"گەورەترین حزبی سیاسی باشووری کوردستان چاوساخی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە"

لە ١ی کانوونی دووەم تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چەندین زنجیرە هێرشی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی بۆ خاکی باشووری کوردستان و عێراق ئەنجامداوە و تیایدا ١٨ هاوڵاتی گیانی لەدەستدان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامی هەیە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان و عێراق، حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاست هێرشە درۆنییەکان و داگیرکارییەکاندا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لە ئەنجامی هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا هاوڵاتیانی مەدەنی، ژینگە و خاکی باشووری کوردستان بە ئامانج دەگیرێن و زیانیان پێدەگات، بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا تا کۆتای مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ٢٩ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج گیراون:

 

_٢٠ی شوبات فڕۆکەی بێ فۆڕۆکەوان، بۆردوومانی چیای سێرێ لە گوندی کافیا، سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ کرد، لە ئەنجامی هێرشەکە هاوڵاتی عارف تەها، بەشیر عومەر عەلی گیانی لەدەستدان، هاوڵاتیەکی دیکەش بریندار بوو.

 

_٢٩ی شوبات، لە ئەنجامی هێرشێکی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمۆبێلێکی کۆمیتەی شەهیدانی شەنگال، شۆفێر سەعدوون میرزا عەلی گیانی لەدەستدا.

 

_ ٨ی ئادار، دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی بۆ سەر گوندی دێوکێی سنووری شیرادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد، لە ئەنجامدا سەعید موبارەک و ئارا فەرەج گیانیان لەدەستدا، کەسێکی دیکەش بە ناوی ساڵح موبارەک دەکاتە برای یەکێک لە شەهیدەکان بە سەختی بریندار دەبێت، هەر لە هەمان ڕۆژدا دەوڵەتی داگیرکاری تورک هێرشی ئاسمانی بۆسەر شەنگال ئەنجامدا و لە ئەنجامدا شەرڤانی یەپەژە بە ناوی مەجد حەسەن خەلف گیانی لەدەستدا.

 

_١٣ی نیسان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردوومانی خانویەکی لە سنووری شارباژێڕ کرد، لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی محەمەد سەعید گیانی لەدەستدا.

 

_ ١٨ی نیسان، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە سنوری برادۆست کرد، لە ئەنجامدا سەرەوەر حاجی قادر گیانی لەدەستدا.

 

_٢٨ی نیسان، لە سنوری چیای خنێرە دوو هاوڵاتی لە سنورەکانی ڕۆژهەڵات بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، بە ناوەکانی ئەحمەد حەیدەری، ڕەسولی چەکالی، کە هاوڵاتی ناوچەی سەردەش بوون، گیانیان لەدەستدا.

 

_٨ی تەمووز، ئۆتۆمۆبێلێکی پەیامنێرانی چرا تیڤی و چرا ئێفئێم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە سنوری تەلقەسە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا کرانە ئامانج و شەش هاوڵاتی بریندار دەبن، یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی موڕاد میرزا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

_ ١٨ی تەمووز، ناوچەی بەریسکێ لە شارۆچکەی شیلادزێ لە لایەن دەوڵەتی توورکیاوە بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا عوسمان ڕەشدی کە پیشەی هەنگەوانی دەبێت، گیانی لەدەستدا.

 

_ ٢٣ی ئاب، تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر، کە بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوویان لە سنوری شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی کردبوو، لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج و بە هۆیەوە هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان بەختکرد و ڕۆژنامەنوسێکی دیکە بە ناوی ڕێبین بەکر بە سەختی بریندار بوو.

 

_٣ی ئەیلوول، تۆبارانی گوندی مێرگەحەوش لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا شوانکارێک بە ناوی بەدیع کەمال محەمەد گیانی لەدەستدا.

 

_ ٤ی ئەیلوول، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیانی مەدەنی دەکات لە سەر ڕێگەی خەلەکان کانی وەتمان بە دیاری کراوی لە نزیک شارەدێی خەلەکانی سەر بە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامدا باوکێک بە ناوی موزەفەر حسێن خدر عەوڵا ناسراو بە موزەفەر مۆزۆ، لەگەڵ دوو کوڕیدا بە ناوەکانی موحەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر گیانیان لەدەستدا.

 

_ ٥ی ئەیلوول، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆڕدوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی مەدەنی، لە گوندی هەرمێلەی سەر بە شارۆچکەی چوارتا لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، یەکێک لە شەهیدەکان بە ناوی بورهان سەعید شەریف، دووهەمیان منداڵێک دەبێت کانۆلای لەدەستا بوو، بەڵام هاوڵاتی سێهەم ناسنامەی ئاشکرا نەبووە.

 

_ ١٠ی ئەیلوول، ماڵێک لە کامپی مەخموور لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە بۆردوومان دەکرێت، لە ئەمجامدا سێ ژن بە ناوەکانی گوڵ ئۆزەک، عەزیمە کابول و ئەدیبە پاکسۆی بریندار بوون.

 

"هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان دەکرێنە ئامانج "

شادیە بەکر، مامۆستای زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، هێرش و داگیرکاریەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سەروەری عێراقە و دەڵێت: دەوڵەتی دراوسێ وەک دەوڵەتێکی بێگانە و داگیرکار بە گوێرەی یاساکان ناتوانێت سنوورە ئاسمانی و زەمینییەکانی باشووری کوردستان و عێراق ببەزێنێت، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکان و زەمینییەکان بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، کە پێشێلکاری تەواوی یاسا و مافە جیهانییەکانە، دەوڵەتی داگیرکەر پێشێلی تەواوی سەروەرییەکانی خاکی عێراق دەکات، هەروەها لە هێرشەکاندا گوندنشینان و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانج، ڕەز و باخی هاوڵاتیان بەردەوام دەسوتێندرێن، تەواوی یاساکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە پێشێل دەکرێت.

 

ئەو مامۆستایە وتی: زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە باشووری کوردستاندا سەر بە لایەنێکی دیاری کراون، بۆیە تەواویان کار بۆ داگیرکەرانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، هەروەها سەردانیکردنی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر دیسانەوە هۆکارێکی دیکە و ڕێککەوتنێکی نوێی دیکە بوو بۆ زیادبوون و دەستکراوەییان لە هێرش و داگیرکارییەکاندا، سەردانییەکەیان ئاماژەبوو بۆ هێرش و داگیرکاری، دوای سەردانەکە بەغدا بانگەوازی ئەوەی کرد هاوکاری بۆ دەوڵەتی تورکیا ناکات، بەڵام بێدەنگی هەڵنژاردن بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و عێراق دەکرێت، ئەم بێدەنگییەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان گرتویانەتە بەر هۆکاری سەرەکیە بۆ دەست واڵاکردنی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیان بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدەن.

 

"گەورەترین حزبی سیاسی باشووری کوردستان چاوساخی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە"

شادیە بەکر، ئاماژەی بەوەکرد، بێدەنگی و بێ هەڵوێستی لایەن و حزبەکان و سەرکۆنە نەکردنیان، هۆکاری ئەو چاوساغییەی داگیرکەرانی کوردستان و هێرشەکانیانە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، دەڵشێت: گەورەترین حزبی سیاسی باشووری کوردستان چاوساخی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، بەڵام هەبوونی ئەو داگیرکارییە دەکرا گەل هاودەنگ و هاوهەڵوێست دژ بەو دەسەڵات و لایەنانە بووەستێتەوە لە باشووری کوردستاندا کار بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکەن، گەنجان و هاوڵاتیان زیانبەرکەوتووی یەکەمن لە ئەنجامی هێرشەکاندا، هاوڵاتیان بە دەنگ هەڵبڕینیان و کار و خەباتکردنیان ئەم هێرشە ئاسمانی و زەمینیانەیان دەتوانن بوەستێنن.

 

لە کۆتاییدا ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا، لە ڕێگەی هێرش و داگیرکارییەکانەوە بۆمان دەردەکەوێت دەوڵەتی تورکیا ئامانجی بەدەستهێنانەوەی میساقی میلییە، لەڕێگەی تێکدانی ژینگە و بۆردوومانکردنی ناوچە سنورییەکان و تێکدانیانەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانەوەی دەدەن، وتیشی: داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی بڕینەوەی دارەکان و تێکدانی خاکی باشووری کوردستان و گرتن و شەهیدکردنی بیری ئازادەوە هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی عێراق و باشووری کوردستان دەدات، هەروەها لە ڕێگەی جاسوسانی باشووری کوردستانەوە گەنجانی ئازاد و فکری ئازاد بە وڵاتانی دراوسێمان دەفرۆشن، لە کاتێکدا لە باشووری کوردستاندا گەنجانمان بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندان دژ بە دەسەڵات و دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا.