میهرەبان عەلی: گەل ڕاپەڕینی نەکرد بۆ ئەوەی ئێستا مافی پێشێل بکرێت
لە پاش ٣١ ساڵ لە ڕاپەڕین، گەندەڵی و قەیران و خراپی دۆخی هاوڵاتیان، هەستی نیشتمانی بەرەو لەناوچوون بردووە، ژنێکی زیندانی سیاسیش دەڵێت: دڵنیام ڕۆشنایی هەبێت دووبارە گەل دژی ئەم حکومڕانییە شۆڕش دەکاتەوە.
شنیار بایز
سلێمانی- ساڵی ١٩٩١ گەلی باشووری کوردستان دژی ڕژێمی بەعسی عیراقی ڕاپەڕین و دەڤەری ڕاپەڕین بووە دەروازەیەک و لە ٥ی ئادار تا ٢١ی ئادار و ڕزگارکردنی شاری کەرکوک ڕاپەڕین بەردەوام بوو. ڕاپەڕین بووە هۆی وەدەرنانی هێزەکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان و دروستبوونی دەسەڵاتی کوردی.
لە پاش شەڕی ساڵی ١٩٩٠ی کوەیت، عێراق ڕووبەڕووی شکستی سیاسی، سەربازی، دیبلۆماسی و ئابووری بووەوە و دەسەڵاتەکەی لاواز ببوو، ئەمەش بووە هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بە تایبەت گەلی کورد لە باشووری کوردستان تا ڕاپەڕین بەرپابکەن و لە کۆت و بەند و کۆمەڵکوژیی و زیندانیکردن ڕزگاریان ببێت، لە کۆتایی مانگی شوبات خۆپێشاندان لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسڕە دەستیپێکرد، پاشان ناوچەکانی زوبێر و ئەبولخەسیبی سوننی نشینی سەر بە پارێزگای بەسڕە لە ٣ی ئاداری ١٩٩١ ڕاپەڕین، پاشان شیعەکانی عێراق لە شارەکانی بەسڕە، دیوانیە، میسان، ناسڕیە، نەجەف و کەربەلا، عەمارە، واست و موسەنا ڕاپەڕین، بەڵام دواتر سەرکوت کران، دەڤەری ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان بووە یەکەمین ناوچەی کوردی ڕاپەڕین تێیدا دەستیپێکرد و دەروازەیەک بوو بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکە.
لەبەرئەوەی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی گەلی کوردستان، ڕووداێکی گەورە و گرنگ و ناوازەی مێژوویی بوو، دەستکەوت، گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە و باشووری کوردستان بووە کیانێکی سەربەخۆ و خاوەن پەرلەمان و حکومەتی خۆی، لەم ڕاپەڕینەشدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە، شۆڕشیان کرد و بەشێکی گرنگی ڕاپەڕینەکە بوون، بەڵام لە دوای ٣٢ ساڵ لە ڕاپەڕین، دۆخی باشووری کوردستان تا دێت گەندەڵی، قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بژێوی خراپی ژیان، خراپی سیستمی پەروەردە، کوشتن و خۆکوشتن، توندوتیژی دژی ژنان و کێشەکانی میدیای نابەرپرس تێیدا قوڵ دەبێتەوە و خەڵکی لە هەستی نیشتمانی بێبەش کردووە و کۆچی بە لێشاوی گەنجان و بێئومێدی لە دەسەڵاتی کوردی خوڵقاندووە.
"ئەو شۆڕشەی گەل کردی، هەستی دووبارە لەدایکبوونەوەی پێبەخشیم"
میهرەبان عەلی، خەڵکی قاڵادزێیە و لە ئێستادا دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ زیندانی سیاسی بووە، لە باسی ڕاپەڕینەکەدا ئاماژەی بەوەکرد گەل ڕاپەڕینی کرد، کاتێک لە قەڵادزێ ڕاپەڕین دەستیپێکرد گەل بوو کە ئەنجامیدا، یەکەم شەهیدیش لە قەڵادزێ بوو لە ناوچەی خەبات، دواتر لە ٥ی مانگدا لە ڕانیە دەستیپێکرد.
ڕوونیکردەوە ئەو ڕاپەڕینە لە شاخەوە نەکرا، بەڵکو گەل بە یەکگرتووی ئەنجامیاندا، ئەو گەلەی لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسیدا دەچەوسێندرایەوە، دەشڵێت: بە یەکگرتووی گەنج و ژنان و پیاوانی ئەوکاتە شۆڕش دەستیپێکرد، من ئەوکات زیندانی سیاسی بووم و لە زیندان بووم، زۆر جیاواز بوو بۆ من، هەستێکی تایبەتیم هەبوو وەک وابوو دووبارە لە دایک ببمەوە.
"حزبە سیاسی و ئیسلامییەکان لە شاخەکان بوون و گەل ڕاپەڕینی کرد"
میهرەبان عەلی لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا لەگەڵ ٦٨ زیندانی سیاسی دیکە لە زینداندا بوون تا لە ڕۆژی نەورۆزدا لە سێدارە بدرێت، باسی لەوەکرد، لەو کاتەدا پێشمەرگە لە شاخ و حزبە چەپەکان لەناو شاردا ڕێکخستن و خەباتیان دەکرد، وتیشی: گەل و کۆمەڵەی چەپەکانی ناو شار ڕاپەڕینییان کرد، پێشمەرگە وەک پاڵپشتییەکی ئەوان وابوو، ئەگەرنا لە لەناو شاردا نەبوون، وەک شاری سلێمانی کە ئەمنەسوورەکە گیرا، پێشمەرگە ڕاستەوخۆ هاتنە ناو شار.
"ژنان لە شۆڕشی چەکداری و ڕێکخستنی ناو شاردا ڕۆڵیان هەبووە"
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو زیندانییە سیاسییە باسی لە هێزی گەل کرد، ئەو ئیرادەیەی گەل هەیەتی بە جۆرێک پێناسەی کرد کە شۆڕش بە بێ هێزی گەل ئەنجام نادرێت، وتی: هەرچەندە لە شاخ هێز و شۆڕشگێڕ هەبێت، بەڵام لەناو شاردا ڕێکخستنێک نەبێت و گەل لە ناوجەرگەی ڕاستییەکاندا نەبێت، ناتوانرێت شۆڕش بکرێت، شۆڕش بە هەبوونی هەردوو ڕەگەزەوە دەکرێت.
باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد و ڕوونیکردەوە لەوکاتەدا ژنان شۆڕشیان دەکرد، ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان کردبووە مەترسییەوە لەپێناو گەل و نەتەوەکەیان، هەندێک لە ژنان بەهۆی ئەوەی براکەی یاخود هاوژینەکەی پێشمەرگە بوو، دەستگیر دەکرا و لەناو زیندانەکاندا توندوتیژی بەرامبەر دەکرا، دەڵێت: بۆ ئەنجامدانی شۆڕش ڕەگەز دەور نابینێت و جیاوازی نییە لە نێوان ژن و پیاودا تەنها ئەقڵیەتی و فکر دەور دەبینێت، ئەم بیرکردنەوەیەش وایکرد ژنان چەکیان هەڵدەگرت و دەجەنگان، ژن لە کۆمەڵگەدا پلە دوو نییە و دەبێت خزمەت بە ئەقڵ و بیرکردنەوەی خۆی بکات، لە زۆر کایەی کۆمەڵگە جێپەنجەی دیارە.
"گەل شۆڕشی بۆ ئەوە نەکرد بگاتە ئەم ڕۆژە"
میهرەبان عەلی داخ هەڵدەکێشێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕاپەڕینەی ئەو سەردەمە و ئەو ژیانەی ئێستا گەلی کوردی تێکەوتووە، لەوبارەیەوە وتی: خودی خۆم پەشیمان نیم لەو ئەقڵیەتەی لەسەری دەستگیرکراوم، بەڵام گەل شۆڕشی بۆ ئەوەنەکرد و خوێنی بۆ ئەوە نەڕشت بگاتە ئەم ڕۆژە، تیایدا قوتی خەڵک بخورێت و لە هەردوو زۆنەکە کۆمپانیاکان بۆ برەژەوەندی خۆیان دروست بکرێت، گەل بۆ ئەوە شۆڕشی کرد، دەیویست وڵات و دەسەڵاتی خۆی هەبێت، نەک بگاتە ئەم دۆخە کە تا ئێستا نازانێت حکومداری بکات، سی ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئیرادەی گەلەکەی دەکات، کار لەسەر نەهێشتنی ئیرادەی گەنجان و هاوڵاتیانی دەکات، بۆیە گەنجان هەستی نیشتمانییان نەماوە، لە ئێران و تورکیاوە پەروەردەی دەسەڵاتدارە کوردەکان دەکرێت بۆ نەهێشتنی هەستی نەتەوەیی لە دڵی گەنجاندا، بۆیە خەڵکی گەیشتە ئەو باوەڕییەی نەتوانێت ڕووبەڕوو ببێتەوە.
"گەل ڕۆشناییەک بەدی بکات دووبارە شۆڕش ئەنجام دەداتەوە"
لە کۆتایدا میهرەبان جەختیکردەوە، ئەگەر ڕۆشناییەک هەبێت بۆ گەل بێگومان دووبارە گەل هەستی نیشتمانی بۆ دروستدەبێتەوە و دەتوانێت ڕووبەڕووی داگیرکاران و دەسەڵاتداران ببێتەوە، بۆ ئەمەش بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان پەروەردە بکرێن هەر لە منداڵییەوە هەستی نیشتمانیان بۆ دروستبکرێت، "تەنها هەستی نیشتمانی و خۆشەویستی وڵات چەک هەڵگرتن نییە، بەڵکو پارێزگاریکردنە لە بچوکترین شتەوە، کە نەشکاندنەوەی درەختێک هەستی نیشتمانیی دروستدەکات، گەل هەستی بۆ نیشتمانەکەی ماوە، بەڵام بۆ دەسەڵاتداران و حزبەکانی نەماوە".