سۆشیال میدیا و جەنەڕاڵەکان

بڵێسە جەبار فەرمان – پەرلەمانتاری پێشووی عێراق

 

ساڵانێکە سۆشیال میدیا بووە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان، سۆشیال میدیا بۆتە بەشێکی گرنگ لە گواستنەوەی ھەواڵ و ھەروەھا بۆ خەڵکانێکی زۆر بۆتە سەرچاوەی داھات و بەبازاڕ کردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

 

فەیسبوک کە زۆر جار بە شۆرشی فەیسبوک و یاخود بە عەھدی فەیسبوک ناودەبرێت بووەتە ھۆی گۆڕینی تەواوی جیھان.

من نامەوێ باسی باشی و خراپی و چۆنێتی گۆڕینی جیھان بکەم لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە بەڵام دەمەوێ ئاماژە بە ھەندێک بابەت بدەم.

 

بەشێویەکی گشتی ئەم بەرنامانەی سۆشیال میدیا لەلایەن بەشێکی ھاوڵاتیانەوە بە شێوەیەکی نادروست بەکار دەھێنرێن بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و تێڕمانینە ئەوەیە کە لە لایەن کەسانی سیاسی و سەربازییەوە بە ھەڵە بەکار بھێنرێن، پلان و بەرنامەی ناو ھەموو کۆبونەوەکان ڕاستەوخۆ لە سوشیال میدیاوە ئاشکەرا دەکرێت بۆ دۆست و دوژمن، پلان و بەرنامەی بەرگری و ھێرشی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە، نەخشەی سەر مێزی جەنەراڵەکان بە ئاشکەرایی نمایش دەکرێت.

 

ڤیدیوی ترس و تۆقاندنی داعش نیشانی گەورە و بچوکی ئەم کۆمەڵگایە دەدرێت بێ ڕەچاوکردنی باری دەرونی، تەواوی کەم و کوریەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سەنگەری بەرگری لە لایەن خودی وەزیر و جەنەراڵەکانەوە بە ئاشکەرا و بێ سانسۆر باس دەکرێت، لەوانەیە ھەندێک ئەم لێدوان و نمایشکردنی پلان و بەرنامانە بە ھەواڵ بزانن یاخود بە جۆرێک لە شەفافیەتی دابنێن، بەڵام بە بۆچوونی من بێجگە لە بێسەروبەری و نەزانی و کارەسات ھیچی تر نیە.

 

ئەوەی کە دەبێت شەفاف بێت و ھەموو تاکێک زانیاری لەسەر ھەبێت بە تاریکی دەھێڵدرێتەوە و ئەوەی دەبێت لە تاریکی بمێنێتەوە دەیھێنینە ناو سۆشیال میدیاوە.