تاوانی ئارایشت (ماكیاژ)

چیا ئیسماعیل

 

 

 
 
 
لەم سەردەمەدا جیهان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لە هەموو ڕویەكەوە ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی تاك و كۆمەڵگە هەیە، بەتایبەتیش كاری هونەری سینەما و دراما و رێكلام و دەركەوتنی جۆرەها ئەستێرە لەو بوارانە كە بونەتە پێشەنگی گەنجان و بەڕێژەیەكی زۆر چاولێكەرییان دەكرێت.
 
هەڵبەت كوردستانی ئێمەش هەرێمێكی دابڕاو نیە لە جیهان و ئاسان بەردەست بوونی ئینتەرنێت و میدیا و سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵێكی نەرێنی دەگێڕێت لە ئاڕاستە كردنی گەنج و دروست كردنی خولیا و ئاوات لایان و ئافرەتانیش وەك هەمیشە پشكی شێریان بەردەكەوێ و ئاسان فریو دەدرێن.
 
ئارایشت(ماكیاژ، مەیك ئەپ) لەمڕۆدا گرنگترین هۆكارە بۆ ڕازاندنەوەی خانمان و زیادبوونی متمانە بە خۆبوونیان كە دەتوانین بڵێین ڕێژەیەكی زۆری ئافرەتان ئالودەی بوون، بە جۆرێك كە ناتوانن بەدەر لێی لەماڵ بچنە دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش جۆرەها ڕێگا دەگرنە بەر و سامانێكی زۆری لە پێناودا بە خەرج دەدەن.
هەڵبەت من پێم وایە كە ئافرەت پێویستە لە سنورێكی دیاریكراودا بایەخ بەخۆی بدات و گەنجی و جوانی خۆی بپارێزێت بەڵام نابێت بگاتە ئاستێك لە سروشتی خۆی دووری بخاتەوە، چونكە جگە لە ئالودەبوون و بە هەدەردانی سامان، یەكێكی تر لە خراپیەكانی زۆر ئارایشت كردن ئەوەیە هەستێكی ساختە لای خانم دروست دەكات كە متمانەی بەخۆیەتی، چونكە جوان دەردەكەوێت و جێی ڕەزامەندی خەڵكە، بەڵام لە ڕاستەقینەدا زیاتر و زیاتر توشی دڵەڕاوكێ دەبێت كە بە بێ ئارایشت دێتە بەر ئاوێنە و سەیری خۆی دەكات.
 
ئەمانە جگە لەو هەموو ساختەكارییانەی دەكرێت بۆ ئەم مەبەستە لە بۆتۆكس و فیلەر و ....هتد، كەدەبێتە هۆی دروست بونی خەم و دڵەڕاوكێ لای خاتونەكان چونكە هەمیشە كەسانێكی تر دەبینێت كە لەم جوانتر دەردەكەون بۆیە ئەمیش هەمیشە لەخۆی ڕازی نییە و هەوڵ و تەقەلای بۆ جوانتر و جوانترە.
زۆر جاریش پیاوان داوا لە هاوسەرەكانیان دەكەن كە وەك كچە گۆرانیبێژ و مۆدێلەكان بن و بیانویان پێدەگرن ئەگەر جوان دەرنەكەون، بەمەش ئاسودەیی و ئارامی خێزان دەكەوێتە ژێر هەڕەشەو هاوسەرەكان بەرەو لێكترزان دەچن.
 
لە راستیدا بمانەوێ یان نا بەم جۆرە ئافرەت لە سروشتی مرۆڤی و مێینەیی خۆی دەرچووە و بۆتە كاڵایەك و تەنها وەك بوكەڵەیەكی لێهاتووە بۆ ڕازی كردنی خواستی ڕەگەزی بەرامبەر و كەرەستەیەكی باش بۆ تاقی كردنەوە و ساغ كردنەوەی جۆرەها مەوادی كیمیایی لەسەر دەموچاو و جەستەی، ئیتر ڕۆڵ و گرنگی لەبیركراوە، وەك تاكێكی كارا لە بنیات نانەوەی كۆمەڵگە و ڕاگرتنی شیرازەی خێزان و پەروەردەی مناڵ و هەموو ئەو ئەركانەی لەمڕۆدا شان بەشانی پیاوان لە ئەستۆی گرتوە.
 
ئەم بابەتەش كێشەی زۆری خوڵقاندووە بۆ ئەو ئافرەتانەی كەم دەرامەتن و ناتوانن بە پێی مۆدێلی سەردەم بڕۆن و چاو لە هاوڕێكانیان بكەن، زۆر جاریش دەبێتە هۆی لادانی ڕەوشتی و هەوڵ دان بۆ بەدەست هێنانی پارە بەهەر ڕێگایەك بێت، یاخود دروست بوونی ئاژاوە و گرژی و ئاڵۆزی لە نێو خێزانەكاندا چونكە پیاوێك داهاتی كەم بێت ناتوانێت لە ئاست داواكاریەكانی هاوسەری بێت.
هەموومان ئەم نمونانەمان بینیوە لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا ئافرەتێك وەك شاجوان دەردەكەوێت بەڵام لە پرسەدا نایناسیتەوە چونكە زۆر جیاواز لەوەیە كە بینیومانە.
ئەگەرچی من ئەو جۆرە لە ئارایشت بەتاوان دەزانم دەرهەق بە پیاوێك كە كچێكی ناسیوە و خواستویەتی بەڵام بەبێ ئارایشت نەیبینیوە، ئاخۆ هەستی چۆنە دوای ئەوەی لەگەڵیا هاوسەرگیری دەكات و لە ماڵی هاوسەریدا بە سروشتی خۆی دەیبینێت؟
 
لە كۆتایشدا دەڵێم بۆچی دەبێت ئافرەت پیاوی قبوڵ بێت بە سروشتی خۆی بەڵام خۆی بكاتە بوكەڵەیەكی ڕەنگاوڕەنگ تا پیاو ڕازی بكات؟
ئایا بەها و شكۆ و نرخی ئافرەت هەر ئەوەندەیە كە ڕوخسار و جەستەی دەبێت جوان دەركەوێت، ئەی چ بەهایەك دەمێنێتەوە بۆ ڕەوشت و توانا و لێهاتوییەكانی و سەربەرزیەكانی لە ژیانی تایبەتی و خێزانی و لە ناو كۆمەڵگەدا وەك كچێك یان هاوسەرێك یان دایكێك یاخود خاوەن پیشەیەك...گتد.
دەمێنێتەوە بڵێین خوای گەورە (.لقد خلقنا الانسان فی احسن تقویم)..
لە جوانترین و باشترین شێوەدا ئێوەی مرۆڤمان دروست كردوە بە هەردوو ڕەگەزەوە.

دەمێنێتەوە بڵێین خوای گەورە (.لقد خلقنا الانسان فی احسن تقویم)..

لە جوانترین و باشترین شێوەدا ئێوەی مرۆڤمان دروست كردوە بە هەردوو ڕەگەزەوە.