ژن و بەشداری لە سیاسەت

ئاریانا ئیبراهیم – مامۆستای زانکۆ

 

هەرچەندە بەشداریپێکردنی ژنانی کوردستان لە ژیانی سیاسی کۆمەڵە هەنگاوی ئەرێنی ناوە، بەڵام هێشتا رێژەی ئەو ژنانەی کە لە بواری سیاسییدا کاردەکەن و کاران گونجاو نین لەگەڵ کێشی واقیعی و راستەقینەی ژنانی نیشتەجێبوو لەو کۆمەڵگایەدا، بە راستی زۆر لەو کۆسپ و تەگەرانەی کە رێگری بەشداریکردنی ژنان بە شێوەەیەکی تەواو و کارا لە بواری سیاسیدا دەکەن، تا ئێستا بەرجەستەن، بۆ نموونە دەستێوەردانی حکومەتەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان یان پەیڕەوکردنی هەلبژاردنێکی نا دادپەروەرانە و نەبوونی شەفافیەت لە پڕۆسەکە.

 

جگە لەمانەش زۆری  ژنان ڕووبەڕووی چالنجی دیکەش دەبنەوە وەك: لاوازی پشتگیری پێویست بۆ ژنان بە مەبەستی گەیشتنیان بە شوێنەکانی بڕیاردان، بوونی وێنەی نەرێنی لای زۆربەی سەرکردە سیاسی و حزبییەکان لەسەر  ژنان بە گشتی – هەڵە تێگەیشتن لە توانا سیاسی و ڕێکخراوەیی و پەیوەندیەکانی ژنان بە گشتی، هەژاری کەرەستەکانی پێناسینی کەسیی ژنان بە شێوەیەکی فەرمی، کە دەرفەتی زیاتر پێدەدات بۆ بەشداریکردنی سیاسی.

 

هاوکات لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی ژنان لە زۆر لەو کۆسپ و تەگەرانەی سەبارەت بە تواناکانی بەشداربوونیان لە کاری سیاسیدا، بەڵام لە هەمانکاتدا هەندێک دەرفەت لەبەردمیاندا رەخساوە بۆ خستنەڕووی رۆڵی راستەقینە و کارایان لە بواری سیاسیدا، وەک زیادبوونی ئاستی هۆشیاری کۆمەلگا سەبارەت بە گرنگی و رۆڵی ژنان و ئامادەبوونی سیاسی.

 

پێویستە ژنان خۆیان ڕێکبخەن لە نێو حزبە سیاسییەکان و لە دەرەوەی حزبییەکانیش، چونکە رێکخستنی ئافرەتان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکان لەناو کۆنگرە حزبییەکان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکان یان لە دەرەوەی کۆنگرەکان دەبێتە شارەزاییەکی بە نرخ بۆ ژنان و پێگەیەکی باڵادەستییان بۆ دەڕەخسێنێ، هەروەها لە نێو حزبە سیاسییەکان بەهۆی ئەوەی ژنان بەشێکی زۆر لە کاری سیاسی دەکەن بۆیە جولەکانیان بۆ باشترکردنی نوێنەرایەتیان دەبێت.

 

پێویستە ژنان هانی حزبەکان بدەن بۆ دانانی یاساو ڕێسای ڕوون و ئاشکرا بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکان، لەگەڵ ئەوەش پێویستە ژنان هەڵسەنگاندن بۆ گشت وردەکارییەکان هەر پەیڕەوێکی سیاسی بکەن بۆ دەرخستنی لایەنە باش و خراپەکانی بۆ ژنەکان، پەیڕەوکردنی ستراتیجیەتی باشترکردنی ئاستی نوێنەرایەتی ژنان پەیوەستە بە کاراکردنی دەنگی ژن لە نێو حزبەکان یان لە دەرەوەی حزبەکاندا بە گشتی.