ڤێرژنی نوێی داعش

سۆزان حەمە تاتە - نووسەر

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووەتە یەکێک لە هەرە مەترسییە گەورەکانی سەر ژیانی مرۆڤایەتی و کورد و ئازادیخوازن، جگە لە شەهیدکردن و برینداربوونی دەیان پێشمەرگە، داعش بێ بەزەییانە کوردانی ئێزدییان جینۆساید کرد و سەدان ژن و منداڵیان لێ بە دیل گرتن و تائێستایش چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیارە.


کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخێرایی هاتە سەر هێڵ بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەگەرچی گومان هەبوو کەوا هەندێک لە وڵاتانی زلهێز خۆیان لە پشت دروستکردنی داعشەوەن، بەڵام گەورەبوونی مەترسییەکانی داعش رێگریی لێکرا و دوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوەدا راگەیەنرا.


لەوکاتەوە تائێستایشی لەگەڵدا بێت، من گومانم لە کۆتاییهێنان بە داعش هەیە و پێموایە داعش بەردەوام لە خۆڕێکخستنەوەدایە لەژێر ناو و بەرگی نوێ، دوایین ڤێرژنیشیان محەمەد جۆلانی "ئەحمەد شەرعی ئێستایە" کەوا لە پرۆسەیەکی چڕ و ئاڵۆزدا هێنایانە سەر تەختی سەرۆکایەتیی سوریا و وردە وردە ئەرکی نوێی پێ جێبەجێ دەکەن.


رۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای رەخنەی زۆر لەسەریان، بەڵام ئەزموونێکی تا ئەندازەیەکی زۆر سەرکەوتوویان هەیە و بوونەتە دامەزراوەی کارگێڕی و هێزی سەربازییان هەیە و لەسەر دەستی ئەوان داعش لە رەققە و زۆر ناوچەی دیکەیش شکستیان پێ هێنرا، ئەو ئەزموونە لای تورکیا و سوریای عەرەبی وەکو مەترسییەکی گەورە وێنای دەکرێت و هیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە ویستی ئەوەیان نییە کورد خاوەن خۆبەڕێوەبەریی بێت و هێزێکی وایشی هەبێت بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و رێگە نەدات بەئاسانی جینۆساید بکرێت.


ئەحمەد شەرع لە هەناوی داعشەوە هاتووەتە دەرەوە، راستە ئێستا جلی ئەفەندی دەپۆشێت، بەڵام هێشتا رەگی بیرکردنەوەی لە سەدەکانی جاهیلیدایە و بڕوای بە کوشتوبڕ و سەپاندنی ئیرادەی خۆی هەیە و دەیەوێت لە بری دەوڵەتێکی مۆدێرن، خەلافەتێکی ناواخن پیس دابمەزرێنێت، هەروەها بڕوای بە ماف و مانەوەی کورد، جیاواز نییە لەوەی خۆی نەخشەی بۆ کێشاوە، هەموو هەوڵی بۆ کۆتاییهێنانە بە خۆبەڕێوەبەریی کوردانی رۆژئاوای کوردستان.


ئێستا لە سوریا ڤێرژنێکی نوێی داعش لە دژی کورد دەجەنگێ، تورکیا و قەتەر بەڕاشکاوی پشتیوانیی سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع دەکەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ زیندووکردنەوەی داعشە لەژێر ناوی دەوڵەتدا، سەیرەکە لەوەدایە هەموو جیهان ئەمە دەزانن و هەست بەوەیش دەکەن قەبارەی مەترسییەکانی داهاتووی ئەم جۆرە حکومەت و دەسەڵاتە چۆن و چەندن، کەچی خۆیان لێ بێدەنگ کردووە و تەنها کوردە وا دەبێتە قوربانی ڤێرژنە نوێیەکەی داعش.