ژنی کورد لە خولانەوەی تەشییەوە بۆ شکۆمەندیی قەڵەم
ئەفسانە ئاڵەشین- نووسەر
مێژووی نەتەوەی کورد بەبێ ئامادەیی کارای ژن مێژوویەکی ناتەواوە ئەگەر بە وردی لە لاپەڕەکانی رابردوو بڕوانین وێنەی ژنێک دەبینین کە لە نێوان چادر و کێو و دۆڵەکاندا نەک هەر پارێزەری خێزان بووە، بەڵکو ئەندازیاری ئابووریی و فەرهەنگییش بووە لەو سەردەمانەدا، تەشی تەنیا پارچە دارێکی سادە نەبووە کە خوری پێ بڕێسرێت، بەڵکو هێمایەک بووە بۆ خولانەوەی ژیان و بەردەوامیی شارستانییەت، ژنی کورد بە تەشییەکەی تان و پۆی نیشتمانی دەچنی و لە دەنگی خولانەوەکەیدا لایەلایەی ئازادی بۆ نەوەکانی دەچڕی.
سەردەمی کارامەیی دەست و کۆڵەکەی ماڵ
لە قۆناغی تەشی-دا ژنی کورد مانیفێستی خۆڕاگری بوو، ئەو لە کاتێکدا کە بە دەستەکانی خوریی دەڕست بۆ پۆشینی جەستەی منداڵەکانی لە سەرمای زستان، لە هەمانکاتدا چرای زانیارییە زارەکییەکانیش بوو، چیرۆک و ئەفسانە و مەتەڵە کوردییەکان لەسەر دەستی ئەو ژنانە پارێزراون کە لەگەڵ هەر خولانەوەیەکی تەشییەکەدا پارچەیەک لە ناسنامەی نەتەوەییان دەخستە ناو مێژووەوە، لەو سەردەمەدا هێزی ژن لە بازووی و لەو بەرهەمەدا بوو کە بە رەنجی شەونخونی دەیخستە سەر سفرەی خێزان، شۆڕشی هزر کاتێک پەنجەکان قەڵەمیان ناسیوە کە رەوتی مێژوو، لە خولانەوەی تەشییەکدا نەوەستا، بە هاتنی شەپۆلەکانی رۆشنگەری و گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵگە، ژنی کورد بڕیاریدا سنووری ماڵ ببەزێنێت و بچێتە نێو دنیای پیت و وشەکان و گواستنەوە لە تەشییەوە بۆ قەڵەم تەنیا گۆڕینی ئامرازێک نەبوو، بەڵکو گۆڕینی دیدگا بوو بۆ گەردوون، ئەو پەنجانەی دوێنێ فێری رستنی خوری بوون، ئەمڕۆ فێری رستنی رستە بوون، رستەیەک کە داوای ماف دەکات، رستەیەک مێژووی شێوێنراو راست دەکاتەوە و رستەیەک دەبێتە نەخشەڕێگە بۆ ئازادی.
ئەمڕۆ ژنی کورد لە رێگەی قەڵەمەکەیەوە لە ناوەندە زانستییەکان، لە تاقیگەکان، لە هۆڵەکانی پەرلەمان و لە سەنگەری میدیادا، شەڕی بوونی خۆی دەکات، قەڵەم بۆ ئەو بووەتە چەکێکی بێدەنگ، بەڵام کاریگەر، کە پێی دەڵێت من تەنیا کابان نیم، بەڵکو خاوەن فیکر و بڕیارم، ئەگەر دوێنێ بە تەشییەکەی جلوبەرگی بۆ نەتەوەکەی چنی بێت، ئەمڕۆ بە قەڵەمەکەی بەرگی مەعریفە و زانست دەکاتە بەری کۆمەڵگە.
کچانی کورد
ئەمڕۆ دەبینین کچانی کورد لە زانکۆکاندا لوتکەکان دەگرن و لە ناوەندە جیهانییەکاندا بە قەڵەم و هزریان دەدرەوشێنەوە، دەبێت بزانین ئەمە درێژەی هەمان ئەو ماندووبوونەیە کە دایکە گەورەکانمان لە پشت تەشییەکانەوە کێشــــایان، تەشـــی و قەڵـــــــــــەم دوو وێستگەی جیاوازی یەک گەشتن، گەشتی ژنێک کە نایەوێت لە پەراوێزدا بمێنێتەوە، ژنی کورد سەلماندی دەتوانێت هەم پارێزەری کەلتورە رەســــــەنەکـــەی بێـــــت (تەشی) و هەم بە قەڵەم پێشەنگی نوێکاری و گۆڕانکاری بێت.