تەندروستی دەروونی

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

مرۆڤ لە هەرزەکارییدا لە هەستیارترین قۆناغی تەمەنیدایە، بۆیە زۆر بە ئاسانی، دەروونی تێکدەچێت و بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی لە داهاتوودا لە رووی دەروونییەوە وەک مرۆڤێکی تەندروست دەژی پێویستە لەو قۆناغەدا گرنگی بە پاراستنی دەروونی بدەین تا بەشێوەیەکی سروشتی لە ساڵانی هەرزەکارییەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دواتر کە گەورەیی و کامڵ بوونە. هەرزەکاریی قۆناغێکی گرنگە تێیدا تاکەکان لە رووی کەسێتییەوە گەشە دەکەن و پەرە بە توانا کۆمەڵایەتیی و زانستیی و سۆزدارییەکان و ئەوانی دیکە دەدەن خۆیان لە منداڵیی و هەرزەکارییەوە دەگوازنەوە بۆ تەمەنی گەورەیی، بۆیە گرنگە دایک و باوک جەخت لەوە بکەنەوە ئەو ژینگەیەی هەرزەکاری تێدا دەژی هەموو ئەو فاکتەرانەی تێدابێت کە هەرزەکار تووشی شڵەژانی دەروونی نەکات و لە کاتی روودانی هەر کێشەیەکی لەو جۆرەدا زوو چارەسەری بکەن، چونکە دەروونێکی تەندروست یەکسانە بە خۆشگوزەرانیی هەرزەکار لەو قۆناغە و لە قۆناغی دواتریشدا، رەنگە بوترێت تەندروستیی دەروونی بابەتێکی ئەوەندە گرنگ نییە و نەوەی هەشتا و نەوەدەکان گەورە بووین بەبێ ئەوەی باسی ئەو جۆرە بابەتانە بکرێت و کێشە لە گەورەبوونماندا نەبووە، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئێستا کە دایک و باوکی هەرزەکارانی ئەمڕۆین ئەگەر هەر یەکێکمان شیکردنەوەی کەسێتی و دەروونیمان بۆ بکرێت دڵنیابن لەوەی دنیایەک گرێی دەروونیی و ترۆما لە ژیانماندا هەیە، بەڵام فێرکراوین بیانشارینەوە و خۆمان وا نیشان بدەین باشین و کێشەمان نییە، بەڵام گرنگە دانی پێدا بنێین و هەوڵ بدەین گرێ دەروونییەکانمان بۆ منداڵەکانمان نەگوێزینەوە، ئەوەتا لەسەر بنەمای خەمڵاندنەکانی پەیمانگەی پێوانە و هەڵسەنگاندنی تەندروستی "IHME" و رێکخراوی یونسێف کە لە ساڵی ٢٠١٩دا کراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١دا لە راپۆرتی دۆخی منداڵانی جیهاندا هاتووە، لە سەرانسەری جیهاندا لە هەر حەوت هەرزەکارێک یەکێکیان تەندروستیی دەروونی تێکچووە، ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی ١٦٦ ملیۆن هەرزەکار، لە نێویاندا ٨٩ ملیۆنیان کوڕن و ٧٧ ملیۆنیان کچن، ئەو ناتەواوییە دەروونیانەش بریتین لە: خەمۆکیی، دڵەڕاوکێ، تێکچوونی دوو جەمسەری، تێکچوونی حەزی خواردن، ئۆتیزم، تێکچوونی رەفتاریی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، کەمئەندامیی هزریی بە هۆکارێکی نادیار، حاڵەتی زۆر جووڵە و کەم سەرنج، لەگەڵ کۆمەڵێک لە تێکچوونی کەسێتی.


بێگومان ئەم توێژینەوە و ئامارانە پێمان دەڵێن جۆر و هۆکارەکانی تێکچوونی باری دەروونیی هەرزەکاران زۆرن و ئەگەری روودانیان زۆرە، هەروەها ئێستا لە دنیادا درک بە گرنگی ئەو بابەتە دەکرێت و توێژینەوەیان لەبارەوە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تەندروست، رەنگە لە رابردوودا ئەو حاڵەتانە زۆرتر بووبن، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە، هاوکات ئەو ژمارانە بەبیرمان دەهێننەوە لە ئاست ئەو مەسەلەیەدا خەم سارد نەبین و هیچ هەرزەکارێکیش لە ئەگەری تووشبوون بەو کێشانە بەدوور نییە، گرنگ ئەوەیە ئێمەی دایکان و باوکان چی لەبارەوە دەکەین و کاردانەوەمان چۆن دەبێت و چۆن چارەسەریان دەکەین؟ تا منداڵەکانمان لە ئێستا و داهاتوودا مرۆڤێکی کامڵ و تەندروستیان لێ دەربچێت.