سیاسەتی جەستەی مێینە

سیاسەتی جەستەی مێینە

شیرین تاهیر – نووسەر

 

سیاسەتی جەستە یەکێکە لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە ڕەنگدانەوەی لەسەر چینەکانی کۆمەڵ و ئاستی کاریگەری ئایدۆلۆژی و دینی و هوشیاریی هەیە، ئاشنا بوون بە جەستەی مێینە یان بیئاگایی لێی ئەوە دەسەپێنێت لە بارەی بنیاتی ژنەوە کە سێکسواڵیتەی ئۆبیکتە یاخود تەنها بوونەوەریکە، نووسەرانی تێکۆشەری ژن لە رۆمانە بەناوبانگەکانیاندا دژ بە فیتیشیزم وسیستەمی باوکسالاری بوونەتەوە، بە پێی کارەکتەرەکانی ژن لە فیگەری ( کچ، هاوسەر، دایک، نەنک، یان خەسووەکانن) ناسینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بۆ مێینە بوون لەم کارانەدا ئەوەی لە پێگەی هاوسەرە ژنەکاندا دەرخستووە.

 

دایکانی کوڕ لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەرزتردان، تاکوو دایکانی کچ و بێوە ژنەکان، ئەم نووسەرانە فۆکەسی زیاتریان خستۆتە سەر نەریتە ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان، ئەو ڕاستیانەی جۆرێک لە هۆشیاری ساختە دروستدەکەن، جگە لە هۆشیاری ئایدۆلۆژیا کە تەحەکوم بە جەستەی ژنانەوە دەکات. بە نیسبەت ئۆبێکتی ژنانەوە ئەزموونی باڵادەستی کۆڵۆنیالیزم و سیاسەتەکەی، ڕەگەزێکی دیاریکراو و ڕیشە داکوتراوە لە چالاکی ڕەگەزی مێینەدا لە هەموو چواردەوری ژیانی ژندا.

 

سیستمی باوکایەتی هۆکارێکە بۆهەیمەنە و بەهێزکردنی دەسەڵاتی باڵا، هەروەها فۆرمەکانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وەک یەکەیەک سالاری هەیە بەسەر ژندا لە دوای خوێندنیش. ژنان بە ڕووخسارە پڕلە ژیان و هیواکەیان پاڵەپەستۆی زۆریان لەسەرە، لە گوند و شار و شارۆچکەکانیشدا، زۆربەی جار بزاڤەکانی ژنانیش فریایان ناکەن لەو فشارانە دەربازیان بکەن کە دەکەوێتە سەریان بەهۆی ئاستی ژیان و شێوازی گوزەرانیانەوە. جەستەی مێینە لە ناو نەریتەکانی جیهانی سیهەمدا بەدەرنییە لە بەرگریکردن و زیندووکردنەوەی چیرۆکاکان، هەروەها نامۆیی ڕۆشنبیری بە گوێرەی پێوەرە نەژادییەکان و چین و ڕەنگەکان تۆختردەبنەوە.

 

بۆیە دایکایەتی لە کۆمەڵگە نەریتیەکاندا جۆرێکە لە دەرکەوتنە نادیارییەکان، لە زمانی بەرگرییدا لەسەر تێکەڵاوییەک بینا کراوە کە بە ناو زمان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکاندا گوزەر دەکات.