"ئەگەر ئاکەپە لە هەڵبژاردندا نەدۆڕێ، دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت"
مزگین حەسەن، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و داکۆکی لە مافی ژنانی سوریا، کاریگەرییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیای هەڵسەنگاند، کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت.
ڕۆژی هۆزان
قامیشلۆ- لە ١٤ی ئایاردا هەڵبژاردن لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کە لە ماوەی ٢٢ ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا هێرشی کردە سەر زۆرێک لە دەستکەوتەکانی ژنان، نایەوێت لەم هەڵبژاردنانەدا بدۆڕێت، دەیەوێت سەروەری خۆی بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت و هەموو هەوڵەکانی بەکاردەهێنێت، بۆ ئەردۆغان مانەوە لە دەسەڵاتدا پرۆسەیەکی بوون و نەبوونە.
"ئەگەر شکستی نەهێنا مەترسیەکان زیاتر دەبن"
مزگین حەسەن، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و داکۆکی لە مافی ژنان لە سوریا، کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیای هەڵسەنگاند، کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت و وتی: ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەردۆغان، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند کە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا دۆخی ئابووری تورکیا و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەگێژاوێکی گەورەیە، ئەردۆغان دەزانێت کە بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری تورکیا، ئەگەر هەڵبژاردن دوابکەوێت، ڕێککەوتن لەدژی دەکرێت، بۆیە دەیەوێت بە زووترین کات ئەم هەڵبژاردنانە ئەنجام بدات و جارێکی دیکە دەسەڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە.
"پلان و هاوپەیمانی بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی ژنان"
مزگین حەسەن سەرنجی بۆ پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر مافەکانی ژنان ڕاکێشا و وتی: لەناو پارتەکەی ئەردۆغان خۆیدا حزبی موسڵمان هەیە، ئەوان پێیان دەڵێن (حزبوڵڵا) و ئێستا ئەو لایەنانە داوایان لە ئەردۆغان کردووە هەموو ئەو یاسایانە لاببات کە پاڵپشتی ژنان دەکەن، ئەردۆغان لەسەر بنەمای خواستی ئەوان لە هاوپەیمانی ئەستەنبوڵ کشایەوە، ئێستاش دەیانەوێت ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە توندوتیژی دژی ژنان بەتەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە، لەلایەکی تریشەوە پرسی ناوچەیی هەیە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستێوەردانێکی نوێ بە ئەرێنییەکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات و بە هاتنە سەر دەسەڵات ئەمە بەدیبهێنێت، ئەردۆغان بە هەموو هێز و پلانەکانیەوە هەوڵی سەرکەوتن دەدات چونکە پرسی هەڵبژاردن بابەتی بوون و نەبوونە بۆی.
"لەگەڵ هەڵبژاردنەکان، پلانی نوێ دژ بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە"
میزگین حەسەن کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیای لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵسەنگاند و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێستا ئەگەر ئەردۆغان سەربکەوێت دۆخێکی نەرێنی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش پەرەدەستێنێت، بە واتایەکی تر ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا جارێکی تر لەناو شەڕ و ململانێکاندا دەبن بەرامبەر بە هێرش و ململانێکانی دەوڵەتی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریای پەیوەندیدار بەوانەوە، بەڕای ئێمە ڕەنگە درێژە بە پلانەکانی داگیرکاری بدات، بێگومان ئەم دۆخەش ئازار و پەنابەری و کێشەیەکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە هەمان کاتدا دۆخێکی خراپیش لە تورکیادا دەهێنێتە کایەوە، هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغان جارێکی دیکە هەڕەشە لە کۆمەڵگەی تورکیا دەکات و پشتیوانی لە پرسی جینۆسایدی ژنان و بەرەوپێشبردنی حوکمڕانی پیاوانە دەکات، لەلایەکی دیکەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەردۆغان جارێکی دیکە پلانەکانی خۆی لە دژی گەل و ئەو دەستکەوتانەی لەگەڵ ڕژێمی سوریا و ئێراندا هەیەتی تەواو بکات، سیاسەتی ئەوان لە دژی کورد بەردەوام دەبێت.