەهۆی کارلێکێکی کیمیاییەوە دروست دەبێت، کە بەندە بە تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆرەوە و لە ئەنجامی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی خۆر مادەیەکی کیمیایی لە پێستدا دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی چالاکی ڤیتامین کالسیفیرۆل لە چینەکانی سەرەوەی پێستدا.

 

جیاواز لە ڤیتامینەکانی تر، ڤیتامین D لە خۆراکەوە دەست ناکەوێت، چونکە خۆراکەکان بە شێوەیەکی سروشتی بڕێکی کەم ڤیتامین D لەخۆدەگرن، هەندێک گۆشت و ماسی چەور ئەو ڤیتامینەیان پێکدێت، ئەوانیش سەلەمون و سەردین  و چەند جۆرێکی کەمی دیکەن.

 

تیشکی خۆر و بەرکەوتنی بۆ ماوەی لانیکەم ٢٠ خولەک ڕۆژانە لەگەڵ جەستەدا،  پێویستی ڕۆژانەی جەستە بۆ ڤیتامینەکە دابین دەکات، بە مەرجێک ٤٠٪ی پێست بەر تیشکی خۆر بکەوێت، شایەنی باسە کە هۆکارەکانی وەک شوێنی جوگرافی، وەرز ، تەمەن، ڕەنگی پێست و بەکارهێنانی دژەخۆر کاریگەری لەسەر بڕی ڤیتامین D هەیە کە پێست بەرهەمی دەهێنێت، بۆ نمونە پێستی ڕەش کەمتر تیشکی خۆر هەڵدەمژێت و ڤیتامین D بەرهەم دێنێت.

 

هۆکارەکانی کەمی ڤیتامین D و نەخۆشیەکان

کەمی ڤیتامین D لەنێوان ٪٣٠-٥٠ی دانیشتووانی جیهاندا باو و ئاساییە، هەرچەندە بڵاوبوونەوەی بەپێی ناوچە جوگرافییەکان و بارودۆخی خۆراکی و کەشوهەوا دەگۆڕێت، بەپێی زانست کەمی ڤیتامین D وەک بەشێک لە نەخۆشی سەیر دەکرێت.

 

٥٥٠-٩٥ی ڤیتامین D  لە لەشدا، لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە وەردەگیرێت، ئەو بڕەی دیکەی لە ڕێگەی تەواوکەرە خۆراکی و دەرمانییەکانەوەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ئێران بە یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان دادەنرێت، کە بە درێژایی ساڵ زۆرترین ڕێژەی تیشکی خۆری هەیە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کەمی ڤیتامین D لە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەدا سەری هەڵداوە، بە تایبەت لە ئێران، کە بە پێی توێژینەوەیەک ٪٨٠ی ژنانی ئێران کەمی ڤیتامین Dیان هەیە، بەتایبەتی دوای وەستانی سوڕی مانگانە.

 

بەپێی توێژینەوەکان کەمی ڤیتامین دی لە ژناندا بە ڕێژەی ٣.٥ هێندە زیاترە بەراورد بە پیاوانی هەمان تەمەنی گەنج و ١.٥ هێندەی پیاوانی سەروو تەمەنی ٤٥ ساڵ، ئەمە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ یاساکانی پەیوەست بە جلوبەرگی ژنان لە ئێران، بەو پێیەی هەڵمژینی تیشکی خۆر سنووردار دەکات، کە دەبێت ٪٤٠ی جەستە ڕۆژانە بەر تیشکی خۆر بکەوێت.

 

هەروەها پیسبوونی هەوا و جلوبەرگ کاریگەری لەسەر ڕێژەی سەدی ڤیتامینی هەڵمژراو هەیە، جگە لەوەش ماڵی زۆرێک لە ئێرانییەکان سێبەریان نییە و لە حاڵەتی پێچەوانەدا تیشکی خۆری پشت شووشە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵمژینی ڤیتامین نییە.

 

جگە لەوەش نەبوونی چالاکی لە دەرەوەی ماڵدا، شێوازی شیرپێدانی منداڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ بەبێ بەکارهێنانی تەواوکەری ڤیتامین، کەم خواردنی بەرهەمە شیرەمەنیەکان و کەمی وەرگرتنی کالیسیۆم دەتوانێت هۆکارەکانی دیکەی کەمی ڤیتامینەکان بن.

 

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ڤیتامین D یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی گەشەی ئێسک، چونکە کەمییەکەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵمژینی کالیسیۆم، دەبێتە هۆی نەرمکردنی ئێسکەکان و ئەگەری تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات، بەمەش ڕێژەیەکی بەرچاو لە هۆکارەکانی توشبوون بە ئێسکە نەرمە لە منداڵان و پووکانەوەی ئێسک لە گەورەکاندا پێکدەهێنێت، هەروەها هۆکارە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بەو پێیەی ڤیتامین D  ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی قەبارەی خوێن و پەستانی خوێندا و کەمییەکەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەهۆی چالاکی ئەنزیمەکانی ڕێنین، ئەنجیۆتەنسین، و ئەلدۆستیرۆن.

 

 

هەروەها کەمی ڤیتامین و کالیسیۆم کاریگەری نەرێنی لەسەر میتابۆلیزمی گلوکۆز هەیە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، ئاڵۆزییەکانی تری کەمی ڤیتامین D بریتین لە قەڵەوی، خەمۆکی، ئازاری ڕیشاڵی ماسولکە، نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە درێژخایەندا.

 

توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کەمی ڤیتامین D پەیوەندی بە حەڤدە جۆری جیاوازی شێرپەنجەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجەی مەمک، پرۆستات و قۆڵۆن، نەخۆشی بەرگری خۆکار، جەڵتەی مێشک، کەموکوڕی لەدایک بوون و نەخۆشی پووک.

 

هەر لەبەر ئەمەشە پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە مەترسی کەمی ڤیتامین دییان لەسەرە، قەرەبووی کەمی ڤیتامین D بکەنەوە، ئەم کەسانە منداڵن، بەساڵاچووان، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەن کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا نامێننەوە، یان تیشکی خۆریان ڕاستەوخۆ بەرنامەکەوێت بەهۆی جلوبەرگەوە.