ئەڤین پاشۆ: دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە ئامانجکردنی ژنان تۆڵەی شکستەکەی بکاتەوە

ئەڤین پاشۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی هەرێمی جزیرە، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرش و بەئامانجکردنی ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرد و وتی: ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ شۆڕش چارەنووسی هەزاران ژنیان لە کۆیلایەتیەوە بەرەو ئازادی هەمیشەیی گۆڕی.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورک بە کردارە دڕندانەیەکانی ئیرادەی ژنان دەکاتە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان. لەم ساڵانەی شۆڕشدا دەیان ژنی سیاسەتمەدار و چالاکوان و شەڕڤان کەوتنە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و شەهیدبوون، ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌سه‌ڵاتی ژن به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سیسته‌می باڵاده‌ستی خۆی ده‌زانێت چونکه‌ له‌ سیسته‌مه‌که‌یاندا ژنان ده‌بێ به‌ کۆیله‌ بمێننه‌وه‌ و ملکه‌چی بن. هەرچەندە هێرشەکان توندن، بەڵام هێشتا ژنان لە دەوری دۆز و ڕێکخراوەکانیان کۆدەبنەوە و خەباتێکی ناوازە بەڕێوەدەبەن. ئێستا دەوڵەتی تورک ژنان وەک دوژمنی یەکەمی خۆی دەبینێت و هەمیشە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج. ئەم کردەوە بێ ئەخلاقانە لەگەڵ بێدەنگی نێودەوڵەتی ڕووبەڕوو دەبنەوە، لە ئەنجامدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانی خۆی ئەنجامدەدات بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لە کەس بکات.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی بڕیاری ژنان و داوای ئازادییە"

ئەڤین پاشۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌رێمی جزیره‌ لە سەرەتای هەڵسەنگاندنەکەیدا باسی لە دەستکەوتەکانی ژنان کرد لە ساڵانی شۆڕشدا و وتی: لە مێژووی شۆڕش و تێکۆشانی ژناندا و بەو ڕۆحەی پێی دەژین، ژنان دەستکەوتی زۆریان لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستهێنا، ئێمەی ژنان بەشێک بووین لە سیستمێکی دەوڵەت-نەتەوە بەڵام ڕۆڵی ئێمە پشتگوێخرا، شۆڕشی ژنان دژی ئەم سیستمە بوو، دەتوانرا بە ئیرادەی ژنان لەناوببرێت و لە جیاتی ئەوە سیستەمێکی یەکسان و دادپەروەرانە بنیات بنرێت، ئەگەر ژن پێشەنگی ئەم شۆڕشە نەبوایە، ئەوا ڕووبەڕووی ئەوەندە کردەوەی دڕندانەی دوژمنان نەدەبوونەوە، ژن بۆ ئازادی و سەرکەوتن بڕیاری خۆیانداوە، زۆرێک لەو بوارانەی کە ژنانی تێدا بەدەرکرابوون، لە سایەی شۆڕشدا، جارێکی دیکە دەستکەوتنەوە، ڕەگەزی سەرەکی پڕۆژەی دیموکراتیکمان ئازادی ژن بوو، بۆیە هێرشەکانی ئێستا لە پلەی یەکەمدا ئەم پڕۆژەیە دەکەنە ئامانج. ژنانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ شۆڕش چارەنووسی هەزاران ژنیان گۆڕیوە و لە کۆیلایەتییەوە بەرەو ئازادی هەنگاویان ناوە.

 

"ڕۆژانە ژنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکرێنە ئامانج"

ئەڤین پاشۆ سەرنجی بۆ بەئامانجگرتنی ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورک و باندە تیرۆریستەکانەوە ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەبینین کە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژی و هێرشێک دەبنەوە، ئەوان دەکرێنە ئامانج و ئاوارە دەکرێن و دەستدرێژی دەکرێنە سەر و دەکوژرێن. ئەوان دەیانەوێت ئیرادەی هەموو ژنانی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژنانی پێشەنگدا بشکێنن. ئەمڕۆ گرتن و زیندانیکردنی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان دڕندانەترین کردەوەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە ئامانجکردنی ژنان تۆڵەی شکستەکەی بکاتەوە. پاراستنی ژنان لە هێرش و كردەوەكانی دەوڵەتی توركیا تەنیا ئەركی ئێمە نییە، ئەركی هەموو ئەو كەسانەیە كە هەڵگری شوناسی ژنن و ئەركی هەموو مرۆڤایەتییە. دەمەوێت سەرنج ڕابکێشم بۆ بەئامانجکردنی ژنانی شەڕڤان، ئەو ژنانەی لە بوارەکانی بەرخۆدان لەدژی مەترسیدارترین تیرۆری جیهان خەباتیان کردووە. كاتێك ژنە شەڕڤانان لە بەرەكانی جەنگدا شەهید دەبن، دەبنە هێمای تێکۆشان، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتی توركیا ناتوانێت لە بەرەكانی جەنگدا شەڕ لەگەڵ ژنان بكات، بە فڕۆكە هێرش دەكاتە سەریا، هەروەها دەوڵەتی تورک پێشێلکردنی ئەخلاق و پێوەرەکانی جەنگ دەکات و ژن لە دەرەوەی ناوچەی جەنگ دەکاتە ئامانج. ئه‌مڕۆ ئه‌خلاقی مرۆیی بوونی نییه،‌ جیهان له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ سه‌ر ژنان بێده‌نگە تا ژنان ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هێرشانه‌ ببنه‌وه‌.

 

"ڕۆحی تێکۆشەرمان دژی هێرش و بەئامانجکردن هەیە"

ئەڤین پاشۆ داوای لە ژنان کرد کە گیانی تێکۆشانیان هەبێت دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و لە کۆتاییدا وتی: پێویستە ئێمە وەک ژنان ئاگاداری ئەو هێرشانە بین و ئاگاداری مەترسییەکانیان بین، چونکە ئەو هێرشانە دژی دۆزی ئازادیمان دەکرێت، بۆیە دەبێت خاوەن ڕۆحی تێکۆشان بین، سیستمی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا سیسته‌می ژنانی ئازاده‌ و ژنان بۆ پاراستنی ئه‌م سیسته‌مه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی پێویسته بەڵێنی تێکۆشان و بەرخۆدانیان هەبێت و خاوەن ئیرادە بن.