تاڵیبان و داعش، ئایدیۆژیایه‌كی هاوبه‌ش

شاناز هیرانی - نووسەر

دوا به ‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان و گه‌یشتنی به‌ هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌فغانستان و كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوی جومگه‌كانی حوكمڕانی، پرسیارێك هاته‌ ئاراوه‌: ئایا تاڵیبان به‌ته‌نیا ده‌توانێت ئه‌من و ئاسایشی ئه‌فغانستان جێگیر بكات و بیپارێزێت؟

سه‌رجه‌م ئاماژه‌كان تا ئێستا پێمان ده‌ڵێن كه‌ تاڵیبان ناتوانێت دڵنیایی بدات له‌ڕووی ئه‌من و ئاسایشه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وت له‌و ماوه‌‌ كورته‌دا ئه‌فغانستان بۆته‌ موڵگه‌ی گروپه‌ توندڕه‌و و تیرۆریستیه‌كان له‌كاتی ئێستاداو وڵاتیش كه‌وتۆته‌ نێوان به‌رداشی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان، كه‌ باشتر و ئازادانه‌تر ده‌توانن جوڵه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها بێ‌ توانایی بزوتنه‌وه‌كه‌ش له‌ دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆیی، ئه‌مه‌ش واده‌كات ببێته‌ بارێكی قورس بۆ سه‌ر شانی ئه‌فغانیه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بونی ململانێی‌ چه‌كداری و سیاسی له‌ نێو خودی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ژووره‌ داخراوه‌كاندا.

 

به‌ پێی زانیاریه‌كان ژماره‌یه‌كیان له‌سه‌ر چه‌ندین پرس و رێوشوێن ناكۆكن و ناتوانن بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێك، ئه‌مانه‌ هه‌مویان ئاماژه‌ی زه‌قن بۆ كه‌وتنێكی نزیكی بزوتنه‌وه‌كه‌ یان به‌رپابونی شه‌ڕێكی ناوخۆیی سه‌رتاسه‌ری له‌ وڵاته‌كه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ترسی لای وڵاتانی دراوسێی ئه‌فغانستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دروست كردوه‌.

 

گروپی ویلایه‌تی خوراسان توانیان چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن و خه‌ڵك و چه‌كدارانی سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ش بكه‌نه‌ ئامانج، تاڵیبانیش نه‌یتوانیوه‌ به‌ر به‌و خوێن ڕشتنه‌ بگرێت، بۆیه‌ رۆژهه‌ڵاتی وڵات ئێستا بۆته‌ موڵگه‌ی رێكخراوی داعش و تیرۆریستان، ئه‌فغانستان بۆته‌ كوتله‌یه‌كی ئاگرین و رۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌بێته‌ سوتماكی ئه‌و دۆخه، چ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌كه‌ی خۆی بێت یان رێكخراوه‌كانی تری وه‌ك "قاعیده‌ی جیهادی"و "شه‌به‌كه‌ی حه‌قانی" یان گروپه‌كانی تری وه‌كو گروپی ویلایه‌تی خوراسان، ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانین بڵێن: تاڵیبان دژی داعشه‌، چونكه‌ خۆی هۆكاری بونی ئه‌و رێكخراوه‌و ئه‌وانی تریشه، راسته‌ جۆرێك له‌ ناكۆكی و دوژمنایه‌تی هه‌یه‌ له‌نێوانیان، به‌ڵام داعش نه‌یده‌توانی به‌و شێوه‌یه‌ ئاماده‌یی هه‌بێت گه‌ر تاڵیبان دوباره‌ نه‌گه‌ڕابایه‌وه‌ ئه‌فغانستان.

 

تاڵیبان به‌رپرسه‌ له‌و ره‌فتارانه‌ی داعش و به‌رپرسیاریه‌تی روداوه‌كانی ناوخۆیی هه‌ڵده‌گرێت، چونكه‌ تا ئێستا خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕون له‌باره‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ و گۆڕینی شێوازی كاركردنی نییه‌، ئه‌و بیرۆكه‌ و ئایدیایانه‌ی له‌سه‌ری دروست بوه‌ تا ئێستا كاریان پێده‌كات و ده‌ستبه‌رداری نه‌بوه‌، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تیشدا ئه‌و بیرۆكه‌ و ئایدیایانه‌ به‌شێكی گرنگی پێكهاتنیه‌تی.

 

تاڵیبان له‌وه‌ته‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته‌ ده‌ست جگه‌ له‌ به‌ڵێنی بریقه‌دار و دروشمی ساخته‌ی بێ‌ ناوه‌ڕۆك هیچی تری نه‌كردوه، سه‌ره‌تا رایگه‌یاند كه‌ پێكهاته‌ی حكومه‌تی نوێ‌ سه‌رجه‌م نه‌ژاد و كه‌مایه‌‌تیه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و هه‌ر پشتونه‌كان نین، به‌ڵام ده‌ركه‌وت زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ر ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بریتییه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ لیستی تاوانبارانی تیرۆر بون، بۆ نمونه‌: وه‌زاره‌تی ناوخۆ دراوه‌ به‌ "سه‌راجه‌دین حه‌قانی" كوڕی جه‌لاله‌دین حه‌قانی، وه‌زاره‌تی به‌رگری دراوه‌ به‌ مه‌لا محه‌مه‌د یه‌عقوب كوڕه‌ گه‌وره‌ی محه‌مه‌ عومه‌ر، سه‌ركرده‌ی موجاهیده‌كانی ئه‌فغان و یه‌كێك بوو له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانی "هیبه‌ئه‌ڵڵا ئه‌خوندزاده‌"، سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تیش بۆ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌خوند، كه‌ له‌ساڵی ٢٠٠١ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بوو كاتێك ئه‌مه‌ریكا داوای له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ كرد ئوسامه‌ بن لادان راده‌ستی هێزه‌كانی بكات و ره‌تیكرده‌وه‌ و به‌ وته‌یه‌كی به‌ناوبانگ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئوسامه‌ بن لادن میوانی ئه‌فغانستانه‌ و راده‌ستی ناكه‌ین"، ته‌نانه‌ت پارێزگاریشی لێده‌كرد.

 

تاڵیبان هه‌ر زوو بۆ راكێشانی ڕای گشتی و هێور بونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان رێز له‌مافی ژنان ده‌گرن و به‌شداریان پێده‌كه‌ن له‌ كابینه‌ی وزاری، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر به‌شداریان پێنه‌كراوه‌، به‌ڵكو هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت له‌ خوێندن و كاری ئیدرایش بێ‌ به‌ش كراون، له‌ماوه‌ی رابردووش هه‌ر گردبونه‌وه‌یه‌كی ژنان به‌ زه‌بری لێدان و هێز بڵاوه‌ی پێكراوه‌، بۆیه‌ ژن هیچ پێگه‌یه‌كی نابێت له‌ژێر سایه‌ی تاڵیباندا.

 

دواجار ده‌ركه‌وت تاڵیبان ناتوانێت به‌ره‌نگاری ئه‌و رێكخراوه‌ ببێته‌وه‌، له ‌راستیدا هه‌ردوكیشیان جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌ له‌ بیرو ئایدیۆلۆژیادا، راسته‌ هه‌ریه‌كه‌و ئه‌وی تر ره‌تده‌كاته‌وه‌، تاڵیبان پێیوایه‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات مافی بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌و داعشیش خۆی پێ‌ ره‌واتره‌ و پێگه‌یه‌كی له‌نێو ئیماره‌ته‌كه‌ بۆ خۆی خوڵقاندوه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت ئیماره‌تی ئیسلامی.

 

ئه‌فغانستان ئێستا له‌لایه‌ك دابه‌ش بوه‌ له‌نێوان تاڵیبان كه‌ كاروباری ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌بات، رێكخراوی قاعیده‌ش كه‌ ده‌بێته‌ كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی سه‌ر شانۆی روداوه‌كانی داهاتوو له‌و وڵاته، هه‌روه‌ها شه‌به‌كه‌ی حه‌قانی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی باڵی سه‌ربازی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن و داعش ــ ویلایه‌تی خوراسان، كه‌ پێیوایه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مویان دوژمنی ئه‌ون و پێویسته‌ بیانسڕێته‌وه‌.

 

به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و دوژمنایه‌تییه‌ی نێوانیان رێگر نابێت له‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌، به‌تایبه‌تی چونكه‌ له‌كاتی ئێستادا تاڵیبان توانای روبه‌روبونه‌وه‌ی داعشی نیه‌، به‌مه‌ش داعش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی، چ بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ یان بۆ خودی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان، سه‌رباری روخانی خه‌لافه‌تی ئیسلامیش له‌ ره‌قه‌و موسڵ له‌ ٢٠١٤ به‌ڵام پێده‌چێت داعش به‌ به‌رگێكی تر خۆی نمایش بكاته‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی زۆر ڕونه‌ لێره‌دا جیاوازی نێوان ئه‌و رێكخراو و بزوتنه‌وه‌یەیە‌ ته‌نیا له‌میكانیزمی جێبه‌جێكردندا، چونكه‌ قه‌باره‌ی ناكۆكیه‌كانیان لاوازه‌ و له‌ڕووی فیكری و ئایدیۆلۆژیاوه‌ هه‌مان رێچكه‌ و رێبازه،  ئیماره‌تی ئیسلامی یان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، كوشتنی كافره‌كان یان هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان هه‌موو یه‌ك ئامانجیانه،  بۆیه‌ هیچ جیاوازیه‌ك له‌میتۆدو بیركردنه‌وه‌كه‌ نییه‌ ته‌نیا له‌شێوازی بەڕێوه‌بردنه‌.