"ڕێبەر ئۆجالان هەمیشە پەیامی ئاشتیخوازانەی بە چارەسەری کێشەکان زانیوە"
گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ناڕەزایەتی ژنانی لێکەوتووە و ناڕاستگۆیی ڕێکخراوی سی پی تی ڕەخنە دەکەن، پارێزەرێکیش دەڵێت زیندانیکردنی ڕێبەر ئۆجالان نایاساییە و پلانگێڕییەکان لە دژی گەلی کورد بەردەوامە.
شیرین ساڵح
سلێمانی-ئازادی یەکێکە لە بەندەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و سادەترینیانە، بەڵام ماوەی ٢٤ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەو مافەی لێ زەوتکراوە و لە دورگەی ئیمڕاڵی لەژێر گۆشەگیری دایە، ماوەی ٢١ مانگیشە مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیدا لێسەندراوەتەوە، سەرەڕای فشارەکانی گەلی کورد و ئازادیخوازان هیچ زانیارییەکان لەسەر ڕەوشی زیندان ناخرێتەڕوو، ئەمەش بە مەترسی پیلانگێرییەکی نوێ بۆ سەر ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد دادەنرێت.
"عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە هەوڵی دەدا بە ئاشتیانە دۆزی کورد چارەسەر بکات"
چرۆ شوانی، پارێزەر و ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان، باسی لە گۆشەگیرییەکانی سەر ڕێبەری گەلی، کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، کە تیایدا سادەترین مافیان لێ زەوتکردووە ئەویش مافی نووسین و خوێندنەوەیە، وتیشی: گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان تەنها بۆ سەر کەسێکی ئاسایی نییە، ئەمڕۆ جیهان لەڕێی سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتخوازییەوە بەڕێوەدەچێت، ئەو سیستمەش بە تەواوی شکستی خواردووە و گەلانی جیهان بە دوای سیستمێکی بەدیلدا دەگەڕێن، ئەو سیستمە بەدیلەش تەنها لای ڕێبەر ئۆجالان و فکر و فەلسەفەی ئەو بەدیدەکرێت، ڕێبەر ئۆجالان هەمیشە هەوڵیداوە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە دۆزی کورد چارەسەر بکات، چونکە ئەگەر بمانەوێت جیهان لە ئاشتیدا بێت، دەبێت سەرەتا دۆزی کورد چارەسەر بکرێت.
"پەیامی ڕێبەر ئۆجالان هەمیشە بەرخۆدانە"
چرۆ شوانی ڕوونیکردەوە کە ڕێبەر ئۆجالان بۆ چارەسەری دۆزی کورد ڕۆشت بۆ ئەوروپا، "ڕێبەر ئۆجالان بەهۆی پیلانگێڕییەکەوە ڕادەستی تورکیا کرا و ئێستاش ئامانجی گۆشەگیری توند بۆ ئەوەیە بە سیستمی سەرمایەداری ڕازی ببێت، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و ئەمەش پەیامێکە بۆ هەموو جیهان، کە دەبێت هەمیشە لە بەرخوداندا بین".
دەربارەی چاوپێکەوتنی ڕێکخراوی سی پی تی لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان هەروەها وتیشی: بەداخەوە ڕێکخراوی CPT کە ڕێکخراوێکە دەبێت داکۆکی لە مافی زیندانیانی سیاسی بکات، بەڵام ئەو ڕێکخراوەش بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەساوە و هیچ ڕاپۆرتێک نادات، هەرچەندە کە دووجار چاوپێکەوتنی کردووە لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا، جاری یەکەم وتوویەتی دۆخی باشە و جاری دووەم وتوویەتی چاومان بە ڕێبەر ئۆجالان نەکەوتووە، ئەم هەڵوێستەی CPT گەلی کوردی خستووەتە ژێر گومانەوە کە دووبارە پلانگێڕیەکی تر لە ئارادایە.
"ڕێبەر ئۆجالان ڕێبەری هەموو گەلانی جیهانە"
چرۆ شوانی جەختی کردەوە کە ئەوەی بەرامبەر بە ڕێبەر ئۆجالان دەکرێت جێگەی قبوڵ نییە و زوڵمێکی گەورەیە کە لە ڕێبەرێک دەیکەن، دەشڵێت: ئەگەر هەر کەسێک هەر تاوانێک بکات مافی چاوپێکەوتنی دەبێت لەگەڵ پارێزەرانیدا، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان هیچ تاوانێکی نەکردووە و ئەم کارەی بەرامبەر دەکەن، تاوانی ئەو تەنها ئەوەبووە کە داوای ئازادی کردووە بۆ گەلی کورد، چونکە گەلی کورد هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ خاکێکی تر و هەمیشە زوڵمیان لێکراوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش تەنها ناون، ئەگینا هیچ هەڵوێستیکیان نییە لەگەڵ وڵاتانی تردا لەو بارەیەوە، ئەوان یاسایەک دادەنێن کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بێت و بەدڵی خۆیان یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلدەکەن، وڵاتە دیموکراتیخوازەکانیش بۆ ئەوەی لە ناتۆ دوورنەخرێنەوە بێدەنگن بەرامبەر ئەو پیشێلکاریەی بەرامبەر بە عەبدولا ئۆجالان دەکرێت.
"زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان نایاسایە"
چرۆ شوانی ڕوونیکردەوە، کە زیندانیکردنی ڕێبەر ئۆجالان هەر لە سەرەتاوە نایاسایی بووە، چونکە ئەو بۆ چارەسەری دۆزی کورد ڕووی لە ئەوروپا کرد، وتیشی: لە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالاندا تورکیا کاریگەری ئەوتۆی نەبوو، بەڵکو هێزی نێودەوڵەتی بوو کە دەستگیریکرد، وە زیندانی ئیمڕاڵی تەنها بۆ ئەشکەنجەدانی ڕێبەر ئۆجالان نییە، بەڵکو بۆ قڕکردنی تەواوی گەلی کوردە، ڕێبەر ئۆجالان هەموو کات ئاشتی بە چارەسەر زانیوە و بۆ دۆخی ئیستای باشوور و بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش هەر ئاشتی بە چارەسەر دەزانێت، چونکە ئاشتی پەیامی ئەوە بۆ هەموو گەلانی جیهان.
"ئازاد بوونی ڕێبەر ئۆجالان یانی چارەسەرکردنی دۆزی کورد"
چرۆ شوانی وتی: ئەوەی بەرامبەر بە عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت، بەرامبەر بە هەموو گەلی کوردە، بۆیە دەبێت گەلی کورد هەڵویستییان هەبێت و دژی ئەم گۆشەگیریەی سەر ڕێبەر ئۆجالان بوەستنەوە، پێویستە یەک دەنگ و یەکڕیز بین، هەوڵبدەین بۆ ئازادی بۆ ئەوەی جارێکی تر مێژووی ناخۆش دووبارە نەبێتەوە و ڕێگە نەدەین سەرکردە ئاشتیخوازەکانمان وەکو قازی محەمەد و عەبدوڵا ئۆجالان لە سێدارە بدرێن و زیندانی بکرێن، چونکە دۆزی ڕێبەر ئۆجالان یانی دۆزی کورد، کە ڕێبەرێکە ماوەی ٢٤ ساڵە ئازادی لێسەندراوەتەوە لە پێناو ئازادی گەلەکەی.