"ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چۆڵکردنی ناوچە سنووریەکانە"
زوڵفان غەریب باسی لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان کرد و وتیشی: وڵاتی تورکیا بە قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئەمنیدا تێپەڕیوە، دوایین هەڵبژاردنی وڵاتەکەش ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی تورکی ڕازی نیە لە توانای دەسەڵاتداری تورکیا.
بانە ڕۆز
سلێمانی- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام لە هەوڵی قڕکردن و داگیرکردنی خاکی کورداندایە، شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگرێتەبەر و لە ڕێگەی کولتوور و زمان و هونەرەوە بێت، یاخود لە ڕێی هێرش کردن و بۆردوومان کردن و تیرۆرکردنەوە بێت، بە تایبەت لەم دواییانە، لە باشووری کوردستان هێرشی درۆن ڕوو لە زیادبوونە و لە هێرشەکانیشدا هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج، وەک بۆردوومانی خانوویەک لە گوندی گەڵاڵە، لە شەوی ١٣ی نیسان، کە هاوڵاتییەک بە ناوی محەمەد سەعیدی ٣٠ ساڵی دانیشتووی سلێمانی گیانی لەدەستدا، هەر دوای ئەوە، شەوی ١٨ی نیسان، فڕۆکەکانى دەوڵەتى تورک بۆردوومانى سنووری برادۆست و گوندی ناودارۆک لە سنوورەکە کرد و هاوڵاتییەک بە ناوی سەروەر حاجی قادر" گیانی لەدەستدا
لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، زوڵفان غەریب، چالاکوانی ژنان، ڕوونی کردەوە کە یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە ئارامی و ئاسایش نەک تەنها لە سنوورەکاندا، بەڵكو لەو شوێنانەی چڕی دانیشتوانیش زۆرە نەماوە، سەروەری پاراستنی ژیانیان خەریکە بکەوێتە مەترسیەوە، چونکە هێرشەکان هێرشی درۆنن، چالاکوان و هاوڵاتیانی مەدەنیش دەبنەوە بە قوربانی، کاتێک وڵاتی داگیرکەر هێرش دەکات.
"ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکردنە"
زوڵفان غەریب، وتی: گەر باسی درێژایی مێژوو بکەین، وڵاتی تورکیا داگیرکار بووە و بەتەنها بەرامبەر باشووری کوردستانیش نەبووە، بەڵکو بەرامبەر هەر چوار پارچەکەی کوردستانە، تورکیا مافی نیە دەستدرێژی بکاتە سەر ڕۆژئاوایی کوردستان و بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان تاکەکان سەرقاڵ دەکرێن بە جەنگێکی ناڕەواوە، تا بیر لە کیانێکی دەوڵەتی کوردی نەکەنەوە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، پێشێلکاریەکی زۆر کراوە و خاکێکی زۆر لەلایەن وڵاتی تورکیاوە داگیرکراوە هەر جارەی بە بیانوویەک، وڵاتی تورکیا بە قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئەمنیدا تێپەڕێوە، دواین هەڵبژاردنی وڵاتەکەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە کۆمەڵگەی تورکی ڕازی نییە لە تاوانیی دەسەڵاتداتی تورکیا، هەر بۆیە ئەویش پەنا دەباتەبەر سەرقاڵکردنیان بە شێوازێک و لەگەڵ ئەوەشدا بەزاندنی سەروەری خاکی کوردستان بەڕێوە دەبات، بە ئامانجی چۆڵکردن و دەستبەسەردا گرتنی خاکەکەی.
"ڕۆژئاوا لە جیاتی هەموو جیهان ڕووبەڕووی داعش بووەوە"
زوڵفان غەریب، ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، ڕۆژئاوای کوردستان بوونە قوربانی شەڕی داعش و هێرشەکانی تورکیا، بەڵام زۆر مەردانە ژنەکانیان هاتنە دەنگ و مەیدان، وێنەیەکی زۆر جوانیان نیشانی جیهاندا کە پێشبینی نەدەکرا، ئەو وتەیەش هەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە دەڵێت "ڕۆژئاوا لەجیاتی هەموو جیهان ڕووبەڕووی داعش بووەوە"، بەڵام بەداخەوە لە دوای لاوازبوونی داعش لە ناوچەکەدا، تورکیا دەستی برد بۆ کۆمەڵێک هێرش و خاکێکی زۆری داگیر کرد و خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی و تەنانەت دار زەیتوونەکانیشیان لەناوبرد، کە هێما و مۆرکی کورد بوو لە ڕۆژئاوا و گەنجانیشیان لەسەر ئاڵای کوردستان و ئاگری نەورۆز شەهید کرد.
لە کۆتایدا ئەو چالاکوانە وتیشی: هەرچەنە ئێمە لە هەرێمی کوردستان خاکێکی ئازادکراومان هەیە و دامەزراوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان هەیە، بەڵام حکوومەتی ئێراقیش دەبێت لەگەڵمان خاوەن هەڵوێست بێت و پارێزگاری لەم پارچەیەی کوردستان بکات، دانیشتووانی ئەو دێهاتانەی بە درۆن هێرش دەکرێتە سەریان و هێشتاش بەرەنگار دەبنەوە و شوێنی خۆیان چۆڵ ناکەن، ئەمە گرنگە و جێی بایەخە، بەڵام ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنها بە کەسی مەدەنی ناکرێت و دەبێت هێزێکی ئەمنی هەبێت بۆ پارێزگاری کردن لە خاک و هاوڵاتیان.