سەردەشت هەموو ڕۆژێك لە دایك دەبێتەوە

نیاز عەبدوڵا – نووسەرو ڕۆژنامەنووس

ئەفسانەی دەسەڵات، لە ڕێگای تاوان و هەڵەكانی خودی دەسەڵاتەوە تێكدەشكێت، ئەو هێزانەی پایەكانی دەسەڵاتیان لە ڕێگای بەكارهێنانی ترساندن و درۆوە ڕاگرتووە، لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا؛ لە هەركاتێكی ڕابردوو زیاتر تێكشكاو و بەزیون لە ئاست داخوازییەكانی ئازادیی و دادپەروەریدا.

 

١٤ ساڵ بەسەر تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان تێدەپەڕێت، هەمان دەسەڵاتی بكوژی سەردەشت، بەردەوامە لە زیندانی كردن و كۆت و بەندكردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی وەك سەردەشت قەڵەمیان بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان و نووسینەوەی نادادپەروەری بەكارهێناوە، بۆیە سلێمان ئەحمەد ماوەی ٦ مانگە لەلایەن ئاسایشی پارتی بێسەروشوێن كراوە و، شێروان شێروانی گەڕی دووەمی سزادان و قارەمان شوكری سزای ٧ ساڵەكەی لە زیندان تەواو دەكات.

 

١٤ ساڵ لەمەوبەر كاتێك مەسرور بارزانی و دەزگا ئەمنییەكەی، سەردەشت عوسمانیان لە بەردەم كۆلیژەكەی لە هەولێر بۆ موسڵ ڕفاند و دوای ئەشكەنجەدان و شەهیدكردنی تەرمەكەیان بە قۆڵبەستكراوی فڕێدا، پێیان وابوو چیدیكە، گەنجێكی كوردستان ناوێرێت خەونەكانی لەناو هیچ دێڕێكدا بە ئاشكرا بنووسێت و كەس ناتوانێت چەتەیی و ستەمكاری بنەماڵەی بارزانی لەسەر رووپەڕی رۆژنامەكاندا باس بكات، بەڵام لەماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا، "ئازادی" و سەردەشت بوون بە یەك مانای قوڵی تەواوكراوی یەكتری و پەیامی دادپه‌روه‌رخوازییەكەی هەموو ڕۆژێك لەناو نەوەی ئێستا و داهاتووی كوردستان لەدایك دەبێتەوە، ئەو به‌ په‌یامی نووسینه‌كانی ڕۆشنایی خستۆته‌ بیری هه‌زاران كه‌س.