زەینەب موراد: دوای ١٠٠ ساڵ پارچەبوون کاتی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییە
چەندین ساڵە گەلی کورد خەبات و تێکۆشان دەکات لە چوار پارچەی کوردستان بەڵام بەهۆی نایەکڕیزییەوە تا ئێستا نەتوانراوە ببێتە وەڵامدەرەوەی پیلانی دەوڵەتان بە تایبەت لە باشووری کوردستان، کەنەکە لە ڕێی تێکۆشان و خەباتیانەوە هەوڵ دەدەن ماڵی کورد یەکبخەن و شۆڕشی ژن
شنیار بایز
سلێمانی- کەنەکە لە ڕێگەی شاندەکانیەوە چەندین جار سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە و لەسەر یەکڕیزی و پرسی داگیرکاری و پرسەکانی تایبەت بە دۆزی کوردەوە داوای هاوهەڵوێستی و یەکڕیزی کردووە، دواهەمین سەردانی کەنەکە، کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بە یاوەری ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە، ئەنجامیدا، ئامانجی کۆکردنەوەی لایەنەکان بوو بۆ کۆنفرانسێکی تایبەت بە کۆتایپێهێنانی پەیماننامەی لۆزان، چونکە ئەمساڵ-٢٠٢٣ پەیمانی ١٠٠ ساڵەی لۆزان کە کوردستانی چوار پارچە کرد، کۆتایی پێدێت و چارەنووسی کورد وابەستەی ڕێککەوتنەکانی داهاتووە.
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی گەلی کورد و گەلانی جیهان دەکات، کە ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکەن، بەتایبەت لە دایکی شەهیدان و خەباتکاران، وتی: سەرەڕای ئەوەی ئەم جەژنە ئەمساڵ بە خەمناکی دەکرێتەوە بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام جیاوازە چونکە لە قۆناغێکی بەرخۆداندا بە تێکۆشانی ژن دژی داگیرکاری یادی نەورۆز دەکرێتەوە.
"ئامانجی ئەم دواییانەی کەنەکە جیاوازتر بوو لە سەردانیکردنەکانی دیکە"
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ئامانجی سەردانەکانی ئەم دواییەی کەنەکە، بریتی بوو لەوەی نەتەوەی کورد چۆن دەتوانێت پێشوازی لەو گۆڕانکارییە گەورانە بکات کە لەسەر ئاستی دونیا هەیە، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان ئامادەکارییە بۆ کۆنفرانسێکی بەرفراوان و تایبەت بە پەیماننامەی لۆزان، کە ماوەی سەد ساڵە ئەم پەیماننامەیە هەیە و کورد لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی زۆرترین نەهامەتی، هێرشی هەمەلایانە بووەتەوە، دەڵێت "ماوەی سەد ساڵە نەتەوەی کورد لەژێر فکری دەوڵەت-نەتەوە دەچەوسێندرێتەوە، بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە شۆڕشی جیاواز کورد ڕووبەڕووی ئەو ناهەقیە ببێتەوە".
"کاتی ئەوە هاتووە نەتەوەی کورد بە یەک دەنگ و هەڵوێست ببێتە وەڵامدەرەوەی قۆناغێکی هەستیار"
زەینەب موراد ڕوونیکردەوە، لەناو خەباتی لەشکری و سیاسەتدا گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە، باس لە هەریەک لە پارچەکان دەکات و دەڵێت: لە باکووری کوردستان لە ئێستادا قۆناغێکی چارەنووسی هەیە کە دەنگدانە، بەهەمان شێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی شەش مانگە شۆڕشی ژنی ئازاد بەڕێوەدەچێت و ژن پێشەنگایەتی دەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوە ڕەوشێکی جیاواز هەیە و ژن پێشەنگایەتی دەکات، باشووری کوردستانیش بێبەش نەبووە لە هەوڵەکانی و ڕۆژ بە ڕۆژ پرسی دیموکراتی پێشدەخات، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە پلانێکی بەرفراوان بەرەوپیری کۆتایهێنانی پەیماننامەی لۆزان دەچێت، کورد دەبێت بە یەکڕیزی بەرەو ئەو پەیماننامەیە بچێت، بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنن کورد نە قبوڵی کردووە،نە قبوڵی دەکات سیاسەتی تایبەتی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، چیتر قبوڵی ناکات لەژێر دەستی داگیرکەراندا بێت.
"کەنەکە هەوڵ دەدات بەرژەوەندی نەتەوەی کورد بخاتە پێش بەرژەوەندی حزب"
زەینەب موراد ڕوونیکردەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین ئەندامیان هەیە لە باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەش بەڵام بەهۆی ئەوەی لە باشوور ستاتۆی فەرمی هەیە و دەتوانن وەک نوێنەرایەتی هەر چوار پارچەکە زیاتر لەوێ مەبەست و ئامانجەکانیان بپێکن، چونکە ڕەوشی هەندێک لە پارچەکان گونجاو نییە بۆ سەردانیکردن، باشووری کوردستانیش سەرباری ئەوەی هیوایەکە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڵام لەناو خودی خۆیدا چەندین قەیرانی هەیە.
هەروەها وتی: لەلایەکەوە دەوڵەتی تورکیا چاوی بڕیوەتە باشوور، هێرش و داگیرکارییەکان بەردەوام لەسەر باشوور هەن، ئێرانیش بە هەمان شێوەی تورکیا هێرشەکانی دەستپێکردووە، بەتایبەت بۆ ئەو حزبانەی نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن لە باشووردا، هۆکاری چارەسەرنەکردنی کێشەکان و بەرەوپێشنەبردنی پرسی کورد لە باشووریشدا ناکۆکی حزب و لایەنە جیاوازەکانە، لە ماوەی چەند ساڵی ئازادیدا و لە پاش چەندین ساڵ لە ڕزگاربوون لە حزبی بەعسی نەیتوانیەوە ئازادی تەواوەتی وەربگرێت.
"کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە هەوڵی جدی دەدەن بۆ بەرەوێشچوونی دۆزی ژن"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا فەلسەفەی ژن بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە جیهاندا دەنگ دەداتەوە، ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی ژنانی کورد، بەتایبەت کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوازێکی چالاک بەشداری کار و خەباتیان کردووە، بەتایبەت لە پرسی یەکێتی نەتەوەیی کورددا ڕۆڵێکی بەهێزی هەبووە، ئەو کۆمسیۆنە بۆ پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ژینا ئەمینی پلانی جیاوازی هەبووە و خەبات دەکات، وتیشی: پرسی ژنی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان پرسێکی نەتەوەییە بۆ کەنەکە، هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو قۆناغە هەستیارەدا دەنگی ژنان دەربخەن و دەنگیان بگەیەنن بە تەواوی جیهان، بەتایبەت ژنانی ئازادیخواز ئاشنابن بەو تێکۆشانانەی ژنی کورد دەیکات و پێی گەیشتووە، کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە توانیویەتی ژنانی جیهان کۆبکاتەوە، وەک هێزێک پشتیوانی پرسی نەتەوەیی کورد بکەن وەک ژنانی کورد ببنە وەڵامدەرەوە.
"شۆڕشی دیموکراتی لەسەر ئاستی دونیا بە ناسنامەی ژنی کورد بەستراوە"
دەربارەی ڕۆڵی یەکێتی نەتەوەیی لە ئاڵوگۆڕی دۆزی کورددا زەینەب موراد باسی لەوەکرد، دۆزی کورد بەهۆی سەد ساڵ لە نەهامەتی، هێرش، جینۆسایدی جیاواز لە ئێستادا لە قۆناغێکی نەهامەتیدایە، چەندین شۆڕش و سەرهەڵدانی جیاواز لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان ڕوویانداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سنوردار کراوە، نەیتوانییوە ببێتە وەڵامدەرەوە بۆ پرسی گشتی کورد، کورد ڕووبەڕووی پەیماننامەی وەک لۆزان بووەتەوە، چونکە یەکڕیز نەبوون و یەک دەنگ نەبوون بۆ دانوستاندن کردن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڵام کوردی ئەمڕۆ وەک کوردی سەد ساڵ پێش ئێستا نییە، ئەمڕۆ دەتوانێت بە یەکڕیزی و سیاسەتێکی نەتەوەیی و ستراتیژی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ئەم قۆناغە وەک دەستکەوتێک ببینیت، هەروەها کورد پێویستە دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت ئەویش لە ڕێگەی یەکڕیزییەوە، پەیوەندی فکری هەبێت لە نێوان حزب و لایەنە جیاوازەکان، چیتر ناکۆکی لەنێوان حزبەکاندا نەمێنێت، لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی تەواوی لایەنە جیاوازەکان یەکبگرن و کورد بەهێزبێت و وەک سەد ساڵ پێش ئێستا نەبێت کە دابەشکرا.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، شۆڕشی ژن توانیویەتی لە جیهاندا دەنگ بداتەوە، کورد خاوەن هێزی عەسکەری خۆیەتی، بۆیە سیاسەتی نەتەوەیی کوردی توانیویەتی مافەکان بەدەستبهێنێت و ڕێگا ڕۆشن بکاتەوە، ئەوەش تەنها بە یەکدەنگی و یەک ڕیزی دەبێت.