ڕۆڵی ژنان لە کەرتی ئابوریدا

شەهێن نوری – نووسەر

 

ئێستا ژمارەیەکی زۆری ژنان و كچانی ئێمە سەرقاڵی کاری بازرگانیی و ئابوورین، ئەمە جێی دڵخۆشی و ئومێدە، چونکە ئەوان لەگەڵ خۆیاندا دەرفەتی کاریان بۆ ژمارەیەک کچ و ژنی دیکە ڕەخساندووە.

 

ژنانی ئێمە هەمیشە و بەردەوام هەوڵیانداوە هەنگاوی جدی بنێن لە کارەکانیاندا، ئەوان نەک هەر دەیانەوێت بەشێک بن لە پڕۆژەیەکی گەورە، بەڵکو دەیانەوێت خۆیان خاوەندارێتی لە پڕۆژەکاندا بکەن، بۆ ئەوە کار دەکەن و ژنیگەیەکی لە باریشیان رەخساندووە کە ژنانی دیکەش دەرفەتی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت، دەبینین کە ژنان خاوەنی چەندین کار و پیشە و داهێنانی جۆراو جۆرن.

 

مرۆڤ وەک تاك لە کۆمەڵگەدا بەهۆی هەوڵ و کارکردنییەوە دەبێتە خاوەن کار و داهاتی خۆی، ئەمە بۆ پیاوان ڕوون و ئاشکرایە بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن هەندێک وابیردەکەنەوە کە ژنان نابێت لە ئەرکی سەرەکی خۆی کە ماڵ و منداڵە ئەرکی تری پێبدرێ، هەندێکی تر لە پیاوان بەجۆرێک سەیری ئەم بارودۆخە دەکەن، کە ڕێی تێناچێت ژن لەنێو کۆمەڵگەدا خاوەن پێگە و کاری گەورە بێت، جگە لە ئەرکە مێینەکەی خۆی کە ماڵەوەیە، ئەمەیە کارەسات و فیکری ناڕەوا و دواکەوتوویی کۆمەڵگەی دروست کردووە.

 

ئەگەر بڕوانینە کۆمەڵگەیەکی خاوەن داهاتی گەورە و ژینگەی ئارام و جوانی کۆمەڵگە و رازاوەیی و کار و پیشە گەورەکان، دەبینین لە هەندێک شوێندا ژن خاوەن پلە و پێگەی بەرز و ئابووری مەزن و داهاتی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بڕوانینە هەندێک کۆمەڵگەی دواکەوتوو و لە نەریت و کەلتوریان بکۆڵینەوە، ئەوا دەبینین ژن تەنها بە ئامێرێکی دروستکردنی منداڵ و کاری ماڵەوە لێی دەڕوانرێ، جگە لەوەی کە دابونەریتێکی ناشیرن دایپۆشیوە لە بەشوودانی منداڵ و بەزۆر دروستکردنی خێزان، کە ژن لە کۆیلەیەک زیاتر هیچیتر نییە.

 

لە کۆمەڵگەی خۆماندا ، بەشێکی زۆری ژنان هێشتان خاوەن سەرمایەی خۆیان نین و ناتوانن ئازادبن لەوەی کە دەیانەوێت بیکڕن، بۆیە دەبێت کاری زیاتر لەسەر ڕەوینەوەی ئەو بۆچوونە بکرێت کە پێی وایە ژن و کچانی ئێمە لە چوارچێوەی ماڵدا بن و ئەرکی ماڵ جێبەجێ بکەن، جونکە توانایی و لێهاتوویی ژنانی ئێمە بەجۆرێکە کە دەکرێت سوودی زۆریان لێ ببینرێت لە پەرەپێدان و گەشەسەندنی کەرتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.