زەمینیەکی بەپیت بۆ شۆڕشێکی دیموکراتیک لە نێو داڕمانی ڕژێمی ئێراندا
بەهار ئاورین - ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کوردستان جارێکی دیکە شاهیدی ڕووداوە سەرەکییەکان و گۆڕانکارییە قووڵەکانە، ساڵی ڕابردوو بە دەستپێکردنی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، کورد هەوڵیدا بناغەیەک بۆ دیالۆگ و تێکەڵبوونی دیموکراتی لەگەڵ دەوڵەت دابمەزرێنێت، هێڵکارییەکانی ڕێکخستنێکی نوێی ناوچەیی دەستی بە شێوەگرتن کرد، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕۆڵی ئیسرائیل و زلهێزە هەژموونخوازەکانی دیکە.
وەک ئەزموونی مێژوویی پشتڕاستی دەکاتەوە، قەیرانەکان و ئاژاوەگێڕییەکان زۆرجار دەرفەتی شۆڕشگێڕی دەخەنە ڕوو، وەک لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا دەرکەوتووە کە لە پێکهاتە ناوچەییەکان لە ساڵی ٢٠١١دا سەریهەڵداوە، ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خاوەنی هەمان پتانسێلن بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی ناوەندی لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا، بۆیە هەر پێشکەوتنێک یان گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە هەر بەشێکی کوردستاندا بە ناچاری کاردانەوەی بۆ بەشەکانی دیکە دەبێت و هەموویان دەکاتە بەشێک لە پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی گۆڕانکاری.
لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا شەپۆلێکی نوێی شۆڕشی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریهەڵدا، کە لەسەر شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” بونیاد نرا، ئەمەش قۆناغێکی گۆڕانکاری قووڵی ئاشکرا کرد، سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ڕژێمی ئێران، لەگەڵ سەرکوتکردنی هەموو لایەنەکانی ژیان، بووە هۆی هەڵچوونی بەربڵاوی توڕەیی جەماوەری.
گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێزاربووە لە هەژاری و نادادپەروەری و هەڵاواردن، ئەمجارە سەرەڕای زیانلێکەوتووی قورس، بڕیاریان دا بەرەو پێشەوە بڕۆن بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا، هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی ئەوان و پێداگرییان لەسەر گۆڕانکاری هۆکاری چارەنووسسازن بۆ داڕشتنی داهاتوو، کە گەل خۆی چارەنووس و ژیانی خۆی دیاری دەکات.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی شەرعیەت و داڕمانی سیاسی و ستراکچەریی بەردەم ڕژێمی ئێران، ئێستا زەمینە بەپیت بۆ شۆڕشێکی دیموکراتیک، لەم چوارچێوەیەدا بزووتنەوە و ڕێکخراوە دیموکراتیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن بە هەماهەنگی و هاوکاری و گرتنەبەری بەرنامە و میکانیزمی ڕوون و یەکگرتوو سوود لەم ساتەوەختە مێژووییە وەربگرن بۆ ئەوەی ببنە بەشدارێکی کارا لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا.
بێ گومان ژنان بەردی بناغەی هەر شۆڕشێک پێکدەهێنن و "پرسی ژن" وەک یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی ئەم سەدەیە دەمێنێتەوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە بانگەوازەکەیدا بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، جەختی لە گرنگی ڕێکخستنی ژنان و بەهێزکردنی خەباتیان کردەوە و ئاماژەی بەو شتە کرد کە ناوی لێنا "کلتووری دەستدرێژی".
لە ڕوانگەی ئەوەوە ژنان ناتوانن ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن تا ئەو کولتوورە لە کۆمەڵگەدا بنبڕ نەکرێت، دەستدرێژیکردن تەنها لە شێوازی سێکسی خۆیدا سنووردار نییە، بە چەندین شێوە دەردەکەوێت و بەرهەمێکی ڕاستەوخۆی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی پیاوسالارییە کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵیان هەیە.
هەربۆیە پرسی ژنان وەک پرسێکی بنەڕەتی و دڵنییای دەمێنێتەوە و دەبێت وەک پێویستیەکی ناوەندی بمێنێتەوە بۆ هەر شۆڕشێک کە هەوڵی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتی بدات.
ژنان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی”دا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو و ئەمڕۆش توانای ئەوەیان هەیە جارێکی دیکە سەرکردایەتی شۆڕشە دیموکراتییە جەماوەرییەکان بکەن، لە بەرامبەر سیاسەتی سیستماتیکی وەدەرنانی و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی ژنان لە ڕێگەی سەرکوتی سێکسی و توندوتیژی پێکهاتەیی، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ بەهێزکردنی بوونی ژنان و تیشک خستنە سەر گرنگییەکەی لە ڕەوتی شۆڕشدا.
ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕووبەڕووی فشارە فرەلایەنەکان دەبنەوە و ساڵانی ڕابردوو، بە تایبەتی لە دوای شۆڕشەوە، شایەتی زیادبوونی توندوتیژی دژیان بوون، توندوتیژی ڕێکخراو کە وەک جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە بۆ ژێردەستەکردنیان ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای ئەمەش ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئازایەتییەکی نائاسایییان نیشان داوە، هەموو کۆت و بەند و بەربەستێکیان گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێک بۆ خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
هەڵوێستی ڕادیکاڵانەی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە نەریتییەکانیان لە کاتی ئەم شۆڕشەدا، گورزێکی توندی لە ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار داوە، لە کاتێکدا ڕژێم تا ئێستاش ناتوانێ وزە و بەرخۆدانی گەشەسەندوویان لەخۆبگرێت.
ڕەنگە دیارترین تایبەتمەندی شۆڕشە دیموکراتیەکان سروشتی جەماوەرییان بێت، ئەمەش وا دەکات کە لە لوتکەی شۆرشە جەماوەرییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگاداری هەوڵەکانی دەورەدان یان ڕفاندنی شۆڕش بن، شتێکی چارەنووسساز بێت، ئەگەر لە مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە سیستەمی داگیرکاری جیهانی هەمیشە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی شێواندنی شۆڕش و بزووتنەوەکانی دژ بە هەژموونی داوە، بۆیە پاراستنی بناغە سیاسی و کۆمەڵایەتی شۆڕش هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی.
شۆڕشی ’’ژن، ژیان، ئازادی” بەهای نوێ و فەرهەنگی خۆڕاگری لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەرهەم هێناوە، ژنان گەڕاوەتەوە ناو دڵی کۆمەڵگە و بە خودی ژیانەوە گرێداوەتەوە، فەلسەفەی ئەم شۆڕشە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ئازادی کۆمەڵگە و ژیان تەنها لە ڕێگەی ئازادی ژنەوە بەدەست دێت.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێوەرە ڕاستەقینەکەی سۆسیالیزم ئەوەیە کە پیاوان چۆن مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و بناغەی سۆسیالیزمیش لە ڕزگاری ژندایە، ئەزمونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە پشتگوێخستنی پرسی ژنان و بە لاوەکی زانینی پرسی نەتەوەیی یان چینایەتی تەنها قەیرانەکانی درێژخایەن کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا ژنانی کورد خاوەنی ئەزموونێکی گەورەن لە خەباتی سیاسی، ڕێکخراوەیی، فیکری و بەرگریدا، کە دەتوانێت بنەمای شۆڕشێکی ئیلهامبەخشی ژنان بۆ هەموو ژنان پێکبهێنێت، شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” ژنانی لە دەوری داخوازییە هاوبەشەکان کۆکردەوە و زەمینەی بۆ شۆڕشێکی هەمەلایەنەی ژنان خۆشکرد، لێرەوە گەیشتن بەم شۆڕشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە یەکگرتوویی ژنان و پەسەندکردنی بەرنامەی ڕوون ئاشکرایە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی ڕیشەیی.