ئێستاش ھەر بەپاس ھاتووچۆ دەکەم

دوای سێ ساڵ کارکردن تائێستاش زۆربەی کات بەپاس دەڕۆمە دەوام و دەگەڕێمەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیە سەرمای زستان و گەرمای هاوین بێزاریان کردووم، بەڵام تا ئێستا بۆ ڕزگار بوون لە معاناتەکانم سەرم بۆ هیچ کەسێک نەوی نەکردووە و ناشمەوێ بەهیچ ڕێگایەکی نائاسایی ببمە خاوەنی هیچ شتێک.

شەهێن وەهاب

بەڵام زۆر جار دەیبینین ھەندێک ئافرەت ھەیە لەمیدیاکانەوە باس لەوەدەکەن دوای مانگێک کارکردن بوونەتە خاوەنی ڕانج ڕۆڤەرە گۆڤەرە، بەخوا نازانم کامیانە ھەر نازانم ناویشی بھێنم.

دەی وەک چۆن دەزانن پەنجەی دەست وەک یەکترنین، ئەوەش بزانن ئافرەتانیش هەموان یەک نین، ئەها من و چەندانیتر.

بەیانیان دەبێت کاتژمێرێک زووتر لە کاتی دەوامی خۆمان بڕۆین، من چونکە بەپاس دەڕۆم بۆئەوەی فریا بکەوم ئێوارانیش زۆربەی کات درەنگ دەگەڕێمەوە ماڵەوە چونکە ھاتوچۆکردن بەپاس کاتی زۆرم لێدەبات، جا لێپرسینەوەی دایکیشم ئەبێ ھەموو ئێوارەیەک بۆی ڕونبکەمەوە کە بەھۆی پاسەکەوە درەنگ کەوتوم.

من ئافرەتی دەرەوەم، بەشانازیەوە کارمکردوە و ھەرگیزیش پێویستم بەوە نەبووە بکەومە ژێرسێبەری هیچ نێرینەیەک بۆ بەدەست ھێنانی خەونەکانم، ھیچ پەلەم نیە جابا ڕانج و مانج نەبێت، من کاتێ وەک بەشێکی زۆری ژنانی نیشتیمانەکەم شکۆ و سەربەرزیم هەڵبژاردووە دەی بەخوا نایگۆڕمەوە بەهەموو دونیا.

نێر، ڕۆژانێک بە جستەو باڵاتانا ھەڵدەدەن و ئەوەی دەتانەوێت بۆتانی دابین دەکەن، ھەرخۆشیان ڕۆژێک دێت فڕێتان دەدەن، وەک پاشماوەی ئەو زبڵانەی بوونەتە سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ مرۆڤانێک دواتر دەبێت ئاوا بەدواتانا بگەڕێن.