''دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەهۆی ڕێکنەکەوتنیانە لەسەر دەستەی بەڕێوەبردنی پەرلەمان"

زوڵفان غەریب، چالاکوان دەربارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لایەنە ناڕازیەکانی براوەی پەرلەمانی کوردستان بەشداری دەسەڵاتی حکومڕانی کابینەی نوێ ناکەن

.هێرۆ عەلی

 

سلێمانی- لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەک دانیشتنی بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ئەنجامداوە و کابینەی نوێی حکومەتیش پێکنەهێندراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەربارودۆخی هاوڵاتییان و دەسەڵاتی یاسایی لە هەرێم دروست کردووە، هەروەها دواکەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی بێدەنگی بەرامبەر لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان.

 

زوڵفان غەریب، چالاکوان سەبارەت بە پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، هەروەها سەبات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پرسی ئاشتی قسەی بۆ کردین.

 

"لایەنە ناڕازیەکانی براوەی پەرلەمانی کوردستان بەشداری دەسەڵاتی حکومڕانی کابینەی نوێ ناکەن'' 

زوڵفان غەریب، چالاکوان باسی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، وتی: ماوەیەک تێپەڕیوە بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای ماوەیەکیش بەسەر تێپەڕبوونی ئەم ماوەیە بەربژێرانی سەرکەوتووی لایەنەکان سوێندی یاسای خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان خوارد، بەڵام لەدوای ئەوە پەرلەمان دانیشتنی خۆی نەکردوە ئەویش بەهۆی ڕێکنەکەوتنیان لەسەرهەیئەی بەڕێوەبردنی پەرلەمان، واتە پرۆسەی هەڵبژاردن لەدوای سەرکەوتنی پارتە سیاسیەکان پێویستی بەوە هەیە ڕێبکەون لە نێوان خۆیاندا، بۆئەوەی هەیئەی پەرلەمان دابەش بکەن بەسەر پارتە سەرکەوتوەکاندا، بەڵام تائێستا پارتە سیاسیەکان نەگەیشتون بە ئەنجامێک ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەرپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەوەی لەم کابینەدا بە ڕوونی دیارە بەشێک لە لایەنە ناڕازیەکانی براوەی پەرلەمانی کوردستان بەشداری دەسەڵاتی حکومڕانی کابینەی نوێ ناکەن.

 

"یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی پەرلەمان هەمووارکردنەوەی یاسایە بەپێی بارودۆخی کۆمەڵگە"

زوڵفان غەریب، چالاکوان، ڕایگەیاند: یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی پەرلەمان هەمووارکردنەوەی یاسایە بەپێی بارودۆخی کۆمەڵگە، کە لەئێستادا ئەو بۆشاییە لەپەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمدا هەیە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەرئەنجامێکی نەرێنی دەبێت، چونکە ئەگەردامەزراوەیەکی پەرلەمانی کۆنەبێتەوە و هەیئەیەکی نەبێت کەواتە ناتوانێت جەلسەکانی پەرلەمانیش کۆبکاتەوە و هەندێک لە دانیشتنەکان تێپەڕێنێت بە هەموارکردنەوەی هەندێک لە یاساکان، هەروەها یەکێک لەکارەسەرەکیەکانی تری پەرلەمان داڕشتن یان دەرخستنی بودجەی ساڵێکە لە ڕووی داراییەوە، کە ئەم بۆشاییە هەم لە پەرلەمانی خولی پێنجەمدا هەبووهەم لەم خولەشدا کە تاکو ئێستا هیچ دەرئەنجامێکی نیە، بەڵام دواکەوتنی پەرلەمانی کوردستان بۆدانیشتن لە سەرجەلسەکان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی هێشتا پارتە سیاسیەکان بەرچاویان ڕوون نیە بۆ بەشداریان لە کابینەی تازەی حکومەت. هەروەها لایەنی تریش هەیە کە ناڕەزایە و کورسی زۆریشی بەدەسیت هێناوە بەڵام ڕایگەیاندوە بەشداری پرۆسەی حکومڕانی دەسەڵات ناکات و تەنها وەکو ناڕازی دەمێنێتەوە و لە  دانیشتنەکانی پەرلەماندا بەشداری دەکات.

 

"ئومێدەکەم لەماوەیەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم پێکبهێندرێت لەگەڵ دەستەی نوێی پەرلەمان کە جێگەی متمانەی دەنگدەران بێت"

ئەم چالاکوانە لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: پەرلەمانێکی چالاک بێگومان ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر چاودێری کردنی حکومەت، هەروەها ئەو گرفتانەی کە ڕووبەڕوی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە دەتوانرێت لەناوخۆدا پێکەوە کۆکبن و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا چارەسەری بکەن، چونکە ماوەیەکی زۆردەبێت ئێمە لە هەرێمی کوردستان کێشەی قەیرانی دارایی و گرفتی موچەمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندا هەیە، ڕاستە لیژنەکان کاتێک دەچن لەسەر ئاستی باڵا لە وەزارەتی دارایی و لەسەر قسەکردن لەسەر هەیئەی پارتەکان دەچن، بەڵام ناگاتە ئەوەی کە حکومەتێکی چالاکی تازەت هەبێت وبە چەند دەسەڵاتێکی زیاترەوە دانوستانەکان بکرێت، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا ڕەنگە بەشێک لە کێشە و گرفتەکان چارەسەرببێت، ئومێدەکەم لەماوەیەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت لەگەڵ هەیئەیەکی تازەی پەرلەمان کە جێگەی متمانەی دەنگدەران بێت.

 

لەدرێژەی قسەکانیدا، ڕایگەیاند: مادەم ئێمە هەرێمێکین لە چوارچێوەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراقیش بێتە دەنگ و سکاڵا لە دەوڵەتی تورکیا بکات یان هەر دەوڵەتێکی ترکە دەستدرێژی دەکاتەسەر سنوری وڵاتەکەی یان بەئامانجی دەگرێت لەڕێگەی هێرشی درۆنەوە، بەدڵنیاییەوە بە کارابونی پەرلەمانی کوردستان ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن کار لەسەرئەو بابەتە بکەن و دەنگ کۆبکەنەوە و ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراقی بکەن کە تێیدا ناڕازی بوونی خۆیان دەرببڕن، هەروەها خۆی لە خۆیدا دەنگی پەرلەمانی کوردستان واتە دەنگی  جەماوەری کوردستان لە باشوردا، کە ئەوەش ناڕازییبونە بەوهێرشانەی لەسەرخاکی خۆیان دەکرێتە سەریان.

 

"ئاشتی بەبێ کورد بەدینایەت و حکومەتی تورکیاش ئەو ڕاستیە دەزانێت"

ئەم چالاکوانە ئاماژەی بەوەکرد، خۆشبەختانە ئەوەی بینیمان ئاشتی لە باکوری کوردستان هەیە چونکە ئاشتی بەبێ کورد بەدینایەت و حکومەتی تورکیاش ئەو ڕاستیە دەزانێت، نەورۆزی ئەم ساڵیش سەلمێنەری ئەوەبوو کە باکوری کوردستان بەتایبەتی شاری ئامەد کۆکەرەوەی هەرچوار پارچەی کوردستان بوو لە بەشداری پێکردن لە مەراسیمی نەورۆزدا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کۆدەنگی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەردەخات، بەڵام سەبارەت بە قسەکردن و ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، لە ئێستا گەیشتوین بە قۆناغێک کە دەوڵەتی تورکیاش دەبێت دانبەوەدابنێت کە کوردەکان هەریەکەیان لە هەرێمی خۆیاندا دەبێت سەلامەت بێت گیانیان وهێرشە داگیرکاریەکان بوەستێنێت، چونکە ئاشتی بەبێ ئەو مەرجانە بەدینایەت.

 

ڕاشیگەیاند: سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان بارودۆخەکە شتێکی لە باشورجیاوازترە، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان جیاوازیەکی هەیە لە باشوری کوردستان، بەرێوەبردنەی جیاوازتربوو، چونکە ئەو حکومڕانیەی لە ئێستادا لەگەڵ سوریادا دەگونجێت جیاوازترە لە حکومڕانی پێشوو، بەوەی کوردەکان هەر لە ناوچەکانی خۆیانن، ڕەنگە ئە و گۆڕانکاریە بۆ کوردەکان زۆر گرنگیەکی نەبووبێت، چونکە گۆڕانکاری نەبووە، بەڵکو ناڕونیەک هەیە لەدەسەڵاتی سوریادا، چونکە تائێستا سوریا دەسەڵاتی جێگیرنیە و کاتیە، دانیشی پێدانەنراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان، بەڵکوهەندێک لە دیبلۆماتەکانیان لەوڵاتی ئەمریکا نازناوی دیبلۆماتیشیان لێسەنراوەتەوە، ڕاستە لەلایەن هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی پێشوازیی لێکراوە ، هەروەها دەوڵەتی تورکیاش پێشوازی لەسەرۆکی ئێستای سوریا ئەحمەد جۆلانی کرد و وەکو سەرۆکی سوریا دەیبینێت بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتی سوریا حکومەتێکی سەرکەوتوە، لەوانەیە پێکهاتەکەی و شێوەکەشی بگۆڕێت، چونکە هەر حکومەتێک زوڵمی و زۆرداری بکات بەدڵنیاییەوە دەرئەنجامەکەی خراپ دەبێت وشۆڕشگێرێکی زۆری لێپەیدادەبێت.

 

"هەموو کوردێک ئامانجی ئاشتی و دیموکراسی هەیە بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەی"

زوڵفان غەریب، چالاکوان، ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژئاوا لەسەردەمی دروست بوونی داعشدا توانی چۆک بە داعش بدات لەجیاتی هەموو جیهان و ئەمریکا، بۆیە سەرکەوتوانە حکومەتی ڕۆژئاوا بەتایبەتی لایەنە سیاسیەکان توانیان هەمووان ڕێکبخەن و یەک گفتاریان هەبێت، بۆیە بارودۆخەکە لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوا جیاوازن، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نیە کە کوردەکان لە ئامانجەکانیاندا جیاوازبن، هەموو کوردێک ئامانجی ئاشتی و دیموکراسی هەیە بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەی.

 

وتیشی: هەندێک یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕی وەکو هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی کە تایبەت بوو بە بەشودانی کچانی خوار تەمەنی ١٨ساڵ. پەرلەمانی کوردستان شوێنێکە بۆ هەمووارکردنەوەی یاساکان و دیاریکردنی هەندێک یاسا کە لەگەڵ ئەمڕۆماندا بگونجێت، بۆیە بەدڵنیایەوە پەرلەمانی کوردستان چالاک بێتەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاشتی، چونکە دەنگی خۆی دەگەیەنێت، هەروەها بەربژێرە سەرکەوتوەکانیش کە نوێنەری گەلن دەبێت بتوانن دەنگی کۆمەڵگە بگەیەنن بە پەرلەمان.

 

"هەروڵاتێک ئاشتی تێدانەبێت بەدڵنیاییەوە ئەو وڵاتە ناسەقامگیردەبێت"

لە کۆتایی قسەکانیشیدا زوڵفان غەریب وتی: هەر وڵاتێک ئاشتی تێدانەبێت بەدڵنیاییەوە ئەو وڵاتە ناسەقامگیردەبێت، هەروەها حکومڕانی ئەو وڵاتەش دەکەوێتە بارودۆخێکی مەترسیەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر پەرلەمان دەبێت، چونکە کاتێک حکومەتێک سەرکەوتونەبێت دەبێت لایەنە سیاسیەکان لە پەرلەماندا کۆکبن و پرۆژە یاسایان هەبێت، بۆئەوەی دەنگی خۆیان بگەیەنن بە جیهان، بۆیە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتارانیش دەورێکی سەرەکیان دەبێت لە ڕۆڵی ئاشتی، بۆئەوەی بتوانن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتەکانی تردا قسەبکەن.