ئێستا کاتی ھەڵوێستەیە، ئەم لێشاوی کۆچە بۆچی؟

ناز نەجیب عەبدوڵا- جێگری سکرتێری ڕێکخراوی لاوانی سۆشیال دیموکراتی کورد

 

دەسەڵاتی کوردی ھیچ لێی بەرپرس نیە، گریمان وایە، بەڵام پرسیارێک، بۆ ھیچ کاتێک گوێ بیست نەبووین ھاوڵاتی بە مناڵ و گەنج و پیری ووڵاتانی ئەڵمانیا یاخود بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئیمارات، ......ھتد بەشێوازی نایاسایی و بەلێشاو ھەڵبێن لە ووڵاتی خانە خوێیان؟ تۆ بڵێی خەڵکی کوردستان لە جۆرێکی خراپ بن؟ گریمان دەسەڵات زۆر باشە وە خەڵکەکە خۆیان خراپن، کێ ھۆکاری دروستبوونی تاکی ناساغ و پڕ کەموکورتی و بێ پلانە؟.

بێگومان حکومەت بەرپرسە لێی، نەبوونی پلان و ستراتیجیەتێکی گونجاو و گەندەڵی دەسەڵات و شکستی سیستەمی بەڕێوەبردنی ووڵات و حیزبایەتی و خێڵەکی و سەرمایەداری چاوچنۆک ئەم دۆخەیان دروستکردووە.

ھەروەھا سیستەمی خوێندن لەم ووڵاتە نەیتوانیوە ئامانجەکانی بە ڕوونی و بەپێی پێویستی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییەکان تاک پەروەردە بکات، ئامانجەکانی پەروەردە لە فەلسەفەی دەوڵەتەوە وەردەگیرێت، فەلسەفەی دەوڵەت لێکۆڵینەوە دەکات لە دۆخی کۆمەڵگا و پێداویستیەکانی دەستی کار و بوونی تاکێکی دامەزراو و ئامادە، ئەوکات ئامانجەکان دادەڕێژێت و ئەیکاتە ناو پڕۆگرامی خوێندن، بەو پێیە دەکرێت لە ئایندە تاکێکی تەندروست و بەسوود و پڕ میکانیزم بەرھەم بێت..

لەلایەکی ترەوە، ئەم خەڵکە لە جۆرێکی خراپ نین، لە کوێی جیھان و لەم سەردەمی عەولەمەیە کۆمەڵگایەک بە گشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ مووچەی پاشەکەوت بکرێت و چەندین مووچەی تەواوی بخورێت لە کاتێکدا ئەمە سەرەتاییترین مافی تاکە بەرامبەر ئەرکەکەی؟

ساڵانێکی زۆرە گەنجان باجی بێ پلانی دەسەڵات ئەدەن، لە ساڵانی پێشوودا ھەرچی نەخوێندەوار ھەبوو دامەزران، بە ڕێژەیەکی زۆر و تا ئێستاش بەردەوامە کەسانێک پۆستی باڵایان پێدەدرێت کە ھیچ شارەزایی و ئەزموون و بڕوانامەی پەیوەست بە پۆست و کارەکەیان نیە...ھەروەھا چەندین ساڵە دامەزراندن بە تەواوەتی وەستاوە بێ ئەوەی جێگرەوەی ئەم بڕیارە ھەبێت.

سەرمایەی ووڵات ئەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە، ئەوانیش دابەشی دەکەن بەسەر خۆیان و نۆکەر و ماستاوچیەکانیان، ھەموو دەبینن، گەنجانی ووڵات لە بێ پارەیی خۆیان لە دەریای ئیجە و جەنگەڵەکانی بێلاڕوس ئەدەن لە بەرامبەریشدا کوڕ و کچی مەسولەکان چۆن ژیانێکی شاھانە دەژین.

لەلایەکی ترەوە، سەدان و ھەزاران سەرمایەداری چاوچنۆک دروست بوون، بە ھاوبەشی لەگەڵ بەرپرسەکان خاکی ئەم ووڵاتە داگیر دەکەن و لە ماوەیەکی کورتدا سەرمایەکانیان لە بانکەکانی ئەوروپا و دەرەوەی کوردستان لە ھەژمار نایەت، ھەموو ئەو گەنجانەشی لایان کار دەکەن بڕێک مووچەیان پێدەدەن کە بەشی ژیانێکی ھەژاریش ناکات لەم ووڵاتەدا، ھەمو ئەزانین نرخەکان لە چ ئاستێکدان.

کەواتە نادادییەکی تەواو ھەیە لە نێوان ژیانی تاکەکان کە ھۆکاری سەرەکی بوونی حیزبەکان و گەندەڵی و بێ پلانی دەسەڵاتە، ماکەکانی ئەم ڕۆژەی لێ دروست بووە کە تاکی کورد لە ھەر تەمەن و ئاستێکدا بێت نائومێد و ڕەشبینە.

ھەر بۆیە پێویستە دەسەڵاتی باڵای کورد و پەرلەمان بێنە سەرخەت، ئێستا کاتی ھەڵوێستە کردن و بەخۆداچوونەوەیە، کاتی داڕشتنی پلان و ڤیژنی داھاتووە بۆ نەھێشتنی چوونە دەرەوەی گەورەترین سەرمایەی ووڵات کە گەنجانە.