پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ...٢

هەرچەندە لە باشووری کوردستان کرانەوە و هۆشیاری هەبێت، بەڵام هێشتا کەسانی داکۆکیکار بەتایبەت ژنانی چالاکوان لە کارەکەیاندا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و ناتوانن ئازادانە داکۆکی لە مافی مرۆڤ بکەن، بەڵکو هەمیشە بەربەست و ڕێگری لەبەردەمیاندا هەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەرێم-باشووری کوردستان یەکێکە لەو ناوندانەی بە ئاشکرا پێشێلی مافی مرۆڤی تێدا دەکرێت، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەندەڵی و قۆرخکردنی سامانی وڵات و سەر کەچەڵکردن و سوکایەتی بە تاک و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە دیارترین حاڵەتەکانی پێشێلی مافی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن، چالاکوانان و ئەو کەسانەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، دەچەوسێندرێنەوە و ژیانیان دڵنیا نییە، هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتانی داگیرکەر و حکومەتی دەسەڵاتدار دان، چەندین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروستدەبێت، بە تایبەت ئەو چالاکوانانەی لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەطی داگیرکەری تورکیا و وڵاتانی دیکە کار دەکەن.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە لە ٢٠ی ئاداری ئەمساڵدا لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاویکردووەتەوە، باس لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەستبەسەر دەکەن، بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای گەندەڵی و خراپییەکانی دەسەڵاتەوەن، حکومەتیش نەیتوانیوە ئەوانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی سزا بدات، لە ڕاپۆرتێکی دیکەی نێودەوڵەتیدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی لێبووردنی نیودەوڵەتی لە ٢٨ی ئادار بڵاوکرایەوە، لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە هاتووە، "هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان". ئەمانەش ئاستی ئازادی و دیموکراسی هەرێمی کوردستان دەردەخات.

 

"پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستاندا ڕەوتێکی بەردەوامە"

ڕووناک حەمە غەریب، چالاکوانی مەدەنی، ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی کار دەکات، دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە باشووری کوردستان ڕوونیکردەوە، پێشێلکاری لە جیهاندا و بێجگە لە هەرێم ڕەوتێکی بەردەوامە، هەبوونی جەنگ و ئەو قەیرانانەی لە پاش جەنگ دروستدەبن، یاخود بوونی جینۆساید، ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن هەموویان نمونەن لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.

 

دەربارەی چوار پارچەی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، گەورەترین پێشێلکاری کە بەرامبەر کورد دەکرێت، ئەو بۆردومانانەیە کە دەوڵەتی تورکیا ماوەی سی ساڵە بە بەردەوامی ئەنجامی دەدات و بۆردومانی سنورەکان دەکات.

 

"لە باشووری کوردستان پێشێلکاری بەرامبەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەکرێت"

ڕووناک حەمە غەریب، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بۆردومانەکانەوە نزیکەی ١٦٠ گوند بۆردومان کراون، خەڵکێکی زۆر هەن بەهۆی بۆردومانەکانەوە کەسێکی ئازیزیان لەدەستداوە و تا ئێستاش هیچ قەرەبوویەکیان وەرنەگرتووەتەوە، ئەمەش گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤە کە لە کوردستان ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش پێشێلکاری دیکە بوونیان هەیە، وەک ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووس و کەسانێک ئەنجام دەدرێت، کە ئازادانە ڕای خۆیان دەردەبڕن، چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هەن بەهۆی ئازادی ڕادەربڕینەوە ڕووبەڕووی بەندینخانە و توندوتیژی بوونەتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، هەموو داکۆکیکارێکی مافی مرۆڤ بەهۆی ئەو کارەی ئەنجامی دەدات لە بەشێکی ژیانیدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، چونکە سروشتی کارەکەیان بەو شێوەیەیە بەر ئەو کەسانە دەکەون کە ستەمیان لێکراوە و تۆ لەسەر مافی ئەوان قسە دەکەی.

 

"حکومەتی هەرێم بۆ خۆی پاڵپشتی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناکات"

ڕووناک ئاماژەی بەوەدا، زۆرکات جۆری هەڕەشە و مەترسییەکان دەکەوێتەوە سەر ئەو جوگرافیایەی کە داکۆکیکار تیایدا نیشتەجێ بووە، یاخود ئەو شوناسەی هەڵیگرتووە، بۆیە ڕێکخراوی CPT یش لە باشووری کوردستان بێبەش نەبووە لەو هەڕەشە و مەترسیانە، وتیشی؛ کاتی وەها هەیە حکومەتی هەرێم بە چاوی دوژمنکارانە لەو ڕێکخراوانە دەڕوانێت کەلە بواری کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤدا کار دەکەن، ئەوە یەکێکە لە بەربەستەکان، جگە لەوانەش چەندین ڕێگری دیکە هەن، یەکێکی دیکە بریتییە لەوەی وەڵامی دەستپێشخەری داواکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناداتەوە و هەماهەنگی لە نێوان ڕێکخراوەکان و حکومەتدا بوونی نییە.

 

"چالاکوانانی ژنان هەڕەشەی زیاتریان لەسەرە بەرامبەر بەو داکۆکیانەی دەیکەن"

ڕووناک دەربارەی کاری چالاکوانانی مافی مرۆڤ و شێوازی درێژەدان بە چالاکییەکانیان ڕوونیکردەوە، باشترین ڕێگا بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی کات، بریتییە لە ڕاستگۆیی، جگە لەمەش پێویستە ئەو کەسانەی کار دەکەن بۆ مافی مرۆڤ بەڕاستی باوەڕیان بەو مافانەی مرۆڤ بێت کە پێشێلکراوە، بۆ ئەوەی ببنە پردێک بە گەیاندنی پەیامی ئەو خەڵکە.

 

دەربارەی ئەو داکۆکیکارانەی ژنن و کار دەکەن بۆ مافەکانی مرۆڤ، وتی: ئەو کەسانەی کار دەکەن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێک بن ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، خۆ ئەگەر هەڵگری شووناسێکی وەک عێراقی و کورد بن، بێگومان زەحمەتییەکان زۆرتر دەبن، بە تایبەت تر بۆ ژنانی چالاکوان کە هەمیشە توندوتیژییەکان و بەربەستەکان بۆسەر ئەوان زیاترن.

 

لە کۆتایدا ڕوونیکردەوە، لە ئاستی جیهانیدا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بارودۆخەکە گونجاو نییە بۆ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چونکە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و توندوتیژی دەبنەوە.