"فیدراڵیزم چیتر شتێکی تازە سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ پاراستنی هەمەجۆریی و ڕێگریکردن لە داڕمان"

مۆدێلی فیدراڵی بوارێکی فراوان دەدات بە هەموو پێکهاتەیەکی ئایینی و کولتووری بۆ ئەوەی بە ئازادی ناسنامەکەی پراکتیزە بکات بەبێ ترس لە ئاسمیلەکردن یان وەدەرنان.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا ـ دوای دەیان ساڵ لە دەسەڵاتی ئەسەد و شکستی حکومەتی ناوەندی، زۆرێک لە دەنگەکان لە شاری سوەیدای سووریا داوای گۆڕانکاری لە فۆرمی حکومەتدا دەکەن بۆ ئەوەی سووریا لەو دۆزەخە ڕزگاری بێت کە لە پێشە، لە ناو ئەم دەنگانەدا لەجین حەمزە، پزیشک و نووسەر  دیارە، کە لە چاوپێکەوتنێکی بوێر و ورددا دیدێکی ڕوون بۆ چارەسەرێک دەخاتەڕوو کە بە دادپەروەرتر و سەقامگیرتری دەزانێت، گواستنەوە بۆ سیستمێکی فیدراڵی یان لامەرکەزی، ئەو سوود لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەردەگرێت وەک مۆدێلێکی ناوخۆیی سەرکەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی هەمەجۆریی و گەرەنتیکردنی مافەکان.

 

لەجین حەمزە، پزیشک و نووسەر وتی: لەم دواییانەدا دەنگەکان لە سوەیدا بەرزبوونەتەوە، داوای جێبەجێکردنی ئەزموونی خۆبەڕێوبەری  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، ئەم پێشنیارە بەرهەمی ئاسانکاری سیاسی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکچوونی بارودۆخەکان و قووڵبوونەوەی هەستکردن بە دوورخستنەوە و پەراوێزخستنە، تا ئەو ڕادەیەی هەندێک هەست دەکەن خودی بوونی خۆیان لە مەترسیدایە.

 

"سیستمی ناوەندی بارگرانییەکی قورسە"

لەجین حەمزە سروشتی ئەو سیستمە مەرکەزییە ڕوون دەکاتەوە کە سووریا بۆ دەیان ساڵە پەیڕەوی لێکردووە، بە یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی دەزانێت وتی: لە سیستەمێکی مەرکەزیدا، هەموو دەسەڵاتێک لە دەستی کۆمەڵەیەکی بچووکی هاوڵاتیاندا چڕ دەبێتەوە، زۆرجاریش لە پایتەختدایە. بڕیارەکان لە ناوەنددا دەدرێن، بەسەر پەراوێزەکاندا دەسەپێندرێن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تایبەتمەندییە ناوخۆییەکان یان پێداویستییەکانی ناوچە جیاوازەکان بکرێت، ئەمەش نەک هەر بۆشایی گەشەپێدان دروست دەکات بەڵکو هەستکردن بە وازهێنانیش دروست دەکات.

 

وتیشی: کاتێک شارەکان ڕێگری لە بڕیاردانی خۆیان دەکرێت، ڕۆحی دەستپێشخەرییەکانیان دەکوژرێت، داهێنەری ناوخۆیی لەدەستدەچێت، دەسەڵاتە ناوخۆییەکانیش دەبنە ژێردەستەی تەنها، ناتوانن چارەسەر بەرهەمبهێنن کە بەپێی بارودۆخە تایبەتەکانیان بگونجێت. لە بەرامبەردا ناوەندەکە بارگرانییەکی قورس لە دەرەوەی توانای خۆی هەڵدەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی کارایی حوکمڕانی و کردنەوەی دەرگا بەڕوویدا، گەندەڵی، چ سیاسی و چ ئابووری. ئەنجامەکەی سامانی چڕ و کاریگەری قۆرخکراو و گروپە بێبەشەکانە."

 

"فیدراڵیزم مۆدێلێکی جیهانییە بۆ دادپەروەری و گەشەپێدان"

لەجین حەمزە ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی فیدراڵی دەتوانێت چارەسەرێکی عەقڵانی و کاریگەر پێکبهێنێت وتی: لە جیهاندا زۆر وڵات هەن، هەندێکیان بچووکن وەک بەلجیکا، هەندێکیشیان گەورەن وەک ئەمریکا یان ئیمارات، کە سیستمی فیدراڵییان جێبەجێکردووە کە لەڕێگەیەوە توانیویانە سەقامگیری سیاسی و دابەشکردنی یەکسانی دەسەڵات و سامان بەدەستبهێنن و لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا پلۆرالیزم لە باوەش بگرن.

 

 ڕوونیکردەوە، فیدراڵیزم ڕێگە بە دابەشکردنی دەسەڵات دەدات لە نێوان ناوەند و هەرێمەکاندا، بەجۆرێک هەر شارێک بەڕێوەبردنێکی ناوخۆیی هەبێت کە کاروباری خۆی لە چوارچێوەی سەروەری گشتی دەوڵەتدا بەڕێوەدەبات. ئەمەش لە یەکڕیزی وڵات کەم ناکاتەوە، بەڵکو بەهێزتری دەکات، چونکە فشارەکان لەسەر ناوەند کەم دەکاتەوە و لە ئەگەری هەڵەیەک لە لوتکەی هەرەمەکەدا ڕێگری لە داڕمانی تەواوەتی دەوڵەت دەکات.

 

ڕوونیکردەوە کە ئەم مۆدێلە بوارێکی فراوان دەدات بە هەموو پێکهاتەیەکی ئایینی و کولتووری بۆ ئەوەی بە ئازادی ناسنامەکەی پراکتیزە بکات، بەبێ ترس لە ئاسمیلەکردن یان وەدەرنانی. "کەس شێوازێکی ژیان بەسەر کەسێکی دیکەدا ناسەپێنێت. هەموو کەسێک یەک ناسنامەی سیاسی هاوبەشی هەیە، بەڵام تایبەتمەندی و زمان و بیروباوەڕ و کولتووری خۆی دەپارێزێت."

 

"ئەزموونی ڕۆژئاوا... سەرکەوتنێک لە ژینگەیەکی پشێودا"

لەجین حەمزە ستایشی ئەزمونی خۆبەڕێوبردنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، هاوکات وریا بوو لە هەڵسەنگاندنێکی سیاسی گشتگیر بۆی. "سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی بووەوە، ئەزموونی خۆبەڕێوبردن مۆدێلێکی سەرکەوتووی لە زیاتر لە ئاستێکدا خستەڕوو، بەتایبەتی سەبارەت بە بەهێزکردنی ژنان و ڕێزگرتن لە ناسنامە ناوخۆییەکان".

 

ڕوونیشیکردەوە، ڕێکخستنی سیاسی لەوێ لەسەر بنەمای سیستمی لیژنە دامەزراوە، هەر لیژنەیەک بە هاوسەرۆکی ژن و پیاوێکە، ئەمە تەنها هێمایی نییە، بەڵکو پراکتیکێکی ڕاستەقینەی بەهێزکردنی یەکسانە، بینیمان چۆن ژنان گەیشتوونەتە پۆستی پێشەنگایەتی سیاسی و سەربازی و ئابووری و بوونەتە هاوبەشی ڕاستەقینە لە بڕیاردان.

 

دووپاتیکردەوە کە ئەو ئەزموونە وایکردووە کورد بتوانێت ناسنامەی خۆی دەرببڕێت و بە زمانەکەی بدوێت، دەستی بگات بە سامانە سروشتییەکانی، دوای ئەوەی دەیان ساڵە لێیان بێبەش بووە. هەرکەسێک ئەمڕۆ سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات دەتوانێت جیاوازییە بەرچاوەکە ببینێت، "پێش ساڵی ٢٠١٥ ناوچەیەکی پەراوێزخراو بووە، بەڵام ئەمڕۆ ڕێنێسانسێکی شارستانی و ڕێکخستنی کارگێڕی و هەوڵی ڕاستی بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی ناوخۆیی هەیە".

 

ئایا ئەزموونەکە بۆ سوەیدا گونجاوە؟

ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئەزموونە شایەنی تێڕامان و ڕەنگە ھاوشێوەکردنە، بە مەرجێک بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی سوەیدادا بگونجێت. "ئێمە زۆر بڕگەی هاوبەشمان هەیە، لەوانە پەراوێزخستن، هەڕەشە، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و نەبوونی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە. ڕەنگە زمانەکە جیاواز بێت، بەڵام شێوازی ژیان و کولتووری کۆمەڵایەتی هاوشێوەن".

 

بەڵام هۆشداری دەدات لە کۆپیکردنی کوێرانەی ئەزموونەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "جێبەجێکردنی سیستەمێکی فیدراڵی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ و تێگەیشتنێکی ورد هەیە لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و پێداویستییەکانی و تواناکانی. بەڵام لە هەر کەیسێکدا بژاردەیەکە شایەنی ڕەچاوکردنی ڕاستییە، نەک تەنها بۆ سوەیدا، بەڵکو بۆ هەموو سووریا".

 

"فیدراڵیزم چیتر شتێکی تازەی سیاسی نییە، بەڵکو پاراستنی هەمەجۆرییە"

لەجین حەمزە هۆشداری دەدات لەوەی ئەوەی سەردەمانێک دیکتاتۆرییەکی سیاسی بوو، ئێستا بووەتە تێکەڵەیەکی مەترسیدار لە ستەمی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی، "ئێمە لەبەردەم هەڕەشەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی نەرمداین. مەترسییەکە چیتر تەنها سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە بوون. ئێمە بەهۆی ئایینەکەمانەوە ستەممان لێدەکرێت، و هەڵسوکەوتی زۆرەملێمان بەسەردا دەسەپێنرێت. ڕێگەمان پێنادرێت ناسنامەی تایبەتی خۆمان دەرببڕین".

 

سەرکوتی ڕژێمی پێشووی بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی وەبیر هێنایەوە. وتیشی: رێگری لە هاوڵاتیانی کورد کرا کە ببنە خاوەنی فەرهەنگێکی عەرەبی-کوردی یان ناسنامەی خۆیان ڕابگەیەنن. لە سوەیدا ڕێگە بە ئەندامانی ئەو مەزهەبە نەدرا لە پۆستی سەربازی یان سیاسیدا پێشڕەوی بکەن. ئەمڕۆ دەستدرێژییەک هەیە لەلایەن گروپە ئاینییە توندڕەوەکانەوە کە ستەمێکی سیستماتیکیان پراکتیزە دەکەن. ئێمە لەبەردەم هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆداین بۆ سەر بوونی خۆمان، ژیانمان، و کولتوورەکەمان. بەڵام پێویستییەک بۆ پاراستنی هەمەجۆریی و ڕێگریکردن لە داڕمان.

 

لەجین حەمزە بە لێکچوونێکی ڕوون لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە سیستەمێکمان دەوێت کە ئێمە بەدەر نەکات، بەڵکو ئێمە بگرێتەوە، سیستمێک کە شوێن و کەرامەتی خۆی بە هەر پێکهاتەیەک ببەخشێت.