"تورکیا ترسی لە شۆڕش و ئیرادەی ژنان هەیە"

تورکیا تەنها بە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر کوردستان نەوەستاوە، بەڵکو لە وڵاتانیش بەردەوامە لە شەهید کردنی ئازادیخوازانی کورد، سنور ڕەحمان دەڵێت: دەبێت ژنی کورد هەڵوێست بنوێنێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە ٢٣ی کانوونی یەکەمدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دووەمین کۆمەڵکوژی کوردان ئەنجامدرا و تیایدا ٣ کەس شەهید بوون، یەکێک لەو شەهیدانە ئامینە کارایە کە نزیکەی ٣٠ ساڵە لەناو خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد دایە، ئەمەش کورد و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی هێنایە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان دەنوێنن.

 

"دووبارە کۆمەڵکوژی لەسەر پێشەنگانی کورد ئەنجامدرا"

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، باسی لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس کرد و وتی: ئێوارەی ٢٣ی کانوونی یەکەم هەواڵێکی دڵ تەزێن لە پاریس گەشت بە هەموو تاکێکی کورد، لە شاری شۆڕشەکان سەردەمی مرۆڤایەتی، کە هەمیشە شوێنی شۆڕشگێڕان بووە، دووبارە کۆمەڵکوژیەک لەسەر پۆلێک لە پێشەنگانی کورد ئەنجارمدا، کە بەداخەوە شەهید و برینداری لێکەوتەوە، لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەی پاریسی ساڵی ٢٠١٣ ڕوویدا و تیایدا ساکینە جانسز و هاوڕێکانی شەهید کران."

 

"کۆمەڵکوژییەکە دەچێتە قاڵبی پلانێکی سیاسیەوە"

سنور ڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەم کۆمەڵکوژییە کە دووبارە بووەتەوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، وەک دەڵێن کە ئەم کۆمەڵکوژییە پلان بۆ داڕێژراو بووە، هەرچەندە لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە ڕووداوەکە، "بە ڕای من وەکو ڕۆژنامەنووسێک و بە ڕای زۆربەی کورد ئەم کەیسە دەچێتە قاڵبی پلانێکی سیاسیەوە، لە کاتێکدا شاری پاریس وا ناسراوە کە شوێنی ڕەوەندی نەتەوە جیاوازەکان و ڕەهەندی کولتوورە جیاوازەکانە، گەلی کوردیش لەو شارەدا دەیان کۆمەڵەی هونەری و نەتەوەیی هەیە، ڕەوەندی کوردیش وەک ناوەندێکی چاند و کولتوور کاری خۆیان کردووە لەو هەوڵەدا بوون کە لە ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بکەر و بکوژانی تاوانەکە شەرمەزار بکەن".

 

"کۆمەڵکوژی کارێکی تاکە کەسی نییە"

سنور ڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییانەی کە دەکرێن بێگومان پلان بۆ داڕێژراوە و کارێکی تاکەکەسی نییە، وەک پۆلیس باسی دەکات ئەو کەسەی ئەم تاوانەی کردووە ماوەی ١٠ ڕۆژ بووە لە زیندان هاتووەتە دەرەوە و پێشتر تاوانی تری کردووە، مرۆڤێکی ڕەگەزپەرستی توندڕەو بووە، ڕقێکی زۆری بەرامبەر بە پەنابەران و کورد هەبووە، بەڵام ئەوە جێگەی پرسیارە کە بۆچی ئەم تاوانانە تەنها بەرامبەر بە  کورد دەکرێت.

 

وتیشی: وەکو دەزانین دەوڵەتی تورکیا پێشێلکاری زۆر دەکات بۆ سەر خاکی کوردستان بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە دەوڵەتی تورکیا لە خودی ئازادی دەترسێت، وەک دەزانین لە ٢٠١٣دا پرۆسەی ئازادی و ئاشتیخوازی  گەلی کورد بەرەوپێش دەچوو، بۆیە تورکیا زەربەیەکی دا لە گەلی کورد، بۆیە لە ئێستاشدا تورکیا وا دەکات، چونکە دۆزی گەلی کورد بەرەوپێشەوە دەچێت.

 

"نەیارانی کورد دەیانەوێت بەم هێرشانە ئازادیخوازان بترسێنن"

سنور ڕەحمان دەڵێت: بەهۆی نێودەوڵەتی بوونی "ژن، ژیان، ئازادی" کە دروشمی ٤٠ ساڵەی پاشخانی گەلی کوردە، بۆیە ئەم هێرشانە بۆ تێکدانی دۆزی کوردە لە ئەوروپا، دەیانەوێت پێشەنگان و ئازادیخوازانی گەلی کورد بترسێنن بەوەی کە نە لە ئەوروپا نە لە کوردستان شوێنتان نییە و خاکێکتان نییە کە خەباتی تێدا بکەن، فەرەنسا ئەگەر دەیەوێت شکۆی بپارێزێت دەبێت لەسەر ئەم کەیسە بەدواداچوون بکات و وەک کەیسی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بە لاڕێدا نەڕوات، پێویستە دووبارە کەیسی ساکینە جانسز هەڵبداتەوە، چونکە ئەگەر تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییانەی ساڵی ٢٠١٣ ئاشکرا بکرانایە، ئێستا ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەدەبووە و تورکیا ئەو بوێریەی نەدەبوو.

 

"سەرکەوتنی دۆزی کورد بە هەڵوێست وەرگرتنە لەم کەیسانە"

سنور ڕەحمان جەختی کردەوە، کورد دەتوانێت سەرکەتوو بێت لە ئەوروپا و هەر چوارپارچەی کوردستان و دۆزی خۆی بەرەو پێشەوە ببات بە هەڵوێست وەرگرتن لەم کەیسانە، وتی: ساکینە جانسز لە ئەوروپاوە کاری دەکرد بۆ یەکخستنی گەلی کورد و بەرەوپێشچوونی سیاسەتی دیبلۆماسی کورد لە ئەوروپا، دروستکردنی پەیوەندیەکی سیاسی و مێژووی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا، ئەم هەوڵەی ساکینە جانسز بەڕاستی ئەنجامی هەبوو وە ئاشتی لەو ساڵانەدا بەرەو پێشچوو، بێگومان کە داگیرکاری لەوپەڕی قوڵیدایە لە باشوور و ڕۆژئاوای کورستان، ماوەی ٨ مانگە تورکیا بە چڕی هێرش و داگیرکاری دەکات، ئەگەر وڵاتان بەرامبەر بە تورکیا نەوەستن، تورکیاش لە هێرشکردن ناوەستێت و هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەکات، جێگەی قبوڵ نییە کە تاوانێکی لەو شێوەیە بۆ سەر ناوەندێکی کولتووری دەکرێت و پۆلێک لە پێشەنگانی کورد دەکرێنە ئامانج کە ساڵانێکە خەبات بۆ گەلی کورد دەکەن.

 

"میدیا لە باشووری کوردستان چاوەڕوانییەکی باشی لێناکرێت"

سنور ڕەحمان لە باسکردنی میدیادا وتی: بەداخەوە میدیاکان لە باشووری کوردستان چاوەڕوانی باشیان لێناکرێت، چونکە ماوەی ٨ مانگە داگیرکاریی لەسەر ناوچەکانی کوردستان دەکرێت و شەڕڤانی ئازاد شەهید دەکرێت، بەڵام میدیاکانی باشووری کوردستان ئەم بابەتەیان بە گرنگی باس نەکردووە و بێلایەنی خۆیان نیشانداوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت و دۆخی کوردستان بە ئاقارێکی تردا دەبات، دەبێت میدیاکان ئەوە بزانن کە ئەو ڕووداوەی فەرەنسا ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە دۆخی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە.

 

"کۆمەڵکوژییەکان لێدانە لە پێگەی ژن"

سنور ڕەحمان لە کۆتایدا وتی: ڕووداوەکان و کۆمەڵکوژییەکان بەردەوام لێدانە لە پێگەی ژن، لەبەرئەوەی ژن پێشەنگە و خاک و کولتووری خۆی دەپارێزێت، هەربۆیە تورکیا ترسی لە کورد و بەتایبەتی ژنی کورد هەیە، ترسی لە شۆڕشی ژنی کورد و ژنی خاوەن ئیرادە هەیە، چونکە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ژن پێشەنگایەتی دەکات، ئەمە لەپاڵ ئەوەی لێدانە لە دۆزی کورد، لێدانە لە لەو ڕوئیایەی کە جیهان هەیەتی بۆ گەلی کورد، دەبێت ژنیش هەڵوێست بنوێنێت و ئەوە بە تورکیا بڵێن کە چیتر ژنی کورد قبوڵی ناکات هاوزمان و هاوسەنگەرەکەی بکوژرێت، نابێت چاو دابخەین لە ئاست ئەم تاوانانە، بۆ ئەوەی تاوانی گەورەتر ڕوونەدات.