تارا حسێن: پێشەنگایەتیی ژن دەتوانێت ئاراستەی سیاسەت بگۆڕێت

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ڕایدەگەیەنێت، بەشدارییکردنی ژنان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی بەغدا گرنگە و پێویستە هەموو ژنان بەیەکەوە کار بکەن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان، دەشڵێت: پێشەنگایەتیی ژن دەتوانێت ئاراستەی سیاسەت بگۆڕێت.

ئەڤین زەندا

 

بەغدا- ڕۆژی ٣٠ تەمموزی ٢٠٢٢ کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی عێراق لە شاری بەغدا بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ ژن لە پێکهاتە جیاجیاکان و بەتایبەت ژنانی ئێزدیی بەڕێوەچوو، کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر پرسی جینۆسایدی ژنانی ئێزدیی و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی سەر ژنان کرا.

 

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە خۆی بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا کردبوو، لەبارەی گرنگیی کۆنفرانسەکەوە بۆ ئاژانسی نوژنها قسەیکرد و وتی: دەبێت ژنان ئەم کۆنفرانسە وەک بنەڕەتێک بۆ پێشخستنی کارەکانی خۆیان ببینن، هاتنە لای یەکی ژنان لەو ئاستە و دابەشکردنی ئازارەکان لەنێوان یەک و دیاریکردنی ئامانجەکان، کاریگەریی خۆی هەیە، ئێمەش بەڵێنمان داوە کە چ ئەرکێک بکەوێتە سەرشانی ئێمە پێکەوە تەواوی بکەین، بۆ ئەوەی عێراقێکی دیموکراتیی بنیادبنێین، بۆیەش پێویستە ئێمە وەک ژن بەیەکەوە دەستمان بدەینە دەستی یەک.

 

وتیشی: ئایدیای جیاواز، فکری جیاواز، کەسایەتیی جیاواز و حزبی جیاواز لێرە ئامادەبووین و لە پرسی ژنان یەکدەنگ بووین، ئەمە پێمان دەڵێت کە بەیەکەوەبوونی ژنان زۆر گرنگە و پێویستە کار و خەباتی زیاتر بکەین، پێویستە هەموومان بەیەکیشەوە کاربکەین بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردنەکانی کۆنفرانسەکە.

 

"ژنانی شەنگال خۆیان لە مەیداندان"

تارا حسێن ئامادەی بە پێشکەوتنی ژنانی ئێزدییش کرد و وتی: لەڕابردوودا کاتێک ژنانی ئێزدیی و گەلی ئێزدییمان بەگشتیی بوونە قوربانیی، ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانەکان و هێزە ئازادیخوازەکان هەڵوێستیان هەبووە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە، بەڵام ئەوەی ئێستا زۆر جێگای دڵخۆشییە، ئەوەیە ژنانی شەنگال خۆیان هاتوونەتە مەیدان و پێشەنگایەتیی گەیاندنی دەنگی خۆیان دەکەن، ئەمڕۆ بینیمان ژنانی ئێزدیخان تەنها قوربانیی نین، بەڵکو پێشەنگن، قوربانیدان بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان ببنە پێشەنگ.

 

لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداش دژی شەنگال، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: ڕێککەوتنی کازمی-بارزانی-ئەردۆغان تەواوکردنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانە، ئەگەر پێی بزانین، ئەو پیلانە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێزدییەکان بووە و دیاربووە کە ئەو پیلانە لە بەرژەوەندیی کێدایە، ویستیان کەیسی شەنگال بکەنە کەیسێک و بازرگانیی پێوەبکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی بوو ئەوەبوو، کە ژنان و توێژەکانی ئێزدیی بەیەکەوە ناڕەزایەتییان دژی ئەو پیلانە وەستانەوە.

 

وتیشی: پێویستە هەڵوێستەکان دژی هێرشەکانی تورکیا ببێتە کردار، چونکە هەتا نەبێتە کردار عێراق و ناوچەکەش ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە دەوڵەتی تورک ئامانجییەتی کە بێتە عێراق و هەژموونی خۆی لە عێراقدا بچەسپێنێت.

 

"پێویستە هێزەکان پێکەوە کار بکەین"

تارا حسێن داواش لە هێزە ناوخۆیی و ئازادیخوازەکانی عێراق دەکات کە پێکەوە کار بکەن، "پێکەوە هەموومان دەستمان لەناو دەستی یەکتر بێت، بۆ یەوەی فەرمان دروست نەبێت و ژن نەبێت بە قوربانیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دیموکراتیک دروست بکرێت، بەدڵنیاییەوە ژیانێکی ئارام لە قۆناغی ئایندەدا دێتە کایەوە".

 

بەپێویستیشی دەزانێت، ژنان دەستپێشخەریی بکەن و کار بۆ دروستکردنی کۆنگرە نەتەوەیی ژنانی کوردستان بکات، دەشڵێت: هیچ گومانی تێدانییە کە پێشەنگایەتیی ژن دەتوانێت ئاراستەی سیاسەت بگۆڕێت، پێکەوە کار و خەبات بکەین و ڕێ و ڕێبازمان بکەین بەیەک، بۆ ئەوەی زووتر بە ئامانجەکانمان بگەین.