سیمای ناشرینی شەڕ و دوای شەڕ

کەژاڵ ئەحمەد- نووسەر

لەکاتێکدا رۆژئاڤا لە سەروەختی تیمارکردنی برینەکانی شەڕدایە و ئاڵای کوردستان لە حەسەکەی قۆناغی ئاشتی دەشەکێتە و خەڵکەکە بەگشتی دڵخۆشن بەوەی پارێزگاری شارەکە کوردە. لەو دەمەیشدا کە هەزاران خۆپیشاندەری کورد کە پشتیوانی رۆژئاڤایان دەکرد و دەیکەن، گەڕاونەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان و شەقامەکانیان بەجێهێشتووە، هەمووشمان دڵئارامین کە یارمەتییەکان بەدەست ئاوارەکان و شارە کوردییەکان گەیشتوون و دەگەن، بەڵام هەواڵی جەرگبڕی دوای شەڕ هەر بەردەوامن بۆ وێرانکردنی دەروونمان. یەکێ لە سەدان چیرۆکی ناخهەژێن ئەوەیە، هاوڕێیەکی چالاک و باوەڕپێکراوم وتی: ٢٦ منداڵی بێ سەرپەرشت لە رۆژئاڤاوە هێنراون بۆ هەولێر و رێکخراوێک گرنگیی پێداون، بەڵام دەبێت هەموومان ئەوە بزانین کە منداڵە بەجێماوەکانی دوای شەڕ، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی زۆر گەورەن لەسەر شانمان، کە دەڵێین کوردین، سادەترین ئەرکی کوردبوون بایەخدانە بە ژیانی منداڵی کورد کە ئێستا و ئایندەی کوردستانیشە، هەر بۆیە داوادەکەم حکومەت ئاوڕێکی جددی لە پێداویستی و پاراستن و خزمەتکردنی ئەو منداڵانە و سەرجەم منداڵانی قوربانیی شەڕەکانی کوردبوون بداتەوە. ئەوە راستە کە دەوترێت شەڕ سیمایەکی ناشیرینی هەیە، وەلێ وەک دەبینن راوەستاندنی شەڕ واتا دەورانی ئاشتیش بە بێ پەڵەی ناشیرینیی و نەنگی نییە، بەڵێ وەستاندنی شەڕ دەتوانێت وا بکات منداڵی زیاتر ئاوارە و بێ سەرپەرشت و بێ ئایندە نەبن، بەڵام ناتوانێت برینە قووڵ و هەندێکجار بێ چارەسەرەکانیان بۆ چارەسەر بکات.

 

راوەستانی شەڕ ناتوانێت دایک و باوک بۆ باوان کوژراوەکان زیندوو بکاتەوە، ماڵەکەی جارانیان بداتەوە کە بۆردومان تەختی زەویی کردووە، ناشتوانێت دیمەنی فڕێدانە خوارەوەی کچە شەڕڤانەکە لەو بەرزاییەوە و بڕینی کەزی کچە شەڕڤان و ئازاردانی منداڵی کورد و لێدان و خنکاندنیان لە یادەوەریی گشتییدا بسڕێتەوە. تائێستاش زیندانەکان دیلی شەڕەکانیان رۆژئاڤایان بۆ تەعدا هێشتۆتەوە کە لەوانەیە لە کاتی تردا ئازاد بکرێن. دانیشتووانی زۆربەی شار و گوندەکانی کورد ئاوارەی قامیشلۆ و دوورتریش بوون، هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ هەواری خاڵی و ماڵە دزراوەکانیـــان لـــەلایەن هــێزی راووڕووت "ئاڕ ئاڕ"ەوە. رۆژگاری تیمارکاریی برینەکان دوورودرێژ دەبێت و پێویستیشی بە دەستی هاوکاریی و ئامێزی دۆستانە و راستگۆیانە هەیە. تا دەتوانن مەهێڵن ئەو شەڕە بەزۆر سەپێنراوانە بەسەر کورد دا هەلی بردنی کچان و منداڵانی کورد بۆ دوورگەکانی شەیتان وەک مۆڵگەکانی داعش لە رابردوودا و دوورگەکەی ئیبستین لەم سەردەمەدا، بڕەخسێنێت.

 

لە هیچ سەردەمێکدا مەهێڵن پلانی جینۆسایدکردنی نەتەوەکەمان بووژێنەرەوەی بازاڕی منداڵباز و لاقەکارەکانی دنیای بێ ویژدانی سەرمایەداران و دیکتاتۆرەکان بێت. پەردە هەڵماڵین لەسەر رووی نەگریسی هەندێ رووداوی شاراوە لە جیهاندا، رۆژەکانی مرۆڤایەتییان پڕ کردووە لە بێ متمانەیی گومان لەو هێز و دەسەڵاتانەی دنیا کە باسی رەوشت و مافی مرۆڤ دەکەن، کەچی نوقمبوون لە قەیرانی بێ رەوشتیدا.