توندوتیژی هەر کوشتن و لێدان نییە!

ڕاز ئەسعەد – نووسەر

با جیهان لە ڕەنگی پرتەقاڵی هەڵبکێشین"

ئەمە دروشمی چەند ساڵێک لەمەوبەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان، بەداخەوە هێشتا هیچ ئەنجامێکی دەرنەکەوتووە و هێشتا لە تەواوی جیهاندا لە هەر سێ ژن یەکێکیان تووشی جۆرێک لە توندوتیژییەکان بۆتەوە.

 

توندوتیژی دژی کچان و ژنان بە پێی پێناسەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بریتییە لە: "هەر کردەوەیەکی توند کە بە پاڵنەری دەمارگیری ڕەگەزی بێت و ببێتە هۆی، یان وا چاوەڕوانبکرێت ببێتە هۆی زیان یان ئازاردانی ژنان لە ڕووی جەستەیی یان سیکسی یان دەروونیەوە، یان هەڕەشەکردن بە ئەنجامدانی کردەوەی لەو جۆرانە یان ناچارکردن یان بێبەشکردنی زۆرەملێ لە ئازادی، ئیتر ئەمانە چ لە ناو ژیانی تایبەت یان گشتیدا ڕوویاندابێت".

 

ساڵانە کۆمەڵێک دەزگای حکومی و ڕێکخراوەیی لەم هەرێمەی خۆشماندا لە ماوەی ئەو شازدە ڕۆژەی نێوان ٢٥-١١ تا ١٠-١٢ دەکەونە وتنەوەی دروشمی قەبە قەبە، بە بێئەوەی توانیبێتیان کەمترین فشاری سەر ژنان کەمبکەنەوە، تەنیا ویستوویانە ژن وەک کاڵای جوانکاری بۆ کۆڕ و سیمینار و ئەنجومەن و پرۆژەکانیان بەکاربهێنن، ئەمە خۆی جۆرێکی زۆر قێزەونی توندوتیژییە.

 

لێرە پێویست ناکات ناو کۆڵان و ژێرزەمین و شوێنە نهێنیەکان بگەڕێیت تا توندوتیژی دژی ژنان و کچان ئاشکرا بکەیت، لێرە نەک هەر دەسەڵات و حیزبەکان و زانکۆ و ناوەندە ئینتلیجنسیاییەکان بکەری توندوتیژیین، تەنانەت لەسەر جادە و ناو دەزگا میدیایی و فەرمانگا و کۆمپانیاکان و هتد، بە سەدان جۆر توندوتیژیی و هەڕەشەی توندوتیژی، ژنان ناچاری بێدەنگی دەکات، نەک هەر دەسەڵات سەیرکەرە، تەنانەت ڕێکخراوەکانی ژنانیش نوتقیان گیراوە و لە ترسی حیزبەکانیان ناوێرن هیچ بڵێن.

 

بۆیە بە ڕەشبینییەوە پێموایە هێشتا فشارەکان لە هەڕەتدان و بەرەو دوا دێین.