ئایشە ئەفەندی: پێویستە دژی ئەنفال یەکێتی خۆمان بەهێز بکەین

ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات ئاماژەی بەوەدا ئەنفال جینۆسایدی گەلی کورد بووە و ئەمڕۆ هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدرێت، "ئێمە نابێت ڕێگە بدەین مێژوو دووبارە ببێتەوە".

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦-١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، لە دژی کوردانی باشوری کوردستان کۆمەڵکوژی بەرفراوانی ئەنجامدا، زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەس کوژران، ٤ هەزار گوند و ٣٠ شارەدێ سوتێنران، ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالدا تێپەڕدەبێت و ئێشتا ئازاری ئەو کۆمەڵکوژییە لە دڵی کورداندا زیندووە.

 

ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باسی لە کۆمەڵکوژییەکانی سەر نەتەوەی کورد کرد کە بە سەدان ساڵە هێزە هەژمونگەراکان لە دژی گەلی کورد لە ڕێککەوتندان، "کۆتا ڕێککەوتن لەگەڵ قەیرانەکانی سوریا دەستیپێکرد کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ و هێزە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن نەخشەی کوردان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان داڕێژن، لە مێژووی کورددا دەیان سەرهەڵدان و شۆڕشی تێدایە کە خامۆشکران و چەندین کۆمەڵکوژیشی گەورەشی تێدایە کە دەکرێت بە لەناوبردن بەناو بکرێت".

 

ئایشە ئەفەندی باسی لە ساڵیادی ئەنفالی باشوری کوردستان دەکات کە کۆمەڵکوژییەکە هەریەک لە ڕێگەکانی سێدارە، سەربڕین، چەکی کیمیایی، تالانکردن و وێرانی، دەستدرێژی بۆسەر ژنان و ئاوارەبوونی تێدا کرا، وتیشی: " سەدام حوسێن دەیوت لە کتێبی پیرۆزدا سورەتی ئەنفال هەیە، بۆیە ئەو کۆمەڵکوژییەم کرد، ئێمە ئەوەمان لە هێرشی داعشیشدا بینی، کاتێک بە هەمان ناو و بیرەوە هێرشیان کردەسەر هەرێمەکانی کوردان، دوژمنانی کورد هەوڵدەدەن ئەمڕۆ مێژووی خوێناوی خۆیان دووبارە بکەنەوە و کورد بە کۆمەڵکوژی دیکەدا تێپەڕێنن".

 

"هەوڵدەدەن شەڕی کورد بە کورد بکەن"

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان باسی لەوەکرد پێویستە هێزە کوردییەکان خیانەت نەکەن، بەڵکوو لە دژی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکان هێڵی بەرخۆدان و یەکێتی کوردان بەهێز بکرێت، "بەداخەوە جارێکی تر بنەماڵەی بارزانی خیانەتیان دووبارە کردەوە و ئەمجارە پەدەکە ئاستی شەڕی برایەتی تێپەڕاندووە و خیانەت دەکات، ئەمە بە ئامانج دەکرێت هێزە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتی تورک دەیانەوێت کوردان لەناوببەن، لە باشوری کوردستان دەوڵەتی تورکیا کاریگەری هەیە، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت پلانێکی خراپ لە باشوری کوردستان بەڕێوەدەبات، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتنیان هەیە و هێرش دەکەنە سەر خاکەکەمان، بۆیە با دەوڵەتی تورکیا، پەدەکە و هێزەکانی دیکە دڵخۆش نەبن چونکە کۆمەڵکوژی ڕابردوو دووبارە نابێتەوە، شۆڕشەکەمان کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، لەناوناچێت و ڕۆژ بە ڕۆژ بە خوێنی ڕۆڵەکانمان گەشەی پێدەدەین".