ڤایرۆسی ڕاگەیاندن و هۆشیاری تاک

سۆزیار بەختیار

 

بەو دۆخە خراپەی ئێستاش كە ڕأگەیاندن تیایدایە، نكوڵی ناكرێ كە ئەم ئامرازانە، چ كاریگەریەكیان هەیە لەسەر ژیانی تاك و پاشان كۆمەڵ، بەڵام گرفت ئەوەیە، كاریگەری راگەیاندن لە كۆمەڵی ئێمەدا بە چ ئاراستەیەكە، ئەرێنی یان نەرێنی! باش یان خراپ..هتد.

بوونی ڕاگەیاندن و ئێستاش سۆشیال میدیا كە بوەتە دوانەی راگەیاندنی كلاسیك، بوەتە پەردەپۆش كردنی ڕاستی و مەحەكی بابەت، وەك خۆڵێك وایە دەیكەنە چاوتەوە بۆ ئەوەی نەگەی بە راستی، بەڵكو بتگەیەنن بەوەی خۆیان مەبەستیانە و ئەو ڕاستییە بشارنەوە كە هەیە.

 

لەم سەردەمەی ئێستادا كە سەردەمی میدیای نوێ و سۆشیال مێدیایە، ئامرازەكانی راگەیاندن بون بە بەشێكی گرنگ بۆ هەر یەك لە تاكەكانی كۆمەڵ، زۆر كات بۆ هەندێك لە كەسەكان دەبێتە ڕێگایەك بۆ ژیان، لە كاتێكدا نازانێ كە خودی خۆی لێ ون بووە و كەوتوەتە ناو چ گێژاوێكەوە ..  لەوەش خەمتر، هەر ڕاگەیاندن و میدیایەك كە دەبینرێت لە بەرژەوەندنی لایەنێك لە لایەنەكانی كۆمەڵگایە نەوەك بۆ هوشیاركردنەوەی تاك  یاخود بەرژەوەندی گشتی بێت.

 

راگەیاندن لەم هەرێمە بچوكەی ئێمە بەو جۆرەیە: پێشهات و روداو یان لێدوانێك دەكەن بە بابەت و رۆژەڤ بۆ كۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەمە بابەتێكی تر دووردەخەنەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاك بەو ڕێچكەیەی خۆیان بڕۆن بێ هیچ لەمپەر و تەگەرەیەك چونكە دەبێتە بەشێك لەوان.. لەكاتێكدا زۆر جار بابەتەكانی میدیا هێند گرنگ نیە بەقەد ئەو بابەتانەی فەرامۆش دەكرێن و میدیاكان دەیانەوێ بیشارنەوە.

 

ئەگەر لە رابردودا راگەیاندن پایەیەكی هوشیار كردنەوەی كۆمەڵ بوبێ، ئەوا ئێستا بوە بە پایەیەكی خراپی چەواشەكردنی كۆمەڵ و لادانی تاك، بۆیە پێویستە ئیدی تاك هوشیار بێت بەرامبەر بە واقعی كۆمەڵگاكەی خۆی و بەراوردی بكات بەو بابەتانەی كە ڕاگەیاندنەكان دەری دەخەن، لە خۆی بپرسێت ئایا ئەمە ڕاستیە؟ ئایا ئەو شتە وایە كە ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن؟ یان ڕاستیەكە بە شێوەیەكی ترە.

 

دەبێت تاك ئیدی لەروی فكری بەئاگابێتەوە، ئاگاداربێت لەوەی راگەیاندن بكات بە ئامرازی گەیشتن بە لایەنە جیاجیاكانی راستی، نەك بەپێچەوانەوە خۆی ببێت بە ئامرازی ساغ كردنەوەی ئەو كاڵا خراپ و زیانبەخشانەی كە راگەیاندن وەك ژەهر دەیڕێژنە فەزای گشتی و ژینگەی كۆمەلایەتی. بە جۆرێك، ئەو زیانانەی لە رابردودا ڤایرۆس و پەتاكان خستویانەتەوە، ئەگەر بەراوردی بكەیت، ئەوا زۆر كەمترە لەو دەرد و لادانانەی كە راگەیاندن دروستی كردوە و بە وێنەی ڤایرۆس كۆمەڵگای نەخۆش خستوە.