تورکیا و ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ڤێرسای و سیڤەر و لۆزان

بڵێسە جەبار فەرمان- پەرلەمانتاری پێشووی عێراق

سەد ساڵی ڕابردوو سەدەی گۆڕانکاریە گەورەکانی مێژووە، سەدەی ھەدوو جەنگی جیھانی دووەم و سەدەی رێکەوتننامە پڕ غەدرەکانی مێژووی گەلان، سەدەی بیستەم لەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا بەسەدەی شەپۆلانی مەزن دادەنرێت.

 

با لەجەنگی سەرەتای سەدەوە دەست پێبکەم

جیھان لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، جەنگی جیھانی یەکەم ١٩١٤/٧/٢٨ دەستی پێکرد و لە ١٩١٨/١١/١١ دانوسان دەستی پێکردو جەنگ کۆتایی ھات.

 

لەم جەنگەدا ٤٠ وڵات بەژداربوون شەڕەکە بووە ھۆی ماڵوێرانیەکی زۆر بۆ مرۆڤایەتی و کوژرانی ١٧ ملیۆن مرۆڤ، لە دوای کۆتای ھاتنی جەنگ ئیمپراتۆریەکان روخان و زۆرێک لە شانشینەکان بوون بە کۆماری و چەندھا وڵاتی تازە دروست بوون، نەخشەی بەشێک لە جیھان ئاڵوگۆڕی بەخۆیەوە بینی.

 

بێگومان دروست بوون و لەناوچوونی ئەم وڵاتانە دەرئەنجامی چەندەھا پێشھاتەی ئاڵۆزن الە دەرئەنجامی ئەم پێشھاتانە چەند ھاوپەیمانیەک دروست بوون کە دیسانەوە بوونە ھۆی واژووکردنی چەند پەیماننامەیەک و ھەڵوەشانەوەی ھەندێکی تر.

 

لەدوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی یەکەم، دانوسان دەستی پێکردو لە ١٩١٩/٦/٢٨ پەیماننامەی ڤێرسای لە نێوان وڵاتانی براوەو دۆڕاوی جەنگ واژوو کرا، لەم پەیماننامەیەدا ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی یەکەمی جەنگی گرتە ئەستۆو دەوڵەتی عوسمانی واژووی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکەی کرد، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوەو دواتر بووە ھۆی سەرھەڵدانی نازیەکان لە ئەڵمانیاو نەتەوە پەرستەکانی تورکیا بە سەرۆکایەتی کەمال ئەتاتورک، تورکیا بۆ ڕزگاربوون لە پەیماننامەی ڤێرسای خۆی دایە پاڵ ھاوپەیمانی سیانی براوەی جەنگ.

 

ھاوپەیمانی سیانی (Triple Entente) بریتیبوون لە ھاوپەیمانی نێوان ئمپراتۆریەتی روسیا و فەرەنسا وشانشینی بەریتانیا، وشەی (Entente) وشەیەکی فەرەنسیە و بە واتای دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن دێت.

تورکیا توانی بە نزیکبوونەوەی لەم وڵاتانە خۆی لە پەیماننامەی ڤێرسای ڕزگاربکات و بچێتە ناو پەیماننامەیەکی ترەوە بە ناوی پەیماننامەی سیڤەر، پەیماننامەی سیڤەر بۆ تورکیای دۆڕاوی جەنگ باشتر بوو لە پەیماننامەی ڤێرسای.

پەیماننامەی سیڤەر (Sèvres)لەلایەن چەند وڵاتێکەوە نوسرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو نەتەوەو ئاینزادانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئمپراتۆریەتی عوسمانی دا دەژیان ودروستکردنی سنوری نوێ و ئەتۆنۆمی و پاراستنی مافەکانیان، پەیماننامەی سیڤەر پەیمانی ئاشتی بوو لە نێوان وڵاتانی براوەو ئمپراتۆریتی عوسمانی.

 

وڵاتە براوەکان بریتی بوون لە دەوڵەتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، شاھنشینی بەریتانیا، ئەرمێنا، بەلجیکا، یۆنان، پۆلۆنیا، پۆرتۆگال، رۆمانیا، چکسلۆڤاکای و وڵاتانی یۆغوزلاڤیا، مملەکەی حیجازی ھاشمی.

 

لە ١٩٢٠/٨/٢٠پەیماننامەی سیڤەر واژوو کرا، کورد لە لایەن شەریف پاشاوە نوێنەرایەتی دەکرا، بە گوێرەی بەندی ٦٢ی ئەو پەیماننامەیە، سنورێکی خۆبەڕێوەبردن بۆ ناوچە کوردیەکان دادەنرێت، ھەروەھا ئەندامێتی لە کۆمەڵەی نەتەوەکان.

(کۆمەڵەی گەلان (عصبة الأمم، League of Nations)) ڕێکخراوەێکی نێودەوڵەتی بوو لە ساڵی ١٩٢٠ و لە ئاکامی پەسەندکرانی پەیماننامەی ڤێرسای دامەزرا، بە ئەندامێتی ٤٢ وڵات، ئەم رێکخراوە لە ساڵی ١٩٤٦ دوای جەنگی جیھانی دووەم و دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ھەڵوەشایەوە، لە بەندی ٦٢ی پەیماننامەی سیڤەردا ھاتوە کوردەکان ناوچەی ئەوتۆنۆمی خۆیان دەبێ و لە بەندی ٦٤ دا باس لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات بەو مەرجەی دوای ساڵێک لە ئەندامبوونی کورد لە کۆمەڵەی گەلان بیسەلمێنن کە زۆرینەی کوردەکان داوای سەربەخۆیی و دروست بوونی دەوڵەت دەکەن.

 

لە ئەگەری دروست بوونی دەوڵەتی کوردی ویلایەتی موسڵ دەبووە بەشێک لەو دەوڵەتە، لێرەدا نامەوێ باسی ئەو ھۆکارانە بکەم کە بوونە ھۆی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی و لەناوبردنی ئەو ھەلە زێرینەی گەلەکەمان، بەڵکو دەمەوێت باس لە ڕاستکردنەوەی رێرەوی مێژوو بکەم و ئەو بەرپرسیارێتیە قورسەی کەوتۆتە سەر شانی سیاسەتمەدارانی ئێستای گەلەکەمان، دوای ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و پارچە پارچەبوونی گروپێک سەریھەڵدا کەدژی داگیرکاری شانشینی بەریتانیاو فەرەنسا و ئیتالیا بوو کە خۆیان بە شۆڕشی ئیستقلالیەت ناوزەند دەکرد، ئەم گروپە دەستی دایە چەک و پابەندی رێککەوتنەکان نەبوو کە سیاسیەکانی وڵات ئەنجامیان دابوو، جەنگیان لەگەڵ یونان بەرپاکردو توانیان لەو جەنگە سەرکەوتن بەدەست بھێنن.

 

ئەم جەنگە ساڵی ١٩١٩ تا١٩٢٢ی خایاند، زیاتر لە ٤٠ هەزار یۆنانی لەو شەڕەدا کوژران و نزیکەی ٥٠ ھەزار بێسەروشوێن بوون، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بەریتانیا نێوانگیری لەنێو یونان وتورکیادا بکات.

بردنەوەی جەنگەکە لەلایەن تورکیاوە بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەرو بیرۆکەو نوسینەوەی پەیماننامەی لۆزان، پەیماننامەی لۆزان لە ١٩٢٣/٧/٢٤دا لە شاری لۆزانی سویسرا و لە پەلەیس دێ رۆمین ( Palais de Rumine) واژوو کرا، ئەم پەیماننامەیە بووە ھۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سنوری تورکیا، بە پێی ئەم پەیماننامەیە ھەرێمی ئاناتۆلیای باشووری ڕۆژھەڵات کە پێشتر درابوو بە ئەرمێنیا خرایەوە چوارچێوەی سنوری تورکیا، تراقیای رۆژھەڵات و ئزمیر کە پێشتر بەشێک بوو لە یۆنان بەھەمان شێوە خرانە سەر وڵاتی تورکیا.

 

لە پەیماننامەی لۆزان بە پێی بەندی ١٤٢ ھەردوو وڵاتی یونان و تورکیا کۆچی زۆرەملێ بە ھاوڵاتیان دەکەن، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کۆچکردن بە ١،٢٥ ملیون یونانی لەو ناوچانەی خرانە چوارچێوەی تورکیاوە وەھەروەھا ٥٠٠ هەزار تورکی نیشتەجێی یونان.

 

لەبەرانبەر واژووکردنی پەیماننامەی لۆزان تورکیا دەستبەرداری باڵادەستی بوو لە میسرو سودان بۆ شانشینی بەریتانیا و دوديكانيسيا و لیبیاش بۆ ئیتالیا و لبنان و سوریا بۆ فەرەنسا، شاراوە نیە کە بەھۆی پەرتەوازەیی کورد و یاریکردن بە سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان لەلایەن تورکیاوە کورد ئەو ھەلە زێرینەی لە دەستدا.

لۆزان نەخشەی وڵاتانی داڕشتەوە لەسەر بنگەی دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە، عیراق و سوریاو تورکیاو تەنانەت ئێرانیش، کورد لەم میانەیەدا نەک ھەر ئەو مافەی لێ سەندرایەوە بەڵکو وەکو کۆڵۆنیەکیش ئەو مافەی نەدرایە، مێژوو ئەوە ئەسەلمێنێ کە کورد بەم دابەشبونە نەک ڕازی نەبوە بەشکو بەرگریشی لەخۆی کردوەو شەڕی بەرگریش رووی داوە.

 

ئەم دابەشکردنە نا عادلانە بوە بنەمای چەند تاوانێکی گەورەی سڕینەوەی نەتەوەی کورد لەناو بۆتەی دەوڵەت نەتەوەکانی کوردستانی بەسەردا دابەشکرا، بەرژەوەندیە ئابوریەکان وای لە وڵاتانی زلھێز کرد کە چاوپۆشی بکەم لەو ھەموو کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر بەگەلی کورد ئەنجام دران.

 

ئێستا دوای تێپەربوونی نزیکی ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو پەیماننامەیدا تورکیا ناڕەزایەتی خۆی دەردەبرێت و لەو بڕوایەدایە سیاسەتمەدارەکانی ئەوکاتی لاواز بوون و زۆرێک لەو ناوچانەی ئێستا لە چوارچێوەی سنوری وڵاتانی تردان دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر وڵاتی تورکیا.

 

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنقەرە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە پەیمانی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ی خستە ژێر پرسیارەوە، باسی لە "ڕێسای نادادپەروەرانە" و "شکستێک بۆ تورکیا" کرد.

 

وەک نموونەیەک دوورگەکانی ئیجەی هێنایەوە کە بە بۆچونی ئەو سەر بە تورکیان، سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند، هێشتا "ململانێیه‌كی زۆر له‌سه‌ر سنووری وشكانی و ئاسمانی و دەریایی هه‌یه‌".

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ کاروباری دەریایی و سیاسەتی دوورگەکان نێکتاریۆس سانتۆرینۆس لە نامەیەکدا کە پێشکەشی پەرلەمان کردبوو، نیشتەجێکردنی ٢٨ دوورگەی بچووکی لە دەریای ئیجە ڕاگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا بە یۆنانیەکان.

 

ئەم ئاڵۆزیەی نێوان یونان و تورکیا ھەروەھا بە کۆمەڵکوژی ناساندنی ئەرمەنیەکان کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دراون و سیاسەتی نوێی جیۆپۆلەتیک بەشێوەیەکی زۆر لەبارە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان.

ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٨لە میانی سەردانێكی عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری ئەوکاتی توركیا بۆ سویسرا، پاسكال كوشێپین سەرۆكی فیدراڵی سویسرا ئەو مێزەی پێشكەشی توركیا كرد كە پەیمانی لۆزانی لەسەر واژۆ كرا بوو.

 

دوای سەد ساڵ لە لۆزان ئەگەرەکانی شەڕی گەردونی زیندوون و ئەو ناوچەیەی کوردستانی بەسەردا بەش بەش کراوە دەبێتە چەقی رووداوە چاوەڕوان کراوەکان، بێشک دابەشبونی تازە دروست دەبن، تورکیای سەردەمی ئەردۆغان تەماحی لە فراوانخوازی ھەیە بەڵام کوردی ئێستا ھەمان کوردی سەردەمی لۆزان نیە، دەتوانێ رۆڵ ببینێ و لە پێگەی ئێستای زیاتر دەستەبەر بکات، بەڵام وەکو چۆن داگیرکەر پیلانی داناوە لەبەرامبەر ئەمەدا کورد دەیەوێت پلانی خۆی ھەبێت.

 

بۆ ئەم پرسە چارەنوسازەی کورد ئەبێ پرسیار بکەین و نەخشەکەی ئەوسا بھێنینەوە بەرچاومان و بڵێین کاتی ئەوە ھاتوە کورد لە گۆرەپانی سیاسی جیھاندا رۆڵ ببینێت، بەستنی کۆنگرەی ئامادەسازی بۆ ١٠٠ ساڵەی لۆزان کە لە شاری لۆزان و لەھەمان شوێنی واژوکردنی پەیماننامەی تێدا ئەنجام درا ھەنگاوێکی گرنگە.

ئەو ھەڵە مێژووییانەی ئەنجامدراون دەبێت ڕاست بکرێنەو، گەلی کورد توانی شانبەشانی وڵاتانی زلھێز بەژداربێت لە شەڕی دژ بە مرۆڤایەتی داعش و ئازایەتی بێوێنەی نیشانی جیھان دا.

 

ھەموو وڵاتانی جیھان قەرزاری پێشمەرگەو شەڕڤانن، ئێمە دەبێت بە ستراتیجیەتێکی بەھێزەوە بچین و لە دەرگای وڵاتانی ناو نەتەوەیەکگرتوەکان بدەین بۆ دووبارە پێداچونەوە بە پەیماننامەی لۆزان دا.

لەم سەد ساڵەی رابوردوودا چەندەھا وڵاتی نوێ دروست بوون و یەکێتی سۆڤیەت ھەڵوەشایەوە، کاتی بەرقەرابوونی مافی چارەنوسی کورد ھاتووە گەر لە دەستپێکش دا تەنھا بە ئەوتۆنۆمی بۆ ھەر یەک لەبەشەکانی کوردستان دەستپێبکات، بە شێوازی گونجاوی پێدانی مافی خۆ بەڕێوەبردن یان بەشداری کردن لە حوکمڕانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بە ئارەزوومەندانەی کورد خۆی.

 

ئەو پێشەکیە مێژووییەم بۆیە باس کرد چونکە گرنگە کورد بگەڕێتەوە سەر خاڵی سەرەتاو بزانێ تورکیا دوای سەد ساڵ بەنیازە چی بکات، بە بۆچوونی من ڕازی نیە بە لۆزان و دەیەوێت داگیرکردن بەرفراوان بکات، لەبەرامبەر ئەوەشدا کورد خۆی ئامادە کردوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو غەدرەی لێی کراوەو لە دەرفەت دەگەڕێت راڕەوی مێژوو راست بکاتەوە بەپێی یاسای نەتەوە یەگرتوەکان لە پێدانی مافی گەلان، چونکە کاتێ بەلۆزان کوردستان دابەش کرا ھیچ پرسێک بە خودی کورد نەکرا، ئێستا قۆناغێکی نوێیەو کورد بەرەو ئامادەکاری ئەو قۆناغە نوێیە ڕێگای جیاواز دەگرێتە بەر یەکێک لە دەستپێکە گرنگەکان کۆنفرانسی لۆزان بوو بە ئامادەبوونی کوردی ھەرچواربەشی کوردستان و نوێنەری ھەرە زۆرینەی پارت و حزبە نیشتمانیەکانی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش وەک ھێزێکی کوردستانی نیشتمانی بەشدارێکی کارای کۆنفرانس بوو.

 

بەبۆچونی ئێمە سەرەتایەکی نوێ دەستی پێکردوە بۆ گۆڕانکاری بەتایبەتی گۆڕانکاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کورد کوتلەیەکی دیارەو ناتوانرێ نادیدە بگیرێت، بۆ سەد ساڵەی لۆزان کورد ھەوڵەکانی دەستپێکردوە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سیڤەرو راستکردنەوەی ھەڵەی مێژوویی بەرامبەر بە گەلانی ناو خاکی کوردستان.

 

بۆ ئەم نەخشە ڕێگایە تێگەیشتن لە مەرامەکان و مەبەستەکانی پشت ئەو رێکەوتننامانە گرنگن، بەبێ تێگەیشتن و شیکردنەوەیان ناتوانرێت نەخشەڕێیەکی نوێ و بنەمایەکی پتەوی کارکردنی نیشتمانی دابڕێژرێت، لەکۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان ئەو نەخشەیە ئەچەسپێنرێت بە بەشداریکردن و ئامادەبوونی ھێزو گروپە نیشتمانیەکانی کوردستان.