پەرلەمانتارێکی عێراق: بە هۆشیارکردنەوەی زیاتری ژنان توانیان بگەنە پەرلەمان
نور نافع، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە عێراق، دووپاتی کردەوە کە ئەو هۆشیارییەی شۆڕشی تشرین دروستیکرد، وایکرد ژنانی زیاتر بگەنە پەرلەمان، ئەمەش بە زیادبوونی ژمارەی ژنان لە پەرلەماندا کەوتە بەرچاو
نور مەرسومی
بەغدا- لەگەڵ ئەوەی توانای بەڕێوەبردن و بڕیاردانیان هەیە، بەڵام ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە لە گەیشتن بە پەرلەمان و ڕۆڵگێڕان لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەتایبەتی ئەوانەی سەربەخۆن و سەر بە حزبەکان نین.
پەرلەمانتار نور نافع داوای بەشداریکردنی زیاتری ژنانی لە پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەماندا کرد، تا دەنگی ژنان ببیسترێت و لە پەرلەمان باس لە پرسەکانیان بکەن و فشار بخەنە سەر یاسا بۆ پاراستن و بەرگریکردنیان و پێدانی مافەکانیان.
نور نافع، نوێنەری پارێزگای دیوانیە لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: ژنانی کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ژنانی بەشداربوو لە بواری سیاسیدا تووشی فشار و هەراسانکردنی زۆر دەبن، بەڵام شۆڕشی تشرینی ٢٠١٩ کاریگەری زۆری لەسەر هۆشیاری شەقامی عێراقی هەبوو، گومانی تێدا نییە کە ڕێگای ژنان بۆ پەرلەمان سەختە و پڕە لە ئاڵنگاری، بەتایبەت بۆ ئەوانەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن و پشتگیری حزبییان نییە، بەڵام لە دوای شۆڕشی تشرینی ٢٠١٩ شەقامی عێراقی زیاتر بوونی ژنانیان لە پۆستە سەرکردایەتی و بڕیاردەرەکاندا پەسەند کرد، ئەنجامی ئەمەش لە هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت، کە ٩٧ ژن لەم خولەی پەرلەماندا توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و ئاستی "کۆتا" تێبپەڕێنن.
ئەقڵیەتی خێڵەکی بەربەستی بەردەم ژنانی عێراقە
نور نافع باسی لەو سەختی و ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، چونکە سەر بە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە و ملکەچی هەندێک یاسایە، وتی: زۆر سەختی هەیە کە ئێمەی ژنان لە کاتی بەشداریکردنمان لە پڕۆسەی سیاسیدا ڕووبەڕووی بووینەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی کە بە کارەکتەری خێڵەکی تایبەتمەندن، سەرەڕای هەوڵی ڕێکخراوە مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ کە ئامانجیان بەهێزکردنی ژنانی عێراق و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە، سەبارەت بە پێویستی دەستەبەرکردنی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، لەوانەش لە بواری سیاسیدا، بەڵام ژنان تووشی هەراسانکردن دەبن و ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە ڕێگرییان لێدەکات لە بەشداریکردنیان لە بواری سیاسیدا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنان توانیویانە لە مشتومڕە سیاسییەکاندا دەنگی خۆیان بگەیەنن، ڕەخنەی لە مەیلی ژنان بۆ سەر بە حزبەکان گرت، بۆ نموونە واژۆکردنی وەرەقەی سپی و لەکاتی پێشێلکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی حزب، بە ئاسانی بێدەنگبوون لێی، ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆخی سیاسی هێشتا پێویستی بە کۆبوونەوەی ڕۆشنبیری و هۆشیاری هەیە بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بەشداری بکەن و ڕۆڵی خۆیان لە گۆڕینی کۆمەڵگەکەیاندا بگێڕن، هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، چەند ژنێک هەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ خولی هەڵبژاردن بەشداری دەکەن، کە بڕیارە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، ئێمە دەنگمان بەرز دەکەینەوە بەبێ ئەوەی کەس سەرۆکایەتیمان بکات، بڕیارەکانمان ڕەنگدانەوەی باوەڕیمانە، خۆمان دەسەلمێنین و لە بڕیارە سیاسییەکاندا پێشوازیمان لێدەکرێت، ژنانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا و پشتیوانی زیاتریان لە ژنانی عێراق کردووە.
لە کابینەی نوێدا ٣ ژنی وەزیر هەیە
نور نافع ئاماژەی بەوەشکرد، پێکهێنانی کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، لە کۆی ٢٣ وەزیر تەنها ٣ ژنی تێدابوو، ئەوانیش تەیف سامی-وەزیری دارایی و ئیڤان جابرۆ-وەزیری کۆچ و ئاوارە و هەیام یاسری- وەزیری پەیوەندییەکانن، ئەمەش لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی بەرگری لە مافی ژنان دەکەن بە ڕێژەیەکی کەم لەقەڵەمدرا، بەو پێیەی جیاوازییەکی بەرچاو لە باشترکردنی دۆخی ژنانی عێراقدا دروست ناکات.
لە کۆتایدا نور نافع، پەرلەمانتار پەیامێکی ئاڕاستەی ژنانی عێراق کرد و هانیان دەدات بچنە ناو گۆڕەپانی سیاسی بۆ ئەوەی دەنگیان هەبێت و دوودڵ نەبن، هەروەها پەیڕەوی لەو ڕێگایە بکەن کە پەرلەمانتارانی پێش خۆیان لە کەرتی سیاسیدا پەیڕەویان لێکردووە، بۆ ئەوەی ڕێبازی خۆیان بگرنەبەر و لەو هەڵانەی کە ئەوان کردویانە، پەند وەربگرن.