ئەو ڕووداوانەی ڕووبەڕووی نوسەر خۆی بوونەتەوە

د. سۆما مەحمود

- پزیشک

 

لەڕۆژی هەشتی مارسدا بە پێویستی دەزانم خانمان و ویژدان زیندوان بیر لە ئازارەکانی ژن وچیرۆکە خەمگینەکانی قوربانی دەست کۆتوبەندەکانی نەریتی دژکارانەی کۆمەڵگای نێرسالار بکەنەوە لەپێناو هەنگاونان بەرەو باشکردنی دۆخی ژنانی بەشمەینەت!

من نەک هەر ئەمڕۆ بەڵکو هەموو دەم دڵم لای ئەو کرۆمۆسۆمە ئێکسەیە کە هێشتا لەگەڵ هاوڕێ ئێکسەکەیدا یەکیان نەگرتبوو بۆ دروستبوونی کۆرپەیەکی مێینە، بەڵام دایک و باوکی هاتن داوای خشتەی لەدایک بوونی کوڕیان دەکرد!

 

دڵم لای ئەو کۆرپە مێیەیە کە هێشتا نەهاتبوویە دونیا بەڵام باوکی بەدایکی گوت نابێ کچ بێت چونکە کچی ترمان هەیە و دەبمە جێی گالتەی ئەهلی گەڕەک !

 دڵم لای ئەو کچۆڵەیەیە کە لەبەر کچبوونی نەویستراوی خێزانەو لەبری نازو لاواندنەوە وەک بێزراو لێی دەڕوانن!

 

دڵم لای ئەو خانمە جوانەیە کە کاتێک تەنها کیژۆڵەیەکی شەش ساڵان بوو لەرێی قوتابخانەدا کوڕە دراوسێکەیان رۆژێک ڕێی پێگرت وبردیە لاکۆلانێک و بۆ ویستێکی ئاژەڵیانەی خۆی بۆ ئەبەد برینێکی گەورەی لە جەستەو ڕۆحی ئەو کچە دروست کرد، کچەش لەترسی کۆمەڵگا تا ئێستاش نەیتوانی ئەو ئازارەی لەگەڵ هیچ ئادەمێکی تر بەشبکات، ئستا کچە تەمەنی هەڵکشاو لەترسی لۆمەی کۆمەڵگا ناتوانێت بڕیاری هاوژینی بدا چونکە ئەترسێت لەوەی هەمویان بەتاوانبار بیدەنە قەڵەم!

 

دڵم لای ئەو کچە لاوەیە تەنها چونکێ کچە نایەڵن بچێ بۆخوێندن و لەگەڵ دەستەخوشکانی فێری زانین بێ، نەکا رۆژێک لەکۆت و بەندی ئەوان ڕزگاری ببێت و چاوی بکرێتەوەو بڵێ ئیتر بەسە! دڵم لای ئەو تازە دەرچووەی زانکۆیە کە لەماڵ زیندانی کراوە بەناوی ئەوەی کچە و بەکارکردنی لەدەرەوە شەرەفی خێزانێک لەکەدار دەبێ!

 

دڵم لای ئەو کچە شۆخەیە چونکە مێ بوو ناوی ناموسی خێزانیان لێناو ڕێی پێنەدرا بە خۆشەویستی و ویستی دڵی ژینی داهاتوی هەڵبژێرێ و دواجاریش کردیانە قوربانی یەک گوللە، بۆ پاکبوونەوەی شەرەفی خێزانیان کە تاکە تاوانی ئەوەبوو کە دڵی بۆ کوڕێک لێیداوە!! لەکاتێکا براکەی هەموو کچانی ئاوایی بەدەستیەوە گیرۆدەن بەڵام لەناو خێزاندا ئەم چونکە نێرە و نێر شەرەفی ناشکێ هەمووی بە شانازیەوە باسی دەکەن! (ئیتر خۆشەویستی لەو وێرانەیەدا بۆ کچ تاوانە!!)

وە دڵم لای ئەو خانمەشە چونکە هاوسەری مردووە دەبێ بێویستی خۆی تا ئەبەد بەدیار مناڵێکەوە قژەکانی بهۆنێتەوە گەر ڕۆژێکیش گوتی نا ئیتر بەرمیلە باروتە لە چاوی کۆمەلگا!!! ئەو ژنەشم هەر لە خەیاڵ دایە کە لێدان و سوکایەتی و چەوساندنەوەی پیاوی قبوڵنەکرد و دەیویست وەک مرۆڤ بژی بەڵام ناویان نا بێوەژن، هەزاران تۆمەتی نەشیاویان خستە پاڵ و خەڵکی گەڕەک بەلاقرتێ سەیری ئەکەن و دەیانەوێ لێی نزیک بکەونەوە و دواجار ئەم تاوانبارکەن بە پیسی و دۆزەخی و خۆیانیش بەئەهلی بەهەشت پاداشتکەن!

 

لەهەمانکاتدا ئەو ژنەشم بیر نەچووە کە هەمو رۆژ نان و لێدان و سوکایەتی دەخوا و بەناو پیاوەکەی هەر رۆژ لەگەڵ ژنێک دایە بەلام تا پێی نەڵێن بێوەژن و لە چاوی کۆمەلگا بە سوک سەیرنەکرێ ئامادەیە تا پلەی سوتان بسازێ!!

دڵم لای هەموو ئەو ژن و کچانەیە کە چیتر بەرگەی سوکایەتی باوک و براو مێردیان نەگرت و لەجیاتی هاوسەر ئاگریان وەک کۆتا هاوڕێی ژینیان هەڵبژارد!

 

وێنای ئەو ژنەشم لە خەیاڵ لاناچێ کە لە نەخۆشخانەی سوتاویەکە سەدا٩٠ی لاشەی سوتابوو، ویستی بە ئیشارەی چاوی پڕ حەسرەت وگریەی بڵێ کە منیش ژیانم خۆشدەویست ئەگەر ئەوان بیانهێڵایە بژیم! ئەسەف نە ئەوان هێشتیان تۆ ژینێک بژی کە شایستەی مرۆڤ بوونت بێ نە تۆش توانیت چیتر بەرگەی ئەو ئازارە قوڵە بگریت و دواجاریش بۆ ئەبەد چاوت لێکناو رۆحی بەرزەفرت چوویە ریزی فریشتە بێگوناهەکانی ترو بۆ هەمیشە برینێکت لە رۆحی من و گشت مرۆڤە ڕۆح زیندوەکانا دروست کرد.

 

لەکۆتاییدا پێم وایە دەبێ ئێمەی مرۆڤ بەچاوی دوور لە جیاکاری ڕەگەزی و جەستەیی سەیری یەکتر بکەین و بگەڕێینەوە سەر پێوەرە مرۆڤایەتیەکان، لەوە تێبگەین کە نێر و مێ لە قاڵبی دوو ڕەگەزی جیاواز تەواوکار و هاوبەشی ژیانی یەکترن نەک ئاغاو کۆیلەی یەکتر، وە پێویستە خانمانیش لەوە تێبگەن کەتاکە ڕێگای دەبازبوون وسەرکەوتنیان بریتیە لە خۆ هۆشیارکردن! وەرن با ئێمەی مرۆی ویژدان زیندوو بەڵێن نوێبکەینەوە بۆ ئەوەی نەک هەر ئەمرۆ بەڵکو گشت ڕۆژێک بۆ باشکردنی بارودۆخی ژن لەکۆمەڵگادا هەوڵبدەین، چونکە ژن یەکسانە بە ژیان و ژینی بێ ژن وەک و جەستەی بێ ڕۆح وەهایە.

بەوجۆرە ئیدی هەشتی مارس نابێت بەسەکۆیەکی غەمگین بۆ باس و خواسی مەینەتیەکانی ڕەگەزێک بەدەست بەرامبەرەکەی ، چونکە ئەوکاتە(شیرینەکان) بە ئارامی و خۆشەویستیەوە تەشی دەڕێسن و (فەرهادەکانیش) بەجوانتر شمشاڵی ئاسوودەیی دەژەنن .

 

تێبینی نوسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەکەیەوە: ئەمەی سەرەوە پەخشان نیە بەڵکو چیرۆک و مێژوی پشت پەردەی بەشێکی زۆری ژنانە لە کۆمەڵگای کوردی دا، کە هەمووی ڕوداوی ڕاستین وکەدوورو نزیک بەهۆی پیشەکەمەوە ڕۆژانە ئاگاداری بارودۆخیان بووم.