"بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان دەبێت گەنجان هەڵویستی فکرییان هەبیت"
ئەو سیستمەی لە دوای پەیماننامەی لۆزان پەیڕەو دەکرێت، وایکرد گەنجان ئاڕاستە بکرێن و ناهۆشیار بن، چالاکوانێکیش دەڵێت: گەنجان دەتوانن پەیماننامەی لۆزان هەڵبوەشێننەوە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- نەیارانی کورد هەمیشە چاویان لەسەر خاکی کوردستان بووە و هەوڵی لە ناوبردنی ناسنامە و زمانیان دراوە، لە ڕێگەی دراما و کتێبەوە وایان کردووە تاکەکانی کورد ئاڕاستە بکرێن و هەستی نیشتیمانپەروەریان لا نەهێڵن، بۆیە پەیماننامەی لۆزان کاریگەرییەنی نەرێنی زۆری هەبووە بەتایبەت لەسەر گەنجان، هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی سیستمی هەژمونخوازی و داگیرکاریدا ئەنجام درا، بۆ چارەسەری ئەمەش دەبێت گەنجەکان هۆشیار ببنەوە و وایان لێ بکرێت هەست بە گاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پەیماننامەیە بکەن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدەن.
"ڕێکەوتننامەی لۆزان ڕێگر بوو لە بەردەم بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی"
ڕۆژیار خاڵە حەسۆ، نووسەر و چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد، پەیماننامەی ١٠٠ ساڵەی لۆزان ڕێکەوتنێکی سیاسی نێوان دەوڵەتەکان بوو بۆ پارچەکردنی کوردستان و لێسەندنەوەی خاکی کوردستان لە کوردەکان، ئەو پەیماننامەیە هیچ شتێکی بەکورد نەبەخشی جگە لە جینۆساید و لێسەندنەوەی مافی ژیانکردن و قەدەغەکردنی زمانیان لەو ناوچەیە، ئەم پەیماننامەیە ڕێگر بوو لە بەرەو پێشچوونی زمانی کوردی، تەنانەت ڕێگر بوو لەوەی کوردەکان لە چوار پارچەی کوردستان بە کوردی قسە بکەن یان بنووسن، لەم چەند ساڵەی دوایدا هەوڵدرا لە ڕێگەی چەند ڕێککەوتنێکی سیاسیەوە پەرە بە زمانی کوردی بدرێت، بەڵام شتێکی بەرچاو نەبوو.
"دەبێت بۆ گۆڕانکاری ئەم جارە هەڵویستی فکری هەبێت"
ڕۆژیان خاڵە حەسۆ ڕوونی کردەوە، لە ژێر سایەی پەیماننامەی لۆزاندا گەنجان و ژنانی کورد ڕووبەڕووی چەندین کێشەی دەروونی و فکری بوونەوە، واتە جگە لە نەهامەتی هیچی بۆ کورد نەبووە، بەڵام پێویستە گەنجان بەتایبەتی ژنان لە ڕێگەی ڕێکخراو و دەزگا ڕۆشنبیرییەکانەوە کار و چالاکییەکانیان زیاتر بکەن، بۆ نەهێشتنی ئەو کاریگەرییەی پەیماننامەی لۆزان بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵە لەسەر کورد بەجێیهێشتووە، هەرچەندە کورد لەو ماوەیەدا هەڵویستی هەبووە لە جەنگەکان و هێرشەکاندا، بەڵام بۆ ئەم جارە دەبێت هەڵویستێکی فکریمان هەبێت و کار لەسەر تاکی کورد بکەین.
وتیشی: کورد هەمیشە ئیرادەی هەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەسەڵات و نەبوونی دەوڵەتێک نەیتوانیوە هەڵویستی خۆی بە تەواوی بنوێنێت، تاکە شتێک وا لە کورد دەکات بە هەڵوێست بێت، بەردەوامبوونە لەسەر دروشمەکانیان کە کوردستان یەک پارچەیە، هەروەها تاکەکان هۆشیار بکرێنەوە و گرنگی بە بابەتی کوردسازی بدرێت، کوردسازی وەک چەمکێک بەکاربهێنرێت لە شۆڕشەکاندا و لە هەڵوێستەکانی کورد لە داهاتوودا، بۆ ئەوەی ئاسەواری ئەو پەیماننامەیە نەمێنێت و دووبارە پەیماننامەیەکی لەو شێوەیە واژۆ نەکرێت.
" هۆشیاری تاک بە شێوەیەک بێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەیماننامەی لۆزان بزانن"
ڕۆژیار خاڵە حەسۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سیستمی دوای پەیماننامەی لۆزان بەڕێوە دەچێت وای کردووە لە ڕێگەی دراما و سینەما و کتێبەوە گەنجەکان سەرقاڵ بکات و دواجار تاکی ناهۆشیار بن، چەنکە زۆربەی ئەو کتێبانەی وەردەگێردرێنە سەر زمانی کوردی دەستکارییەکی زۆری لەسەر ناوەڕۆکەکەی کراوە، بۆیە گەنجی کورد جگە لە بوارە هونەرییەکان لە بوارە ڕۆشنبیرییەکەیەوە کاری لەسەر دەکرێت، بە جۆرێک هەستی نیشتیمانی لای تاکەکای کورد بوونی نەماوە، بۆ ئەم بابەتە پێویستە هۆشیارییەک بڵاو بکرێتەوە کە تاکەکانی کورد هەست بەو کاریگەرییە نەرێنەی پەیماننامەی لۆزان بکەن و هەڵوەشاندنەوەی پەماننامەکە چی کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت.
"پێویستە گەنجان مێژوو بخوێننەوە"
ڕۆژیار خاڵە حەسۆ جەختی کردەوە، من وەکو ژنێکی گەنج بەشداریم کرد لە هاشتاگی لۆزان-١٠٠ لە سەکۆی گەنجانی سلێمانی، ئەوە جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ من کە ئەو هەموو گەنجە خوێنگەرمە دەبینم و کار دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەیە، وە پەیامم ئەوەیە گرنگی بە گەنج بدرێت و تاکێک بەرهەمبهێنرێت، بە واتا کوردپەروەر بێت و نەهێڵین لە ڕێگەی دەوڵەتانی داگیرکەرەوە فکر و مێشکیان ئاڕاستە بکرێت، بەو شێوەیە دەتوانین لە داهاتوودا کوردستانێکی بەهێز بنیاد بنێین، هەروەها دەبێت گەنجان خۆیا لە ڕێگەی خوێندنەوە هۆشیار بن و شارەزای مێژوو و ڕووداوەکان بن.
ڕۆژیار خاڵە حەسۆ لە کۆتاییدا وتی: ژنان بە درێژایی مێژوو خەباتیان کردوە و ڕەنجیان داوە، بۆیە پێویستە لە هەموو چالاکییەکاندا باسی ئەو ڕۆڵە کاریگەرییەی ژنان بکرێت، جێگەی داخە تا ئێستا هیچ شتێک لەسەر زارا محەمەدی نەکراوە لە باشووری کوردستان، لە کاتێکدا ئەو ژنێک بوو ئامادە بوو ژیانی خۆی بەخت بکات لە پێناو زمانی کوردیدا و بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران وەستایەوە، لە پارچەکانی تری کوردستان ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێن لەبەر کورد بوونیان، بەڵام هیچ لایەنێک ئامادە نییە باسی ئەوە بکات، داواکارم ڕۆڵی ژنانی کورد پیشانی جیهان بدرێت چی لە ڕێگەی فیلمەوە یان سینەما و دیکۆمێنتاری بێت، پەردەپۆشکردنی ڕۆڵی ژنان لە باشووری کوردستان وای کردوە ژنان دەرنەکەون و ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵتر بێت.