"ئازادکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەیامی نەورۆزی ئەمساڵ بوو"
ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاواز جەژنی نەورۆز کرایەوە لە پارچەکانی کوردستان و مۆرکی ژنانیش لە نەورۆزدا دەبینرا، سارا ڕەزاش دەڵێت: لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنان ئاگری نەورۆز کرایەوە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- ٢١ی ئاداری هەموو ساڵێک بە جەژنی نەورۆز دادەنرێت و لەلایەن گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازەوە لەم ڕۆژەدا ئاگر دەکرێتەوە وەک هێمایەک بۆ ئازادی، لە چوار پارچەی کوردستانیش سەرەڕای ڕێگری و بەربەستەکان بە شیوەیەکی گەرم پێشوازی لەم ڕۆژە کرا و لە هەر پارچەیەکی کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز پیرۆز کرا، بە تایبەتی لە چیاکانی قەندیل کە خەڵکێکی زۆر لە کورد و بیانی بەشداری تێدا کرد.
"قەندیل یەکێتی نەتەوەیی کوردانی چوار پارچەکەی کوردستانی دەرخست"
سارا ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، نەورۆزی ئەمساڵ واتا و گرنگیەکی خۆی هەبوو، نەورۆز بۆ گەلی کورد بە جەژنێک دادەنرێت بەرامبەر بە ستەمکارانی کورد و بە جەژنی بەرخۆدان و تێکۆشان سەیر دەکرێت و بە مردنی ستەمکاران، بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز بە لە دایکبوونی چەوساوەکان و ئازادی دادەنرێت، یادکردنەوەی نەورۆزیش لە باشووری کوردستان و لە قەندیل تام وچێژێکی تایبەتی خۆی هەیە و هەر لەگەڵ چونە ناو قەندیلەوە هەست بە ئارامی دەکەین و لە نەورۆزدا قەندیل بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدەکانی ڕێگەی ڕزگاری ڕازێندرابووەوە و کۆمەڵێک هونەرمەندی ڕەسەن و ڕۆژنامەنووسی بیانی و خەڵکێکی زۆر بەشداریان تێدا کردبوو، ئەمەش بووە یەکێتیەکی نەتەوەیی لە قەندیلدا.
"مۆرکی ژنان بە ئاگری نەورۆزی هەموو پارچەکانی کوردستانەوە دیاربوو"
سارا ڕەزا تیشکی خستەسەر پەیامەکانی نەورۆزی ئەمساڵ و وتی: ئەمساڵ پەیامی زۆر گرنگ هەبوو، وەک پەیامی کەجەکە کە پەیمانی لۆزان تێکدەشکێنرێت و جاریکیتر کورد بە پرۆژەیەکی نوێوە بۆ سەد ساڵی داهاتوو خۆی ئامادە دەکات بە تێکۆشان و بەرخۆدانەوە، چونکە لە ئیستادا باکووری کوردستان لە بەردەم هەڵبژاردندایە و دەبێتە یەکلاکەرەوەی چارەنووسی گەلی کورد، هەروەها داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرا کە لە دایکبوونی نزیک دەبێتەوە و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جێگەی خۆشحاڵی بوو لە باکووری کوردستان سەرەڕای ڕێگریەکان بە ملیۆنان کەس ئاگری نەورۆزیان کردەوە و بردیانە ناوەندی شارەکان و پەیامیان دا بە گوێی ستەمکاراندا کە ئەوان جەژنی نەورۆز بە جەژنی بەرخۆدان و لە ناوبردنی ستەمکاران دەبینن، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش نەورۆز بە جۆرێکی تر بوو بەهۆی ئەوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا لە ژێر خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکدان و ئەو سیستەمە جێبەجێکراوەیە کە گەلانی کورد و عەرەب و ئەوانی تر بێ جیاوازی بەشداری لە کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا بکەن، بەڵام بەداخەوە ستەمکاران ٤ هاوڵاتیان لە عەفرین شەهید کرد، بەڵام گەلی ڕۆژئاوا هەمیشە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ستەمکاران بوونەتەوە و بە پێشەنگایەتی ژنان بەرخۆدان دەکەن و بوونەتە سیمبۆلی تێکۆشان.
"ڕێگریەکانی ڕژێمی ئێران ژنانی نەوەستاند لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز"
سارا ڕەزا جەختی کردەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی ٦ مانگە لە ناو شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیان، ئەمەش بووە بە دروشم و هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە، هەرچەندە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئاستەنگی زۆریان بۆ دروستکرا، کاتێک ویستیان بە مەشخەڵی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر گۆڕستانی شەهیدان ئاگری نەورۆز بکەنەوە، بەڵام گەلی خۆڕاگری ڕۆژهەڵات کۆڵیان نەدا و جەژنی خۆیانیان کرد بە پێشەنگایەتی ژنان و ئەو ئاستەنگیەیان تێکشکاند.
وتیشی" لە هەموو سەردەمێکدا زوحاکێک و کاوەیەک هەیە، لە سەردەمی ئێستاشادا مەزڵوم دۆغان کاوەی ئێمەیە کە بە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی کردەوە، نەورۆز لە سەرهەڵدانەکان و بەرخۆدانەکانەوە دەستیپێکردوە، چونکە لە ساڵی ١٩٧٣ ڕێبەری گەلی کورد یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا ئەنجامدا، لەو ساڵەوە تا ئێستا ئاگری بەرخۆدان زیاتر دەبێت و ئاگری نەورۆز دەکرێت بە مەشخەڵ لەسەر چیاکان کە ئەمە هێمای ئازادی گەلی کورد و سوتاندنی جەستەی ستەمکارانە.
"گەلانی ئازادیخواز یادی ٥٠ هەمین نەورۆزیان کردەوە"
سارا ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا گەلێک هەیە بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان کار دەکات و ئەم نەورۆزە ٥٠ هەمین نەورۆز بوو گەلانی ئازادیخواز یادیان کردەوە، گەلانی تریش لەناو ئەم سیستەمەدا جێگەی خۆیانیان کردوەتەوە، چونکە دەزانن ئەم سیستەمە داوای ئازادی و یەکسانی دەکات، ژنانیش لە ژێر فکر و فەلسەفەی ڕێبەرەکەماندا پارێزگاری لە خۆیان دەکەن، بە لای کەسانی بیانیەوە سەیرە کە ئەمڕۆ گەلێک هەیە ٥٠ ساڵە تێکۆشان دەکات، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا لە ٢٠١٥ەوە هەوڵی قڕکردنی گەلی کورد دەدات، بەڵام ئێمە سەلماندمان بە خەباتی ئازادیخوازان کە ڕووبەڕووی هەموو داگیرکاریەک دەبینەوە.
"لە دایکبوونی رێبەر ئۆجالان بووە ژیانەوە بۆ تاکی گەلی کورد"
سارا ڕەزا لە کۆتایدا وتی: بەنزیکبوونەوە لە ٤ی نیسان کە ڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە، ئێمە وەکو گەلی کورد و ژنانی تەڤگەری ئازادی ساڵانە بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە کۆمەڵێک چالاکیمان هەیە و یەکێک لە چالاکیەکان ناشتنی نزیکەی ٨٠ نەمامە لە باخچەکاندا، هەروەها سیمینار و پەروەردە بەڕێوە دەبەین، بۆیە ٤ی نیسان تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە نەک تەنها بۆ ڕێبەری مرۆڤایەتی بەڵکو ڕۆحی ئازادی کردەوە بە گیانی هەموو گەلی کوردا، چونکە گەلی کورد گەلێکی ستەم لێکراوە، لە دایکبوونی ئەو ڕێبەرەش ژیانەوەی تاکی گەلی کوردە، کە ئێمە ئێستا گەلێکی خاوەن ئیرادەین بە تایبەتی ژنان خۆمان بە قەرزداری ئەو دەزانین و بۆ دانەوەی ئەو قەرزەش درێژە بە ڕێبازی ڕیبەرەکەمان و شەهیدان دەدەین.