"گەندەڵی و دابەشبوونی سیاسی ئاستەنگن بۆ بەشداری سیاسی ژنان"

لەیلا مودەڵال، بەڕێوەبەری کۆڕبەندی ڕاگەیاندنی ژنانی باشوور ئاماژەی بەوەکرد گەندەڵی و دابەشبوونی سیاسی ڕێگە نادات ژنان بەشداری لە پۆستەکانی بڕیارداندا بکەن لە فەڵەستین.

 

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەزە-ژنانی فەڵەستینی کە لە ئەنجامی چەندین ساڵ خەبات بوونە خاوەن دەستکەوت و پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکانیان کردووە لە بەرەی پێشەوەی خەباتی چەکداریدا بوون، لە گۆڕەپانی سیاسیدا سنووردارکراون و لەیلا مودەڵال، بەڕێوەبەری کۆڕبەندی ڕاگەیاندنی ژنانی باشوور، پشتڕاستی کردەوە کە چەندین هۆکار هەن بۆ کەمکردنەوەی بەشداریی ژنان لە شوێنەکانی بڕیاردان، بەتایبەتی گەندەڵی سیاسی و دابەشبوونی فەلەستین لە نێوان کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە.

 

"کاری زۆرێک لە ژنانی فەڵەستین نەبیندراوە"

لەیلا مودەڵال ڕایگەیاند کە چۆن ئەوان پشتیوانی لە خێزانە کۆچبەرەکان دەکەن و ڕۆڵێکی سەختیان گێڕاوە لە پاراستنی گەنجان، بەڵام سەرەڕای هەموو کارەکانی ژنان، ڕێژەی نوێنەرایەتی سیاسییان لە ٥%ی  تێنەپەڕاندووە، وتی: حەنان ئەشرەوی یەکێکە لە ژنانی پێشەنگ لە هێڵی یەکەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیلدا بەشداری کردووە، دواتر زۆر شتی دیکەی کردووە، بەڵام تێکۆشانی لەیلا خالید و فاتمە خەزال و ڕەجا ئەبو ئەمشا و حلوە زیدان و دەلال مەغریبی و چەندین ژنی دیکەی فەڵەستینی کارەکانیان نەبیندراوە، بۆیە ژنان ڕۆڵی جیاواز دەگێڕن لە کۆمەڵگەدا و لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتن دەکەن بۆ ئەوەی بەهێز بکرێن.

 

"ژنان لە بواری بڕیارداندا بەهۆی گەندەڵی و دابەشکارییەوە کەمن"

لەیلا مودەڵال ئاماژەی بەوەدا کە هۆکارەکانی نەبوونی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا گەندەڵی سیاسی و ناکۆکییەکانی نێوان فەلەستینییەکان و دابەشبوونی جیۆپۆلیتیکی نێوان کەرتی غەزە و کەرتی ڕۆژئاوایە، باسی لەوەشکرد کە توندوتیژی دژ بە ژنان لەگەڵ گەمارۆدا ڕوودەدات و نێرایەتی و پیاوسالاری هۆکاری سەرەکین بۆ بەشدارینەکردنی ژنان لە بڕیاردان. پەیوەست بە گەشەی ژنان لەیلا مودەڵال داوا لە لایەنەکان دەکات کە بنەمای یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەبێت و پشتیوانی لە ژنان بکەن لەهەر بارودۆخێکدا.

 

هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستی بەهێزکردنی ژنانی گەنج و وتی: پێویستە ژنانی گەنج بەهێز بکرێن و لە شارەزایانی ژنانی پێشەنگ وەربگیرێن کە مێژوویەکی درێژیان لە خەباتدا هەیە و ژیانیان بە بەڵگەنامە تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات لەبیر نەکرێن، لە وتارەکان یان ئینسایکڵۆپیدیادا باس لە ژیانی ئەو ژنانە بکەن کە گیانیان لەدەستداوە.

 

بانگەواز بۆ تێکۆشان

لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا مودەڵال جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕێکخراوێکی هاوبەشی ژنان دابمەزرێت و داوای مافە لەدەستچووەکانی ژنان بکات و وتی: نوێنەرایەتییان لە کۆتای ژناندا دەبێت بگاتە ٥٠% سەرەڕای گرنگی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕۆشنبیری یاسایی بۆ دەقە نێودەوڵەتییەکان کە مافەکانی ژنان لە ناوەندە باڵاکانی بەڕێوەبردندا مسۆگەر دەکات، پێویستە بخوێنرێنەوە و بگونجێنرێن لەگەڵ بارودۆخەکەیان بۆ داخستنی بۆشاییەکە و دڵنیابوون لە دەستگەیشتن بە بڕیار و سیاسەتەکانی دادوەری بۆ بەهێزکردنی ژنان لە بواری سیاسیدا.