"کاتێک یەکێتیمان بنیاد بنێین، دوژمن تێکدەشکێنین"
لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراقدا کە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان توندوتیژیی دژ بە ژنان بوو، بەتایبەتی کۆمەڵکوژیی ژنانی ئێزدی، بەشداربوویەکیش دەڵێت دژی هەموو هێرشەکان بە یەکێتیمان دوژمن تێکدەشکێنین.
ئەڤین زەندا
بەغدا- سەرەڕای کار و چالاکییەکان بۆ فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی سەر ئێزدییەکان، بۆ یەکەمجارە کۆنفرانسێکی جەماوەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت، لە کۆنفرانسەکەدا ژنانی ئەڵمانیا، ڕووسیا، لوبنان، عێراق و باشووری کوردستان بەشدارییان کرد.
فایزە خەتاب عومەر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، سەبارەت بە کۆنفرانسەکە بۆ نوژنها دوا و تیشکی خستەسەر کاریگەریی فەرمانی سەر کۆمەڵگەی ئیزیدیی و بە تایبەتی کۆمەڵکوژیی ژنان و وتی: "ئەگەر باس لە کۆمەڵکوژیی ژنان بکەین، پێویستە بزانین کۆمەڵکوژیی ژنان بە فەرمانی ٧٤ دەستیپێنەکردووە، لە ڕابردووشدا ژنان تووشی کۆمەڵکوژی بوون و تا ئەمڕۆش بەردەوامن، بێگومان زۆرترین کاریگەری فەرمانی ئێزدییەکان لەسەر ژنان بووە لە هەموو بوارەکاندا، ئێمە ئەمڕۆ بینیمان ژنانی ئێزدی چەندە ئازار و ئێشیان بەسەرهاتووە، جا ئەشکەنجەی جەستەیی بێت یان هێرشی سێکسی و دەروونی".
"ئەوانەی چوونە لای ئێزدییەکان گەریلاکانی کورد بوون"
لە درێژەی قسەکانیدا فایزە خەتاب، ڕایگەیاند کە پێویستە حکومەتی عێراق یاسای تایبەت بە ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش جێبەجێ بکات و لەسەر کاغەز نەیهێڵێتەوە و وتی: چونکە ژنان بەرخۆدانیان کردووە، بۆیە ڕووبەڕووی هەموو سەختی و ناخۆشیەکان دەبنەوە، ئێمە وەک گەلی کورد و پێکهاتەی ئێزدی گرێدراوی ئایین و گەلی خۆمانین، ئەوەی داعش بەرامبەر بە خەڵک و بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئێزدی کردی، دڕندەیی بوو دەستبەجێ کاریگەری لەسەر ژنان هەبوو، ئەوانەی هاتن بە هانای کۆمەڵگەی ئێزدی، گەریلاکانی پەکەکە بوون، خەڵکێکی زۆر لەوێ بوون، بەڵام کەسیان نەدەپاراستن، تەنیا پەکەکە ئەرکە ئینسانییەکانی خۆی جێبەجێکرد، پێش هێرشەکانی داعش زۆرمان لەبارەی کۆمەڵگەی ئێزدیەوە نەدەزانی، بەهۆی کۆمەڵگەی ئێزدییەوە کۆمەڵگەیەکی زۆر داخراو بوون چونکە بەو شێوەیە خۆیان لە هێرشەکان دەپاراست، کاتێک کۆمەڵگەی ئیزدی خۆی ناسی و هێزی خۆی ڕێکخست، نمونەی یەژەشە، تاژێ و چەندانی دیکە دروستبوون و هەتا ئەمڕۆ لە هەموو ڕوویەکەوە پێشدەکەون، من ئێزدی نیم، بەڵام زۆر حەز دەکەم کە پێکەوە هەموومان کار لەپێناو کۆمەڵگەی ئێزیدیدا بکەین.
"بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە بوو بە هێزێک"
فایزە لە وتارەکەیدا جەختی لە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە و وتی: بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو هەرێمەکاندا نرخی دایە مرۆڤایەتی، وایکرد ژنانی زیاتر هێز و ئیرادەیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، چونکە ژن بنیادنەری کۆمەڵگەن، هەمیشە دەبنە جێی ئامانجی دوژمن، بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ژنی زۆر بەرەوپێش برد و وایکرد ژنان هەست بکەن خۆیان لەسەرپێ بووەستن".