دەنگی ژنێک لە حەلەب لەبەرامبەر ئامادەنەبوونی ژنان لە دانیشتنەکانی هەڵبژاردن بێدەنگی دەشکێنێت

بەردەوامی دوورخستنەوەی ژنان لە دیمەنی هەڵبژاردن و سیاسیدا، پرسیاری بەرچاو لەبارەی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە سووریای نوێ و ئامادەیی دەسەڵاتە بەرپرسیارەکان بۆ بەشداریکردنی ژنان لە بڕیاردان، نەک وەک فۆرماڵیتییەک، بەڵکو وەک توخمێکی کارا و کاریگەر دەوروژێنێت.

راما خەلەف

 

دیمەشق-دانیشتنەکانی ناساندنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل، کە لەم دواییانەدا لە دیمەشق و حەلەب بەڕێوەچوو، شایەتحاڵی ئامادەنەبوون و بەشداریکردنی ژنان بە شێوەیەکی نزیک بە تەواوی بوو، ئەمەش شەپۆلێکی پرسیار و ڕەخنەی لە بازنەی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵایەتیدا لێکەوتەوە.

 

ئامادەبوونی پیاوان زاڵ بوو بەسەر گفتوگۆکان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل، کە بڕیارە قۆناغی سیاسی داهاتووی سووریا لە قاڵب بدات، وا دیار بوو ژنان بە زۆر لە دیمەنێکدا ئامادە نەبوون کە بڕیار بوو گشتگیر و نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بێت، بەڵام لە حەلەب سەرەڕای بێدەنگی گشتی، دەستێوەردانێکی بەرچاو لە ئەسما مەحمود، چالاکوانی مافی مرۆڤ سەریهەڵدا، کە پرسیاری ئاماژەپێکراوی ئاراستەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد سەبارەت بە دوورخستنەوەی ژنان لەو کۆبوونەوانە، داوای ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی ئەوان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دڵنیابوون لە بەشداریکردنی کاریگەریان کرد.

 

سەبارەت بە هۆکارەکان جانسیت تام، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵایەتی  لە دیمەشقەوەوتی: بەشداریم لە هەردوو کۆنگرەکەدا کرد، کۆنگرەی لیژنەی باڵا لە گوندەکانی دیمەشق، بانگهێشتکردن سنووردار بوو بۆ کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەرانی پارێزگاکە، کە زۆربەیان پیاون. ڕۆژنامەنووس و پزیشک و ئەندازیار ئامادەبوون و ئەو ژنانەی ئامادەبوون لەم گروپە بوون: ڕۆشنبیر و ئەندازیار و پارێزەر. ژنێک لە کەسایەتییە دیارەکان و کەسایەتییە بەرزەکان و بەڕێوەبەرانی پارێزگاکان نەبوو، وە لێرەدا پرسێک هەیە: پۆستی دەسەڵات یان پێشەنگایەتی نادرێت بە ژنان، هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاتێک دانیشتنەکانی ئەنجومەنی گەل بەڕێوە دەچێت، ئامادەبوونی ژنان کەم دەبێتەوە و ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە.

 

جەختیشی لەوەکردەوە کە نەبوونی سیستماتیکی ژنان هەیە، نەک تەنها لە ئەنجومەنی گەلدا، بەڵکو لەوەتەی حکومەتی نوێ دەسەڵاتی لە وڵاتدا گرتووە. تا ئێستا هیچ پۆستێکی پێشەنگایەتی نەدراوە بە ژنان، هۆکارەکەی عەقڵیەتێکی پیاوانە کە ژنان لە هەر پۆستێک دوور دەخاتەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەدەوە ژنان دامەزراون، بەڵام پۆستی پێشەنگایەتی یان بەڕێوبەری بەزۆری تەنها بۆ پیاوان تەرخانکراوە.

 

"ژن بە موچەی کەم دەچەوسێندرێتەوە"

ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بە موچەی کەمەوە دەچەوسێنەوە و خزمەتگوزارییەکانیان بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا پیاوان کە بژێوی سەرەکی بن بۆ خێزانەکانیان، ئەو بڕە پارانە قبوڵ ناکەن، هەرچەندە ژنان تاڕادەیەکی زۆر بەرپرسیارن لە بژێوی ژیانی خێزانەکانیان، بەتایبەتی دوای ئەوەی شەڕەکە ساڵانێکە بەردەوام بوو و ئابووری و دراویش تێکچوو، بەڵام ژنان بە موچەیەکی کەم ڕازی بوون، بۆیە هەلی کاریان دەستکەوت، سروشتی بوو بۆ ئەوان سەرکەوتن بەسەر پلیکانەی پیشەییدا بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگی بەشەکان، دواتریش پێشەنگی بەڕێوەبەرایەتیەکە.

 

جانسیت تام جەختی لەوە کردەوە کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە پێگەیەکی ڕاستەقینە بە ژنان بدرێت نەک پۆستێکی فەرمی، پێگە دەبێت کاریگەر بێت لە سیاسەتی وڵاتدا، تەنها ئەو کاتە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە دەبێت، ئێمەش ڕۆڵێکی ڕاستەقینە بۆ ژنان لە کۆمەڵگەدا دەبینین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانین نەبوونی ئیرادەی کاریگەر بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە ئەنجومەنی گەلدا ببینین، لەنێو ئەو ١١ ئەندامەی لیژنەی باڵادا تەنها دوو کەسیان ژنن، ئەندامە پیاوەکان باس لە نوێنەرایەتی هەرێمایەتی و بۆچی فەرمانبەرانی حکومەت کاندید ناکەن بۆ ئەنجومەنی گەل، لەکاتێکدا ئەندامە ژنەکان تەنها گفتوگۆ لەسەر پرسی ژنان دەکەن، کە هی ئەوانە.

 

جانسیت تام ئاشکرای دەکات، لەو دوو کۆنگرەیەدا کە بەشداریی کردووە، تێبینی ئەوەی کردووە کە ژنان تەنها لەکاتی قسەکردن لەسەر پرسەکانی ژنان مایکرۆفۆنەکەیان بەدەستەوەیە، ئەمە هەڵەیەکی گەورە بووە، هەرچەندە پرسی ژنان گرنگە، بەڵام ناتوانم بەشداریکردنم بەتەنها لەم تەوەرەدا سنووردار بکەم، لە دانیشتنی حەلەبدا، ئەسما مەحمود، چالاکوان ڕەخنەی لە بەشدارینەکردنی ژنان لە لیژنەی باڵا گرت،  وتی: ئەوان تەنها ڕێگەیان پێدرا قسە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان بکەن.

 

"پێویستە ژنان داوای هەڵوێستی ڕاستەقینە بکەن"

وا دیارە پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکان ڕۆڵەکان لەنێوان ئەندامەکاندا دابەش دەکرێن، کاتێک کەسێک پرسیار لە نوێنەرایەتی ژنان دەکات، یەکێک لە ئەندامەکان وەڵام دەداتەوە و جەخت لەسەر مەترسی ئەم عەقڵیەتە دەکاتەوە، وتی: وڵات لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، مافی ژنانیش دەبێت پارێزراو بن، ئەمە هەلی ئێمە و هەلی سووریایە. پێویستە ژنان داوای هەڵوێستی ڕاستەقینە بکەن و ناڕەزایەتی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکبخەن.

 

ئەو دیمەنەی جانسیت تام، چالاکوان باسی دەکات، نەک هەر گوزارشت لە نەبوونی دانیشتنی هەڵبژاردن دەکات، بەڵکو تیشک دەخاتەسەر کەلێنێکی قووڵتر و چەسپاوتر کە پەیوەندی بە پێکهاتەی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی و سیاسیی ئێستاوە هەیە، کە پۆستی پێشەنگایەتی ڕاستەقینە بە ژنان نادات. هەرچەندە هەندێک وەزارەت شایەتحاڵی ئەزموونی سەرکەوتووی ژنان بوون، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێکردووە، نوێنەرایەتیکردن بە وتەی ئەو بۆ زۆربەی بەشەکانی "فەرمی" دەمێنێتەوە.

 

دەنگی چالاکوانانی ژن وەک بانگەوازی بەئاگابوونەوە دەمێنێتەوە، داواکارییەکی ئاشکرا بۆ یەکسانی ڕاستەقینە نەک دروشمی کاتی، ئایا هەرگیز ئەم داواکاریانە جێبەجێ دەکرێن؟ یان مەیدانی سیاسی وەک قۆرخکاری نوخبەی پیاو دەمێنێتەوە؟.