وتەیەک بۆ هەشتی مارس

ژیار جەلال - بەڕێوبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی

ژیار جەلال  - بەڕێوبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی

 

بە وتەیەکی ژنە بیرمەندی فەرەنسی "سیمۆن دی بۆڤوار"دەستپێدەکەم کە دەڵێت؛ "مێینە وەک مرۆڤ لەدایک دەبێت، بەڵام دواتر ژنی لێ دروست دەکرێت"، واتە ئێمە هاوشێوەی پیاوان سەرەتا وەک مرۆڤ دێینە دنیاوە، بەڵام دواتر کۆمەڵگا و نەریتەکانی، ژینگە و فەزای گشتی، کارخانەکەی دەخاتە گەڕ و جیاکاریی جێندەری بەرهەمدێنێت و لەگەڵ خۆیشیدا دنیایەک نادادی و بێ مافی و هەڕەشە دەخاتەوە و کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی دەخاتە ملی ئێمەی ژنانەوە، کە لە حەقیقەتدا ئەمەش تەنها ژن لەماف و ئازادییەکانی بێ بەش ناکات، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگا پێیەوە گرفتار دەبێت و لەسەرجەم ئاستە کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئیداری، سیاسی و فەرهەنگیەکانوە دووچاری پاشکەوتن و چەقبەستنی دەکات، دیارە کۆمەڵگای ئێمەش وەک بەشێک لەکۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی ئەو جیاکارییە جێندەریەدایە و ئەمەش ڕاستیەکی تاڵە و رۆژانە تاڵاوەکەی دەنۆشین.

 

دروشمی ئەمساڵی رۆژی جیهانیی ژنان بریتیە لە "یەکسانیی جێندەریی لەپێناو دواڕۆژێکی سەقامگیر و بەردەوام"، .ئەمەش ئەو پەیامە لەگەڵ خۆیا هەڵدەگرێت کە ئەگەر ئەمڕۆمان نەکەینە دەرفەت بۆ چەسپاندنی یەکسانیی جێندەری و بە هەموو توانامانەوە رووبەڕووی جیاکاری نێوان نێر و مێ، ژن و پیاو و داتاشینی بیدعەی ناڕەوای ڕەگەزی سەردەست و بندەست نەبینەوە، بێگومان ئایندەمان سەقامگیری بەخۆوە نابینێت و هەموو کۆمەڵگا ئەکەوێتە بەر نەشتەری عەقڵیەتی نێرسالاری-ەوە..بە دەرککردن بەو مەترسی و هەڕەشانە و وەک ئەرکی مرۆیی و نیشتیمانیمان، پێش ئەرکە ئیداریەکەمان، هەم وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەم وەک بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی و بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی رێکخراوە خەمخۆر و داکۆکیکارەکانی مافەکانی ژنان، هەمیشە لەهەوڵی بەردەوامدا بووین و دەبین و هێندەی لەتوانای بەردەستمانا بووبێت کارمان بۆ ئەوە کردووە کە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی ژنانی هەڕەشەلێکراو بکەین و لەشێڵتەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان پەنایان بدەین و پارێزگاریی لەژیانیان بکەین، لێرەشەوە بە پێویستی دەزانین کە دەستخۆشی لەهەموو ئەو ڕێکخراو و کەسایەتی و ناوەندە ڕۆشنبیری و میدیاییانە بکەین کە خۆیان بە خاوەنی ئەو پرسە گرنگە زانیوەو کەم و زۆر کاریان بۆ کردووە، بەڵام هاوکات دەبێ ئەوە بزانین کە هەموو ئەو هەوڵانە ناگەنە ئاستی ئەو بێدادی و هەڕەشانەی لەژن دەکرێن، بەتایبەتیش بەناوی "کڕینەوەی شەرف"ەوە، لەکاتێکدا بە هیچ پێوەرێکی ئاسمانی و ئینسانی ناکرێ شەرەف و ژنکوشتن لەیەک کەسدا کۆبێتەوە و ژن وەک شەرەفی پیاو سەیربکرێت.

 

ئێمە کە ئەو مەترسیانە دەخەینەڕوو، پشت بە ئامارەکانی بەردەستمان دەبەستین، بۆ نموونە لەسالى ٢٠٢١، ٢٤٢ كەيسمان هەبووه و تەنھا ٢٠٨یان چارەسەركراون، ئەمساڵ لەمانگی یەک ٤٤ کەیس و مانگی دوو٥٢ و سەرەتای مانگی سێ ٣٧ کەیسمان هەبووە کە هی ژنانی هەڕەشەلێکراون و پەنامانداون، ئەمە جگە لەو ژنانەی لەسەرەتای ساڵی رابردووەوە تا ئێستا کوژراون یان خۆیان کوشتووە، بۆیە بەپێویستی دەزانین و پێمانوایە کە ئیتر زەروورەتێکی جدی و حەیاتیە بەیەکەوە و بۆ ئەو مەبەستە ئینسانیە، هەنگاو و پلانی هاوبەشمان هەبێت و بە کارەکانی ڕابردووماندا بچینەوە و لەخۆمان بپرسین کە بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە پێش لەو رووداو و کارەساتانەی کوشتن و خۆکوشتن و بێ ڕێزی کردن و هەڕەشە و ئازاردانی جەستەیی و دەروونیی ژنان بگرین کە رۆژانە بەرکەوتنمان لەگەڵیاندا هەیە و زۆربەشیان لەناو چوار دیواری ماڵ و خێزانەکاندایە و ناکەونە بەر ڕووناکی کەناڵەکانی میدیا و نابن بە کەیسی یاسایی و مرۆیی لای ئێمە و رێکخراوە داکۆکیکارەکانی مافی ژنان، ئەوەش بۆ هەموو لایەکمان ڕوونە کە هەمان ئەو عەقڵیەتە نێرسالارییەی ناو ماڵ، لەناو فەرمانگە و شوێنەکانی تری کار و ڕووبەری گشتیدا حزووری هەیە و رێگە لەوە دەگرێت ژن وەک مرۆڤێکی عاقڵمەند و خاوەن ماف، رۆڵی دیار و چاوەڕوانکراوی خۆی لە پێشخستنی کۆمەڵگا و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا ببینێت.

 

ئەگەرچی بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو، لەئاستە ئابووری و ئیداری و سیاسیەکاندا کرانەوە و پێشکەوتنێکی سنووردار بەدی دەکرێت، کە ئەویش بە پلەی سەرەکی بۆ پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆژی و دنیای گڵۆباڵیزەیشن دەگەڕێتەوەو کۆمەڵگای ئێمەش رۆژانە کارلێکی لەگەڵدا هەبووە، بەڵام بەداخەوە هێشتا لەئاستە کۆمەڵایەتییەکە کۆتوبەند و نەریتە جیاکاریەکان بەهێزن و بەڕوونی ئەوە بەدی دەکەین کە ژنێک لەپۆستی ئیداری و سیاسیی بەرز و بەرچاودایە، بەڵام کە دەگەڕێتەوە ناو ماڵ و خێزان و ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی، ئەویش گیرۆدەی کۆت و بەندەکانی سەندنەوەی ئازادیەکانی و پێوانە نەریتیەکانی کۆمەڵگا دەبێتەوە و دیسانەوە بە جۆرێک لەجۆرەکان دەبێتەوە بە ژێردەستەی بڕیارەکانی باوک تا کچە، کە هاوسەرگیریی دەکات هی مێرد و تەنانەت هەندێجار کە دەبێت بە دایکیش کوڕەکەی دەبێتە ڕەگەزی باڵادەست، واتە نێرسالاری لەهەموو قۆناغەکانی ژیانیدا لەگەڵیدا دەژیت.

 

بۆیە ئێمە پێمانوایە کە پێویستە بەر لەهەموو شتێک ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاوبێت کە ئازادیی ژن بە ئازادیی کۆمەڵگادا تێپەڕدەبێت، واتە نابێت ئێمە تەنها فۆکەسمان لەسەر ژن و مافەکان و شکاندنی کۆتە کۆمەڵایەتیەکەی بێت و ئەوە نەبینین و بە بایەخەوە لێی نەڕوانین کە پیاوانیش قوربانی ئەو کلتوور و داب و نەریتە دواکەوتووانەن کە هەناوی کۆمەڵگاکەمانی داگرتووە و وەک پەتایەک ئەگەر پێشی لێ نەگیرێت، شیرازەی ژیانی تاک و کۆمان دەشێوێنێت.

 

لەکۆتاییدا وێڕای پیرۆزباییمان لەتەواوی ژنانی کوردستان و جیهان، هیوادارین کە "٨ی مارس" تەنها ڕۆژێک بێت بۆ خۆ جۆشدانەوە و نوێکردنەوەی وزە و تواناکانمان بۆئەوەی هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بکەینە بۆنە و دەرفەتی نەهێشتنی جیاکاریی جێندەری و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی و پاککردنەوەی کۆمەڵگاکەمان لەو پەتایەی هەڕەشەیەکی هەمیشەییە بۆ سەر ئەمڕۆ و ئایندەمان.