"پەدەکە داردەستی تورکیایە و بەپێی فەرمانەکانی ئەو ڕەفتار دەکات"
ڕووناک مەجید، چالاکوانی بواری ژنان، پێیوایە کە داخستن و نەکردنەوەی سنورەکان به ڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا هۆکاری داردەستبوونی پارتییە بۆ تورکیا و وتی: تا تورکیا گڵۆپی سەوز هەڵنەکات، پارتی سنورەکان ناکاتەوە.
دیدار شەهلا
سلێمانی- هێرش و داگیرکاریی و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتە بە کرێگیراوەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامی هەیە، بەم هۆیەوە زۆرێک لە ئاوارەبووانی ناوچەی عەفرین، کە نیشتەجێی شەهبا بوون، دووبارە ئاوارە بوونەتەوە، لە باشووری کوردستان بە مەبەستی هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان چەندین کەمپەین بۆ گەیاندن و کۆکردنەوەی هاوکاری ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەهۆی داخستنی سنورەکان بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە، هاوکارییەکان تەنیا بە پارە وەردەگیرێت و چالاکوانان داوا دەکەن کە سنورەکە بکرێتەوە، تاکو بتوانن هاوکارییەکان بگەیەنن.
"هێرشەکانی ئەم دواییە زەنگی جەنگی جیهانی سێیەم بوو"
ڕووناک مەجید، چالاکوانی بواری ژنان، لە بارەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەکانی پێشودا، پێیوایە گرێدراوی شەڕەکانی غەززە و لوبنانە و زەنگلێدانی جەنگی جیهانی سێیەمە و وتی: سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەم لە ئیسرائیلەوە بۆ سەر حیزبوڵا و غەززە دەستی پێکرد، ئێمە دەزانین ئەو هیلالە شیعییەی کە دروستبووە، هەتاکو لیبیاش دەڕوات، هەربۆیە شۆڕبوونەوەی بۆ سووریا و دیمەشق و چڕکردنەوەی هێرشەکانی تەحریر شام هەر لەو ڕوانگەیەوەیە.
هەروەها باسی لەوەکرد کە هێرشکردنی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت بە ئامانجگرتنی ئاوارەکانی عەفرین کە نیشتەجێی ناوچەی شەهبا بوون، بە مەبەستە و وتیشی: تورک و دوژمنەکانی دیکەی کورد هەرگیز چاویان بە کورد هەڵنەهاتووە و هەمیشە ویستوویانە لەناوی ببەن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ۲۰۱٤وە تا ئێستا توانیوییەتی بەردەوامی بە خۆی بدات و بینیمان لەو کاتەدا چۆن ڕووبەڕووی هێزی داعش بوونەوە، بەڵام لە میانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا، لە دروستبوونی ئەو بۆشاییەدا دووبارە کوردەکان و بەتایبەت ئاوارەکانی عەفرین کە نیشتەجێی شەهبا بوون، بە ئامانج گیران لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە و لەو نێوانەدا سەرباری هەبوونی هێزەکانی قەسەدە بۆ پارێزگاریکردن لە کوردەکان، بەڵام هێشتا دووبارە بوون بە کۆچبەر و زیانیان بەرکەوت، لەم جەنگەدا ئێمە بۆمان دەردەکەوێت کە پلانێک بۆ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و تورکیاش دەیەوێت بچێتە سنوری وڵاتانی ترەوە و داگیرکاری بەرفراوان ئەنجام بدات، وەک چۆن دەڵێن دیمەشق و حەلەب سەر بە تورکیان و دەیگەڕێنینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا پلانی داگیرکارییە و لەم جەنگی جیهانی سێیەمەدا، هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بەرکەوتە دەبن.
"کوردانی باشوور دوور نین لە مەترسی ئەم جەنگە"
ئەو باسی لەوەشکرد کە باشووری کوردستان و عێراق دوور نییە لە زەنگی مەترسی شەڕی داعش و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا، "داعش لە ئێستادا ڕاستە هەمان ڕێکخستنە، بەڵام میکانیزمی جوڵەکانیان گۆڕیوە، چونکە لە عێراقیش لەگەڵ حەشدی شەعبیدا لە ڕووبەڕووبوونەوەدان، ئامانجە سەرەکییەکەش ئێرانە و هەر دەچێتەوە چوارچێوەی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دڵی هێزەکانی ئەمریکا و زلهێزەکانی جیهان، بۆیە گەر شەڕەکە بێتە عێراق، ئەوە دووبارە کوردانی باشووری کوردستانیش وەک کوردانی ناوچەکانی تر بەئامانج دەگیرێنەوە".
"ژنان هێزی گۆڕینی کۆمەڵگەیان هەیە، بۆیە دەبنە ئامانجی یەکەمی جەنگەکان"
ڕووناک مەجید باسی لەوەشکرد، کە لەناو ئەم جەنگانەدا ژنان هەمیشە بەرکەوتە و ئامانجی سەرەکی جەنگن، چونکە ئەوان دەزانن کە ژن دەتوانێت گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروستبکات و وتیشی: ژنان و منداڵان لە هەموو جەنگەکاندا زیانی زۆریان بەردەکەوێت، بەتایبەت ژنان، چونکە ئامانجی دوژمنان ئەوەیە ژنان بە کۆیلە بکەن و هێزی گۆڕانکاری ئەوان سەرکوت بکەن، ئێمە بینیومانە لە جەنگەکانی ڕابردوودا، لە کاتی ئەنفالکردنی کورد، لە شەڕی داعشدا و لە هەموو جەنگەکانی تردا، ژنان دەفرۆشرێن و بەکاردەهێنرێن و بازرگانییان پێوە دەکرێت و سوکایەتییان بەرامبەر دەکرێت، چونکە دەزانن هێزی گۆڕانکاریی کومەڵگە لەناو ژناندایە.
"کورد هەمیشە کۆدەنگ و دڵسۆز بووە بۆ هاوزمانانی خۆی"
لە هەمانکاتدا باسی لەوەشکرد کە لە هەموو قۆناغەکانی هێرش بۆ سەر کوردانی پارچەکانی کوردستان، کوردەکان لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان کۆدەنگ و یەک هەڵوێست پشتگیرییان لە هاوزمانانی خۆیان کردووە و وتی: گەر بە بیرمان بێتەوە، لە کاتی بوومەلەرزەکەی باشووری کوردستان و باکووری کوردستان، کاتی ١٦ی تشرینی یەکەم، ئاوارەبوونی کوردانی ڕۆژئاوا لە کاتی شەڕی داعش، لە هەموو ئەم قۆناغانەدا، کورد لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت کوردانی تاراوگەش، یەک دڵ و یەک دەنگ و یەک دەست، بە چەندەها ڕێگەی جیاوازی وەک ڕێپێوان و خۆپیشاندان و کۆکردنەوەی هاوکاری و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ هاوزمانەکانی خۆیان، توانیویانە لەگەڵ هاوزمانانی خۆیان دڵسۆز بن.
ڕووناک مەجید ئاماژەی بەوەشدا کە داخستنی سنور بە تایبەت سنوری سێمێلکا، هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داردەستبوونەی پەدەکە بۆ تورکیا و تا تورکیا گڵۆپی سەوز هەڵنەکات بۆ پەدەکە، ئەو سنورەکان ناکاتەوە و لە کۆتایدا وتی: نەکردنەوەی سنورەکە زەحمەتییەکی زۆری دروستکردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کووردستان و تەنانەت هەندێ جار نایەڵن هاتوچۆی مرۆیتش لەو سنورەوە بکرێت، بۆیە گەیاندنی هاوکارییەکان زەحمەتن و ناچاربوون تەنیا لەڕێگەی پارەوە هاوکارییەکان کۆبکەنەوە، بەڵام هێشتا خەڵک لە باشووری کوردستان کۆدەنگن لەوەی کە پێویستە سنورەکان بکرێنەوە و هاوکارییەکان بگەنە ڕۆژئاوای کوردستان.