"تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دەسەڵاتداری و پیاوسالارییە"
دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەگەڕێتەوە بۆ ترسی دەوڵەتە زلهێزەکان و هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالان.
شیرین ساڵح
سلێمانی- ٢٥ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێدەپەڕێت، کە بە شێوەیەکی نایاسایی بە پلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا، تەنانەت گۆشەگیریان لەسەر توندتر کردووەتەوە و ناهێڵن چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیدا بکات، تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، باسی لە دەستگیرکردن و گۆشەگیرییەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان لە چوارچێوەی کۆتایی پێهێنانی تێکۆشانی مێژوویی گەلی کورد بوو.
"زیندانیکردنی ڕیبەر ئۆجالان بۆ کۆتایی هێنانە بە بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد"
تارا حسێن ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتانی زلهێز بە پلانگێڕییەک ڕێبەری گەلی کوردیان دەستگیرکرد بۆ ئەوەی کۆتاییبهێنن بە بزووتنەوەی ئازادی کورد و ئازادی ژن، بۆ ئەوەی دەنگی ئەم جوڵانەوەیە کپ بکەن وەکو هەموو جوڵانەوەکانی تر کە لە مێژووی گەلی کوردا ڕوویداوە، بە تیرۆرکردن و دەستگیرکردن و چەندین پلانی جۆراوجۆر سەرکردەکانیان لەناوبردوون و کۆتاییان بە بزووتنەوەکان هێناوە، پێش دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالانیش پلانی تیرۆرکردنیان بۆ دانابوو، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی کۆتایی پێهێنانی ئەو تێکۆشانە مێژوویە گرنگە بوو، بۆیە تا ئەمڕۆ گۆشەگیریەکان لەسەر ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد و ژنان بەردەوامە.
"ڕیبەر ئۆجالان کاری دەکرد بۆ نەهێشتنی سیستمی سەرمایەداری"
تارا حسێن ئەوەشی خستەڕوو، ڕێبەر ئۆجالان لەسەر بنەمایەکی مێژووی، فەلسەفی و گەردوونی خوێندنەوەیەکی قوڵی بۆ پرسی گەلی کورد و ژنان کردووە، سیستمە یەک لە دوایەکەکانی ڕەخنە کردووە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی خۆیدا پرۆژەی چارەسەری پیشانداوە، لە هەموو بوارەکانی سیستمی باوی دەسەڵاتداری، بە پێکەوە گرێدانی وتە و کردار یان ڕەخنە و چارەسەری توانیویەتی ڕێگەچارەسەری ئەو سیستمە پیشان بدات، هەر بۆیە وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هزر و ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئۆجالانیان بە مەترسی بۆ سەر خۆیان و سیستمەکەیان زانیوە، ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان کردویەتی هەنگاوێک بووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری، بۆیە ئەو وڵاتانەی سیستمی سەرمایەداری بەرێوە دەبەن بەشێک بوون لە پلانگێڕیەکە.
وتیشی: ڕێبەر ئۆجالان لەپێناو پرسی ئازادی ژنان تەواوی ئەو سیستمەی هەڵوەشاندەوە، بە گرێدانی گوتە و کردار دەرفەتێکی خوڵقاند، کە زەبرێکی گەورەیدا لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزگەرای خێڵەكی، لە بەرامبەر ئەمەدا دەبینین شۆڕشێکی ژنانی بەرپا کرد، بۆیە لە مێژووی ئەو ١٠ ساڵەی ڕابردوودا ئەو ژنانەی کە بە ئامانج گیران و ڕووبەڕووی گەورەترین تیرۆرست بوونەوە کە داعش بوو، بۆ ئەوەی ژن بە جەوهەر و مێژووی خۆی بناسن و ببن بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان.
"ئازاد نەکردنی ڕێبەر ئۆجالان دواخستنی پرۆسەی ئاشتیە"
تارا حسێن ڕوونی کردەوە، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩وە تائێستا پلانگێڕییەکان بەردەوامە بە تایبەتی لە کەسایەتی ژندا، بۆیە شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەرخەری ئەو پلانگێڕیەیە کە لە باشووری کوردستان دەکرێت، هەروەها شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی شۆڕشی ژنی لە دەرەوە نیشاندا، ئەمەش لە کەسایەتی ژنی ئازاددا پێمان دەڵێن کە پلانگێڕیەکان بەردەوامە، گۆشەگیرییەکان دەکرێت بە فیزیکی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بێت، بەڵام لەڕووی ژیانەوە کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر گەلی کورد و ئازادایخوازانی جیهان.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تەنها تورکیا نییە کە گۆشەگیری خستووەتەسەر ڕێبەر ئۆجالان، بەڵکو هەموو ئەو دەوڵوتانەشە کە بەیەکەوە بەرژەوەندیەکیان هەیە و پرۆژەکانی ڕێبەر ئۆجالان بە مەترسی لەسەر خۆیان دەبینن، ئازاد نەکردنی ڕێبەر ئۆجالان دواخستنی پرۆسەی ئاشتیە و چارەسەکردنی پرسی گەلی کوردە، هەروەها بۆ ئەوەی هێرش و داگیرکاریەکانیان لەسەر کوردستان بەردەوام بێت، بۆیە لە کاتێکدا ڕەوشی تورکیا لە ئێستادا ناجێگیرە، بەڵام ئەو هەر بەردەوامە لە هێرشەکانی.
" کۆمەڵکوژیەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕێبەر ئۆجالان لە ناو گەلەکەیدا"
تارا حسێن جەختی کردەوە، کاریگەری نەبوونی ڕێبەر ئۆجالان لە ناو گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلی کورددا ئەوەی دروستکردووە کە تا ئێستا کۆمەڵکوژیەکان بەردەوام بێت و چارەسەرییەکان بەلاڕێدا ببرێت، لێدان لە ڕێبەر ئۆجالان لێدانە لە خەتی ئازادی و تێکۆشانی ژنان، جێگەی خۆشحاڵییە لە کاتی بەردەوامبوونی پلانگێڕیەکاندا پوچەڵکردنەوەشیان بەردەوامە، هەرچەندە هێرشەکان بۆ سەر کورد و ژنانی ئازادیخوازان و ڕۆژانە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت بەرامبەر شەڕڤانان لە شاخ، بەڵام ژنی ئازاد خاوەنی هێزی پاراستنی خۆیەتی، ئەمە لە مێژووی گەلی کورد و ناوچەکەدا بوونی نەبووە.
هەروەها وتیشی: ژنی کورد ئەمڕۆ پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و خاوەنی پارتی خۆیەتی، لە ناو ئەنجومەنە خۆبەڕێوبەرییەکان و لە بواری دبلۆماسی و هاوسەرۆکایەتیدا تێکۆشان دەکەن، ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنە بەرامبەر نەیارانی کورد، ژنی کورد بە جۆرێک خاوەنداری لە ڕێبەرەکەی کردووە کە ئەگەر پلانگێڕییەکانی بە تەواوی پوچەڵ نەکردبێتەوە، توانیویەتی لەسەر پێ بمێنیتەوە و ڕووبەڕووی ببێتەوە.
"دەبێت ژنان لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام بن لە خەبات"
تارا حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتانی زلهێز سیستمی سەرمایەداری بەڕێوەدەبەن، کە خۆی لەسەر بنەمای قۆرغکردنی ئابووری، دەسەڵاتداری ناوەندگەری و مەرکەزیەت بەڕێوە دەبات، بۆیە ڕێبەر ئۆجالان هاتووە سحری ئەم دەسەڵاتداریەی ئاشکرا کردووە و شکستی پێهێناوە، ڕێکخراوەکانی مرۆڤیش وەکو کارتێکن بەدەست ئەو وڵاتانەوە، بۆیە بێدەنگن لەسەر ئەم دۆخەی ڕێبەر ئۆجالان.
لە کۆتاییدا وتی: هەوڵدان بۆ ناسینی ڕێبەر ئۆجالان گەورەترین خاوەندارییە بۆ گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان، هەر کەسێک هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بناسێت، دەزانێت کە هەمیشە هەوڵیداوە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتی، وەک چۆن دوژمنان ڕێبەر ئۆجالانیان ناسیوە و زانیویانە کە هزری ئەو مەترسیە بۆ سەریان، دەبێت گەلی کوردیش بیناسێت و لەسەر ڕێبازی ئەو درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدات تا ڕێبەر ئۆجالانیش هەست بکات کە هەرچەندە بە جەستە ئازاد نییە، بەڵام بە هزر ئازادە.