ڕۆزەلین بەکر: جیهانبینی بەڕێز ئۆجالان ژیانێکی نوێی بۆ ژنان ئافراند
ڕۆزەلین بەکر، ئەندامی ناوەندی ڕۆژئاوای لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، جیهانبینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی سەبارەت بە ئازادی ژن و کۆمەڵگە هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا، کە ژیانێکی نوێی بۆ ژنان بونیاد ناوە.
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە فەلسەفەی ژیانی ئازاد و ڕاستییەکی نوێ لە کوردستان و جیهان بۆ هەموو گەلان و بەتایبەتی ژنان بووە بە تاکە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان.
ڕۆزەلین بەکر، ئەندامی ناوەندی ڕۆژئاوای لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی، هەڵسەنگاندنی گرنگی لەسەر ئەو بابەتە کرد و و وتی: ڕێبەر ئۆجالان پڕۆژەی ئازادی بۆ ژنان خستەڕوو بۆ بڕیاردان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی شوێنی ژنان لەبواری بڕیارداندا نەبوو، بەڵام کاتێک جیهانبینی ئازادیی ژنان جێگەی خۆی گرتەوە، کۆمەڵگەش بە شێوەیەکی دیموکراسیانە ڕێکخراوە و ئەمڕۆ ژنان لە حزبەکاندا هاوسەرۆکن و لە ئاستی باڵای سیاسیدا شوێنیان هەیە، وەک نمونە پارتی هەدەپە لە باکووری کوردستان کە بە بەشداریی ژنان لە ڕێگەی سیستمی هاوسەرۆکایەتییەوە چووە ناو پەرلەمانی تورکیاوە. ئەم سیستمە لە بەرژەوەندی سیستمە دەسەڵاتدارەکاندا نییە، لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سیستمەکانیان دەسەڵاتدارییە، بەخێرایی بەشداری ژنان قبوڵ ناکەن، بۆیە پێویستە ژنان بەم پڕۆژە ئازادە خۆیان ڕزگار بکەن.
گرنگی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی
ڕۆزەلن بەکر، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە دژی هێزە دەسەڵاتدارەکان هێنایە کایەوە و وتیشی: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەی ژیانە بۆ هەموو ژنان، هەموو بوارەکانی ژیان بوونەتە شوێنی خەباتی ژنان، هەروەها تێکۆشانی ژنان لە دژی هێزە تیرۆریستییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا توانی ڕەنگی هێزی ژنان نیشانبدات، ژنی تێکۆشەر بوو بە نموونەی سەرنجەکانی هەموو زانایان و توێژەران و بە شێوەیەکی ئەرێنی دەنگی دایەوە، لە تەرازووی ژیاندا ژیان و ئازادی بەبێ ژن نابێت و بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ئازاد بکرێت، پێویستە سەرەتا ژنان ئازاد بن.
ڕۆزەلین بەکر، سەبارەت بە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، ئاماژەی بەوەدا، کە هۆکاری سەرەکی ڕێگریکردنە لە پڕۆژەی دیموکراتیک بۆ ئەوەی نەبێتە مۆدێلێک کە هەموو کۆمەڵگە لەسەری درێژە بە ژیانی خۆی بدات و وتی: ئێمە دەڵێین پڕۆژەکە سنورەکان دەبەزێنێت و سیاسەتی بەرژەوەندی خوازانەی ئەوان لەناودەبات، مرۆڤێکی وەک بەڕێز ئۆجەلان کار بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە و خەڵک دەکات، بۆیە هێزە دەسەڵاتدارەکان گۆشەگیریی زیاتر دەکەن.