"باشوری کوردستان بووەتە ناوەندی پلانگێڕی و میت و سیخوڕان"

دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ڕێگەیان داوە سیخوڕان و داگیرکەران لەناو پارێزگاکانی باشوور ئازادانە بسوڕێنەوە و هەوڵی تیرۆرکردنی ئازادیخوازان دەدەن و پاشان تاوانباران لە پارێزگای هەولێر داڵدە دەدرێن و پارێزگاریان لێدەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- سارا ڕەزا ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، دەربارەی دۆخی باشووری کوردستان و داڵدەدانی تاوانباران لە پارێزگای هەولێر و هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی باشوور بۆ داگیرکەران ئاماژەی بەوەدا کە بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان زیاتر چڕ کردووەتەوە، دەستدرێژی دەکاتە سەر ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان، چونکە باشووری کوردستان خاوەن حکومەت و دەسەڵاتێکە کە لە ڕووی سیاسی، بەڕێوەبردن و سەربازییەوە شکستی هێناوە و ڕێگای خۆشکردووە بۆ دەوڵەتی تورکیا کە هێرشەکانیان چڕ بکەنەوە بۆسەر خاکی باشووری کوردستان و چیاکان.

 

"کەسانی ئازادیخواز جێیان نابێتەوە لە باشووری کوردستان"

سارا ڕەزا باسی لەوەکرد کە لە باشووری کوردستان میت و سیخوڕی تورک دەسوڕێنەوە، بۆیە کەسانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز جێیان نابێتەوە، بە جۆرێک هەر کەسێک لەسەر بچوکترین مافی بێتە دەنگ لە زینداندا خۆی دەبینێتەوە، "باشووری کوردستان بووەتە ناوەندی پیلانگێڕی، ڕێگە بە دوژمنان دەدرێت ئازادیخوازان و چیاکان بکەنە ئامانج، دەسەڵاتداران ڕێگە دەدەن دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی بەکاربهێنن، بەڵام لەبەرئەوەی ئیرادەی گەل زۆر لە پیلانەکانی دوژمن بەهێزترە بۆیە گەل لەناوناچێت، هەرکاتێک دەوڵەتی تورکیا لە چیاکان شکست دەهێنێت کەسانی ئازادیخواز دەکاتە ئامانج، لەمساڵدا و لە پاش شەهیدکردنی شوکری سەرحەد هەستان بە شەهیدکردنی ئازادیخوازێکی دیکەی وەک محەمەد زەکی چەلەبی".

 

"داڵدەدانی تۆمەتباران ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەوڵەتی تورکیا"

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی باسی لەوەشکرد، پارێزگای هەولێر بووەتە جێگای میت و سیخوڕان بۆیە خەڵکی باشووری کوردستان پێویستە تێبگات لەوەی باشوور کەوتووەتە بەر مەترسییەکی گەورە لەپای ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی باشوور ئەنجامی دەدەن، "ستاتۆی باشووری کوردستان لە پای ڕشتنی خوێنی چەندین شەهید و ئەنفال و کیمیاباران هاتۆتە بەرهەم بەڵام ئێستا لە سایەی چەند کەسێکی خۆفرۆش، دز و بێ ئیرادە و خاک فرۆش ئامانجیانە باشووری کوردستان ڕادەستی داگیرکەران بكه‌ن و گەنج لەناو ببەن، بەوەشەوە نەوەستاون دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی لە باشوور بە جۆرێک ئەستەم کردووە کە خەڵکی لە بیری ئازادیخوازیدا نەبێت".

 

لە کۆتایدا سارا ڕەزا داوا لە گەلی باشووری کوردستان دەکات هۆشیار ببێتەوە و چیتر دۆخی لەو شێوەیە قبوڵ نەکات هەروەها یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەرامبەر شاری سلێمانیدا بەرپرسیارە لە ئاسایشی شاری سلێمانی و چیتر ڕێگە نەدەن سیخوڕان بە ئازادی هەوڵی تیرۆرکردنی پەنابەران و کورد بدەن.