داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی باشووری کوردستان تا دێت زیاد دەکات

بەردەوام داگیرکاری بۆسەر خاکی کوردستان بوونیان هەیە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە هۆکاری ئەمەش بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کرانەوەی سنورەکانە بە ڕووی دوژمناندا و هاوکاریکردنی حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوورە بۆ دوژمنان تا درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامە، بە جۆرێک دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی سیخوڕییەوە کە لەناو شارەکان زیاد بووە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هێرش بکات و بە قوڵایی زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتر لەناو باشووری کوردستاندایە، هێرشەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە، تا دەگاتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی سڤیل، گوند و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان و عێراق تۆپ باران دەکات، خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، دەوڵەتی تورکیا تەنها ئامانجی پەکەکە و بزاڤی ئازادی گەلی کوردستان نییە بەڵکو هەموو کوردە بە گشتی.

 

ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتداری باشووری کوردستان و هاوکاریکردنی یەکتر، چارەنووسی کورد بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات، پێویستە حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێتە دەنگ، گرنگە هەمووان بزانن ئەو هێزەی لە ڕۆژئاواو شاخ بەرخۆدانی دەکەن ڕێگرە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، و ڕێگە نادات عیراق پارچە پارچە ببێت، ڕێگە بە سەرکەوتنی پلانی داگیرکاران نادات.

 

بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا ڕۆژئاواو و باشووری کوردستان مەترسیان لەسەرە بۆیە دەبێت گەل خاوەن هەڵوێست بێت، ڕێگە نەدات دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای داگیرکارییەکانییەوە دەستکەوت بەدەست بهێنێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک بێنەدەنگ کە چیتر دوژمنان بە جۆرێک لێکی نەدەنەوە کە کورد و خاکی کوردستان بێخاوەنە، بەڵکو لە پێناو خاک و نەتەوەکەیان بە ڕووی دوژمنان بووەستنەوە خودی حکومەتی عێراقیش سیاسەت و ڕێکاری تایبەتی خۆی بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی دوژمنان جێبەجێ بکات، ڕێگە نەدات چیتر دەوڵەت و هێزێکی دیکە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلانی جیاوازی نێو عێراق بدات و سیاسەتی خۆی لەناو عێراقدا جێبەجێ بکات.

 

"ڕێگە خۆشکەری داگیرکاران بۆ هێرش و داگیرکاری لەناوخاکی باشووری کوردستان خودی دەسەڵاتدارانن"

هاوڵاتیان دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئاژانسی نوژنها قسەیانکرد، حەیات عوسمان باسی لەوەکرد کە لەسەر هەموو تاکێکی کورد پێویستە خاک و نیشتیمانی خۆی خۆشبوێت، بۆ ئەمەش کە بەردەوام داگیرکاری هەیە پێویستە لە ڕێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەوە بێنە دەنگ، داگیرکەرانیش بەهۆی بەپیتی و دەوڵەمەندی خاکی کوردستان بەردەوام چاویان بڕیوەتە خاکەکەی و هەوڵی داگیرکردنی دەدەن.

 

هەرچەند گەڵ و نەتەوە خاکی خۆی بوێت پێویستە حکومەت و دەسەڵات زیاتر لە خەمی خاک و نەتەوەکەیدا بێت بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەو جۆرە نییە بەڵکو دەسەڵاتداران تەواو بێدەنگن لە ئاست داگیرکارییەکاندا، سنورەکانیان بە ڕووی دوژمنان کردووەتەوە هەر بۆیە دوژمن بە ئاسانی دەتوانێت هێرش و تۆپ بارانەکانی ئەنجام بدات، بەڵام گەل پێویستە فشاربخاتە سەر حکومەت و دەسەلاتداران لە پێناو پاراستنی خاک و نەتەوەکەیاندا.

 

"دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕێگە دەدەن خوێنی شەهیدان بە بادا بڕوات"

پڕشنگ جەلال، دانیشتوی شاری سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، خاڵی پشکنین لەناوجەرگەی هەرێم و شارەکانی باشووری کوردستان هەن و دەسەڵاتداران بۆ میلەتەکەی خۆیان حکومڕانی دەکەن بەڵام سنورەکانمان بەدەست دوژمنانەوە دەناڵێنن، چونکە دەسەڵاتداران خۆیان لێی بێدەنگن و ڕێگە خۆشدەکەن بۆ داگیرکردنی خاک و نەتەوەی کورد.

 

وتی "خاکی کوردستان وەک ئاڵتوون وایە بۆیە داگیرکەر هێندە چاوی لەسەرە ، حکومەتیش قەدری وڵاتەکەی خۆی لانییە"، ئاماژەی بەوەدا کە خودی خۆی خوشکی شەهیدە لە ڕێی خاکی کوردستاندا بەڵام دەسەڵاتداران و خاوەنی ئەم خاکە زۆر بە ئاسانی خاکیان داوەتە دەست دوژمنان و خوێنی ئەو هەموو شەهیدە بە هەدەر دەدە.

 

لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەگەر لە خەمی میلەتەکەی خۆشیاندا نین لە بەرامبەر خوێنی ئەو شەهیدانە بێنە دەنگ و ڕێگری لە داگیرکاری بگرن لەناو خاکەکایاندا.

 

نا سەقامگیری هەرێم گەنجی لە هەرێمدا نەهێشت

جگە لەبوونی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکانی هەرێمی کوردستان و خراپی دۆخی ئابووری کە بەردەوام هاوڵاتیان و گەنج پێوەی دەناڵێنن کە بەشێکیان بە سیاسەت و لە پێناو بەرژەوەندی سیاسەتمەداراندا دروست بوون، بوونی هێرش و تۆپباران و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشووری کوردستان ژیانی هاوڵاتیان بە گشتی و گەنجی خستووەتە نائارامییەوە، ئەمەش وایکردووە گەنج پەنا بباتە بەر ڕۆیشتن بۆ وڵاتانی دەرەوە و کۆچکردنیان.

 

لەم بارەیەوە بەدیعە مەجید بە نوژنهای وت "حکومەت بێ هەڵوێستە لەئاست کۆچکردنی گەنجان بۆ ئەوروپا، لە کاتێکدا بستێک خاکی کوردستان هەموو دنیا دەهێنێت و پێویستە گرنگی بدات بە ژیانی گەنجان و دۆخی ئابووری میلەتەکەی و ئارامیان بۆ دابین بکات، ڕێگری لە دوژمن بکات تا چاو لە خاک و نیشتیمانی کورد نەبڕێت".