"پێویستە میدیا ئەرکی نیشتمانی خۆی جێبەجێ بکات نەک چاوساغی داگیرکەر بێت"
چالاکوانان و چاودێرانی سیاسی باس لە داگیرکارییەکان بۆ سەر گەلی کورد دەکەن و دەڵێن: لە کاتی جەنگەکاندا چەکداران دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنێک، پێیان وایە دەستدرێژیان کردووەتە سەر نیشتمانەکەیان، میدیاش چەواشەکاری لە ڕووماڵەکانیاندا دەکەن".
هێلین ئەحمەد/ نەرمین ئەحمەد
سلێمانی- لە هەموو سەردەمەکاندا زیانبەرکەوتووی سەرەکی جەنگەکان ژنان و منداڵانن، لە پاش داگیرکردنی خاک و لە ناوبردنی ژینگەی ناوچەکان و بردنی سامانە کانزاییەکانی ناوچەکە، پەل بۆ گرتن و بەدیلکردنی ژنان دەهاوێژرێت، لە کەسایەتی ژندا دەست بەسەر کۆمەڵگەدا دەگیرێت، یاخود لە ڕێگەی بە کاڵاکردنیانەوە و فرۆشتنیان لە بازارەکانی شەڕدا بازرگانی بە ژنانەوە دەکرێت، میدیا لەم بوارەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، نیشاندانی سوکایەتی و شکاندنی کەسایەتی ژنان لەلایەن چەتەکانەوە لە میدیادا، هەنگاوێکە بۆ نیشاندانی هێزی چەتە و ڕێگەیەکە بۆ شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە.
ڕۆژئاوای کوردستان کە لە دوای ساڵی ٢٠١٢ و بەهاری گەلان و هێرشی داعش بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری بووەتەوە، ژنان بەشێکن لەو سیاسەتەی لەلایەن داگیرکەر و چەتەوە بەڕێوەدەبرێت، بە ڕفاندن و ئەشکەنجە و دەستدرێژی کردنە سەریان، دەخوازرێت هێزی چەتەکان گەورە بکرێت، میدیاکانی سەر بە دەسەڵات و بەکرێ گیراوەکانیش لەم ڕووەوە کاریان بووەتە خزمەتکردنی داگیرکەر.
"ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی یەکەمی جەنگەکانن"
سازیان تالیب ساڵح، چالاکوانی ژنان و ڕۆژنامەنووس و خاوەنی ماستەر لە بواری میدیا، باس لە بارودۆخی ژنان لە کاتی جەنگدا دەکات کە بە پێی بڕیاری بە پێی بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتوەکان ژنان لە کاتی جەنگ و دوای جەنگ دەبێت بپارێزرێن، دەشڵێت: جەنگەکان مەترسی توندوتیژی دەروونی و گیانی بۆ سەر ژنان زیاد دەکات، لە هەموو جیهاندا توندوتیژی دژی ژنان باس دەکرێت، بەڵام ئێمە لە باشووری کوردستان باس لە توندوتیژی و دەستدرێژیەکانی جەنگ بۆ سەر ژنان دەکەین، لە کۆنەوە ژنانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیان بەرکەوتووی جەنگەکان بوون، هەروەک هێرشەکانی داعش چەندین ژن ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و گرتن بوونەوە، هەڵگرانی بیر و باوەڕی ئیسلامی لەژێر ناونیشانی داعشدا ژنان وەک کاڵایەک دەستبەسەر دەکەن، لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و بە بازاڕکردن لە وڵاتیکی دیکە دەبنەوە.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بە ژنان لە ژێر ناونیشانی شەرەفدا کرد، وتی: کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی تا ئێستا کار لەسەر هێز و بازووی پیاوان دەکات، تا ئێستا شەرەفی ژن بە شەرەفی خۆیەوە دەبەستێتەوە، بێ ئاگا لەوەی ژنانیش وەک هەر بوونێکی دیکە شەرەفی خۆی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، هەروەها کۆمەڵگە ژنانێکی بە ئیرادەی بەرهەم نەهێناوە تا بە پلە دوو سەیر نەکرێت، لە نێو ماڵەکانیاندا کچان دەبێت گوێڕایەڵی نێرینەکان بکەن و هەردەم بە پلە دوو سەیر دەکرێن، هەروەها لە جەنگەکانیشدا بە هەمان فکری پیاوسالاریەوە لە ژنان دەڕوانن، پیاوان هەڵگری هەمان ئەو ئەقڵیەتە چەقبەستووەی کۆمەڵگەن و سەیری ژنانی پێدەکەن، بۆیە ژنان دووبارە لە جەنگەکانیشدا بەرکەوتەی یەکەمی جەنگ دەبن، لە کاتی جەنگەکاندا چەکداران دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنێک، پێیان وایە دەستدرێژیان کردووەتە سەر نیشتمانەکەیان، لە ئەنجامی جەنگەکاندا تەنها لە ڕێگەی بردنی خاک و وێرانکردنی ژینگە و بردنی نەوتەوە ناوەستن، هەروەک بینیمان دار زەیتونەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان گواستەوە، بە هەمان شێوە لە ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا ژنان بەدیل دەگرن تا شەرەفی وڵاتەکەیانی پێ لەناوببەن.
"هەندێک لە میدیا کوردییەکان شەرمنانە ڕووماڵی ئەم ڕووداوانە دەکەن"
هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی ئاماژە بە ڕۆڵی میدیاکان لە گەیاندنی ڕاستییەکان بە گەل دەکات و دەڵێت: بەداخەوە تا ئێستا میدیا کوردییەکان ڕۆڵێکی لاوازیان لە ڕووماڵکردنی ئەم جینوسایدە گێڕاوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت. لە ئێستادا میدیای زۆرمان هەیە کە حزبین و نەیانتوانیوە چاوێکی ڕووناک کەرەوە بن بۆ بەسەرهاتەکانی گەلی کورد لە جیهاندا. ئێمە دەبینین کە لە هەندێک شوێن گەل و شەرڤانان بە دیل گیراون و سووکایەتییان پێدەکرێت، هەروەها ماڵی هاوڵاتییان تاڵان دەکرێت، بەڵام هەندێک لە میدیا کوردییەکان ئەوەندە بە شێوازێکی لاواز و شەرمنانە ڕووماڵی ئەم ڕووداوانە دەکەن، کە وەک هیچ پەیەوەندییەکیان بەم نیشتمانەوە نەماوە.
"ئەرکی ئێمە پاراستنی یەکترە، نەک جینوسایدکردن"
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان کە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین دەکرێت بگەرێنەوە ناوچە کوردییەکان، بەڵام ڕیکخراوێکی کوردی لەم پرۆسەیەدا دەستی هەیە و من خۆم وەک شەرمەزار دەبینم، کە کوردێک دەستی لە جینوسایدکردنی کوردێکی دیکە هەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەرکی ئێمە پاراستنی یەکترە و تا ئێستا من هەواڵێکم لە بەرپەرچدانەوەی ئەم کردەوە لە نێو میدیاکاندا نەبینیوە. میدیاکانی دیکە دەتوانن هەواڵی سەختە و چەواشەکاری بڵاو بەکەنەوە بۆ ئەوەی کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنێک نیشان بدەن، بەڵام لە دۆخی ئێستادا کە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژەڤی هەموو جیهانە، بە هۆکاری نەبوونی مووچە، ئەم بارودۆخە لە سێبەردا دەهێڵنەوە.
"میدیاکان ئەرکی نیشتمانییان لەسەرە"
هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی، لە کۆتاییدا وتی: میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم لە جیهاندا و چاوی هاونیشتیمانییەکان، پێویستە چاویان لەسەر ئەو جینوساید و داگیرکەرییانە بێت کە لە خاکەکەمان بەڕێوەدەچێت. دەبینین کە لە باشووری کوردستان لە ناوچەکانی دهۆک و ئامێدی چۆن سەربازەکانی دەوڵەتی تورکیا دێنە ناو ناوچەکە و بارەگای لێ دروست دەکەن، بەڵام جیاواز لە هەندێک میدیا، میدیاکانی دیکەی باشووری کوردستان ئەم ڕاستییەیان وەک ئەوەی کە هەیە نیشان نەدا، بۆیە پێویستە میدیاکان سەر بە هەر حزبێکیش بن، بە ئەرکە نیشتمانییەکانیان هەستنەوە و ئەو داگیرکارییەی کە لەسەر تاک بە تاکمان بەڕێوە دەچێت نیشان بدەن و ڕای گشتی بهێننە دەنگ و کۆدەنگییەکی لە جیهاندا بۆ سەر دۆخی ئێستای گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکەن.