ژن و ژینگه
ئاڤان ئه‌حمه‌د – مامۆستای زانكۆ

پاراستنی ژینگە بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێوه‌ی سه‌رقاڵه و جێگەی نیگەرانی هه‌مووانه، هاوكات ژنان وەک هاوبەشی سه‌ره‌كی لە کۆمەڵگه‌دا، رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان لە پاراستنی ژینگەدا هه‌یه.
سروشت و ژن، له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا په‌یوندییه‌كی به‌هێزییان هه‌بووه و ژن لە هەندێک کەلتوردا وەک هێمایەکی ئەخلاقی سروشت دیاریكراوه و زۆرجار به زه‌وی وتراوه(دایك). هەروەها ژن پەیوەندییەکی نزیکی بە ژینگەوە هەیە، بەوپێیەی راستەوخۆ کاریگەریی تێکچوونی ژینگەی لەسەرە. رێکخراوی FAO له راپۆرتێکیدا سەبارەت بە کاریگەرییە کشتوکاڵییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنان زیاتر کاریگەریی گۆڕانی كه‌شوهه‌وایان لەسەره. هاوكات خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018دا دەریخستووە، کە 80 %ی ئەوانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئاوارە بوون ژن بوون.
بەشداریی ژن له پاراستنی ژینگه، ده‌بێته‌هۆی پاراستنی سروشت و سەرچاوەکانی، ژینگەیەکی پاک و سەلامەت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیان و تەندروستی ژنان هەیە. هه‌ربۆیه چه‌ندین ژن هه‌ن وەک چالاکی گۆڕانی کەشوهەوا ده‌ركه‌وتوون و هەڵوێستیان هەیە و زۆر کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و باشترکردنی بارودۆخی سەختی ژینگە، له‌وانه: (نائۆمی کلاین) کە چەندین کتێبی لەسەر قەیرانی ئێستا نووسیوە. ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی سووتەمەنی بەردینی و پاراستنی ژینگەیە. هاوكات (کریستیانا فیگێرس)، سکرتێری پێشووی جێبەجێکاری رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا(UNFCCC) رۆڵی سەرەکی بینی لە گەیشتن بە رێککەوتنی پاریس، ئه‌و ژنه نیشانی‌دا کە چۆن سەرکردایەتی ژنان، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتە ژینگەییەکانی جیهانی هەبێت.
بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی ژنان ، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنیان و دواتر چاندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆشنبیرییه له منداڵه‌كانیاندا، چونكه ده‌توانرێت له‌رێگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌یان، وایان لێبكه‌ین ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دۆستی ژینگەن بیكڕن، هه‌روه‌ها ده‌توانرێت یارمه‌تیان بده‌ین له ئەقڵانیکردنی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا، ریسایکلکردنی پاشماوەی ماڵان و بەکارهێنانی بەرهەمی پاککەرەوەی ژینگەدۆست.