ڕۆژنامەنووسێکی عێراقی: دەبێت عێراق سوپای تورکیا لە خاکەکەی بکاتە دەرەوە

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان، کاردانەوەی کەسایەتی و رۆژنامەنووسانی عێراقیشی بەدوای خۆیدا هێناوەو ڕۆژنامەنووس سیهام ئەلدارکازلی ئاماژە بەوەدەکات کە هێرشەکان دەستدرێژین و دەبێت دەوڵەتی تورک ڕابگیرێت.

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- لە بەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییەی کە دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان کە لە ١٧ی نیسانەوە دەستی پێکردووەتەوە، لایەن و کەسایەتییە جیاوازەکانی عێراق کاردانەوە نیشان دەدەن و داوا دەکەن هەرچی زووە هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان ڕابگیرێت، هەروەها میدیا عێراقییەکان و ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی هەواڵ و بەرنامەکانیانەوە باس لە مەترسی هێرشەکانی تورکیا دەکەن و جەخت لەوەدەکەنەوە کە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.

 

سیهام مستەفا ئەلدارکازلی بێژەر و پێشکەشکاری بەرنامە لە رادیۆی "الرابعة" بۆ نوژنها قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا بەو هێرشانەی دەستدرێژی دەکاتە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، وتی: "ئەو هێرشە بەرفراوانەی کە تورکیا بە فڕۆکە و چەکەکانی دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان گوایە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دژایەتی لایەنێک دەکات و تەنها مەبەستی پەکەکەیە کە لە باشوری کوردستانە، ئەمە پەسەند نییە و پێویستە ڕێککەوتنێک هەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا چونکە ئەمەی کە دەیکات دەستدرێژییە بۆ سەر خاک و سەروەری عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستان".

 

"ڕونکردنەوەکانی ئەردۆغان لەگەڵ هێرشەکان یەک ناگرێتەوە"

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراقی ناڕەزایەتی دەربڕیوە هەروەها باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگێشت کردووە بۆ ئەوەی ئەو ناڕەزاییەی حکومەت و گەلی پێ ڕابگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕوونکردنەوەی ئەردۆغان لەگەڵ ئەو هێرشانە یەک ناگرێتەوە بەڵکو دژێتی و سنور دەبەزێنێت و دەستدرێژییە بۆ سەر عێراق.

 

سیهام ئەلدارکازلی وتیشی: "بەهۆی هێرشەکانەوە هاوڵاتی زیانی بەرکەوتووە و ئاوارە بوون، شوێن و ماڵ و زێدی خۆیانیان بەجێهێشتووە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هێرشانە ڕابگرن بۆ ئەوەی سەروەری خاکی عێراق  بپارێزرێت".

 

ئەو ڕۆژنامەنوسە پێی وایە کە ئامانجی تورکیا شەڕ نییە، تەنها لەگەڵ لایەنێک بەڵکو ئەوەی دەیکات داگیرکاری و دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەشڵێت: دەبێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق درک بەو بیانووەی دەوڵەتی تورک بکەن و هەرچی زووە ڕێگە لەو داگیرکارییە بگرن و بەدەر لە ئیدانە و ناڕەزایەتی کاری جدی بکەن و سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق بکەنە دەرەوە."