عێراق، بەشداری ژنان لە پۆستی بڕیاردانە سیاسییەکاندا هێشتا سنووردارە

بەهۆی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی کۆمەڵگەوە و فشارخستنە سەر ژنان و ڕێگرییەکانی بەردەمیان، لە عێراقدا سەرەڕای بوونی تواناکانی ژنان، بەڵام ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا پەکخراون.

ڕامان شاهین

 

بەغدا- دۆخی ژنانی عێراق بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت، چالاکوانان هۆکارەکانی پەکخستنیان بۆ دۆخی ژنان و مانەوەیان لە ژێر کولتووری چەقبەستوو و بوونی توندوتیژییەکانی سەریان دەگەڕێننەوە، هەرچەندە ژنانی عێراق چەندین ساڵە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی بەشداریکردن لە هەموو بوارەکانی ژیان و بەتایبەت لە پرۆسەی سیاسیدا وەک دەنگدەر و کاندید دەکەن، تا ڕۆڵی خۆیان وەک بوونێکی کارا لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، بەڵام کولتوورە چەقبەستووەکەی کۆمەڵگە ژنانی پەکخستووە.

 

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراق شاهیدی بەشدارییەکی گەورەی ژنانی عێراق بوو لە بواری سیاسیدا، بە تایبەتی لە ژێر چەتری پەرلەمانی عێراقدا، کە توانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کاندید بکات و ژمارەیەک کورسی پەرلەمان بۆ ژنان دەستەبەرکرا، دواتر هەنگاوەکان زیادیان کرد و پۆستی باڵای حکومەت درایە ژنان و لێهاتوویی خۆیان لە سەرکردایەتیکردن و توانای بەڕێوەبردنی حوکمڕانی وڵاتەکەدا سەلماند.

 

دەستووری عێراق مافی کارکردنی لە بواری سیاسیدا بە ژنان داوە، لە بڕگەی چوارەمی ماددەی ٤٩ی دەستووری عێراقدا هاتووە، بەشداریکردن هۆکارێکی گرنگە، هەر بۆیە ژنانیش ڕێژەی ٪٢٥یان داناوە، ئینتیسار شەمەری، چالاکوانانی بواری سیاسی لەو بارەیەوە دەڵێت: "ژنان قەوارەی تایبەت بە خۆیان هەیە و مافی ئەوەیان هەیە، هەر کارێک لە هەر بوارێکدا ئەنجامبدەن، هەروەها توانا و ئیرادەی ئەنجامدانی هەر کارێک یان بڕیاردانیان هەیە"، دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە بڕیاردانی سیاسی لە عێراقدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ژنان بەشداریان لە نووسینی دەستوور و بەدەستهێنانی پشکەکان کردووە، بەڵام بەشداریکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا سنووردار کراوە و گرنگی پێنادرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی هەیە سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، دەبێت جێبەجێیان بکات، وەک بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پێویستە وڵاتانی ئەندام پابەندبن بە پێدانی مافی بەشداریکردن بە ژنان لە بواری ئاسایش و ئاشتی و هەروەها لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابووری و بڕیاردان.

 

"ئەگەر کۆمەڵگە ڕێگە خۆشنەکات بۆ چالاکی ژنان، سەلماندنی تواناکانیان کارێکی ئەستەم دەبێت"

ئیبتیسام شەمەری دەربارەی ڕەخنەی ژنان لە میانەی کارکردنیان لە بواری سیاسیدا ڕوونیکردەوە، هەمیشە ژنان ڕەخنەیان لێدەگیرێت کە بە باشی دەسەڵاتیان پێنەدراوە، دەڵێت: کارکردن پرسێکی ئاسان نییە، ناتوانین باز بدەینە سەر ڕاستی دۆخی کۆمەڵگەکە ئەگەر تواناکان لەبەردەستدا نەبن، بەدڵنیاییەوە ڕەخنەیان لێدەگیرێت و بزووتنەوەی ژنانیش لە عێراقدا کەوتووەتەبەر ڕەخنەی زۆر، بەڵام ئەمە ڕێگری ناکات، چونکە ژن هەن کە بوونەتە هێما و جێپەنجەی خۆیان بەجێهێشتووە و تا ئێستاش خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ژنان  پۆستە جیاوازەکان بگرێتە ئەستۆ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پەراوێزخستنی ژنان لە کۆمەڵگە و ژیانی سیاسیدا ئاماژەیە بۆ ڕادەی نەبوونی دیدگای زانستی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا، ژنان بوونیان هەیە و هەوڵدەدەن بگەنە هەموو بوارەکان و هەموو مافەکانیان بەدەستبهێنن، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی پیاوان و ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی هەوڵەکان پوچەڵ دەکاتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیبتیسام باسی لەوەکرد، میدیاکان وەک پێویست ڕۆشنایی لەسەر بزووتنەوەی فێمینیست ناخەنەڕوو، سەرکردە حزبییەکانی سەر بە دەسەڵات هەوڵی دوورخستنەوەی ژنان دەدەن، بۆ چارەسەری پێویستە کولتووری یەکسانی جێندەری بەرەوپێش ببرێت و بڵاوبکرێتەوە، هەروەها پرسی بەشداریی ژنانیش بەرەوپێش بخرێت.

 

"ژنان لە بواری سیاسی دووردەخرێنەوە"

خەیال جەواهیری، چالاکوانی ژنان، تیشکی خستەسەر زۆرێک لەو پارتانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراون، ڕۆڵیان هەیە لە بەهێزکردنی ژنان، بەڵام هێشتا پێویستیان بە هەوڵی زیاترە سەرەڕای ئاستەنگیەکان، بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و ڕۆڵی خۆیان بگرنەبەر، وتیشی: کۆمەڵگە هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ ژنان و جیاکاری بەرامبەریان دەکرێت، نوێنەرایەتی ژنان لە سەردەمی حکومەتی ئێستادا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، هۆکاری ئەمەش بۆ نەبوونی فشاری ژنان دەگەڕێنێتەوە و بە کەم سەیرکردنی پیاوان بۆیان.

 

لە کۆتایدا خەیال جەواهیری وتی: لە گرینگترین هۆکارەکانی لاوازی بەشداری و ئەدای ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا بریتییە لە، نەبوونی توخمە فێمینیستییە چالاکەکان، سنوورداربوونی ئەزموونی سیاسیی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی، هەژموونی سەرکردەکانی حیزب و بلۆکە سیاسییەکان بەسەر ژناندا، پرسیارکردنی بەردەوام لە تواناکانی ژنان، جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پەرەپێدان و چاکسازی و پشتگیریکردنی توخمە فێمینیستەکان.