" بەس برایان دەتوانن ببنە بەرپرسی مەڵبەندەکان"

لە دوای کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ڕێژەی ژنان لە ناو کۆمەڵەدا زیادی کردووە، بەڵام ژنان ناتوانن بەرپرسیارێتی مەڵبەندەکان وەربگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

١٨ی شوبات، کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی لە پێشەنگای نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو بە بەشداری ٨٩٢ ئەندامی حزبەکە و چەند گۆڕانکارییەکیان لە پێکهاتە و بەڕێوەبردنی حزبەکەدا کردووە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی پێشوو و ئێستای حزبەکە باسی لە گۆڕانکارییەکان کرد و ئاماژەی بە پێگەی ژنانیش دا لە حزبەکەیاندا.

 

لە کۆنگرەکەدا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، عەلی باپیر گۆڕانکارییەکانی خستەڕوو بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەسەر بەشداری ژنان ئەو ئەمیرە وتی ژنان ناتوانن ببنە بەرپرسی مەڵبەندەکان.

 

لە میانەی کۆنگرەکەدا ئاماژە بە گۆڕانی ناوی "کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان" کرا بۆ "کۆمەڵی دادگەری کوردستان" و ئەمیری کۆمەڵەش کرا بە سەرۆکی کۆمەڵە و دووبارە عەلی باپیر بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.

 

 

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژەی بە زیادکردنی ڕێژەی ژنان دا لە کۆمەڵەکەیاندا و وتی: " ڕیژەی ژنان لە کۆمەڵەدا لە ٪١٠وە بەرزکراوەتەوە بۆ ٪٢٠، هەروەها لە ٢٢ ئەندامی سەرکردایەتی چوار ژن هەڵبژێردران کە بە دەنگی تەواو ئەو پۆستەیان بەدەستهێنا".

هەر لە قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە کۆمەڵەی دادگەریدا بەڵام ژنان ناتوانن ببنە بەرپرسی مەڵبەندەکان و ئەو بەرپرسیارێتییە تایبەتە تەنها بە پیاوان.

 

ت.پ